“پێویستە کوردەکانی سووریاش وەکوو گەلانی دیکە وەک پێکهاتەیەکی خاوەن مافی یەکسان ڕابگەیەندرێن”.
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تورکیا دەڵێت، ئەگەر بڕیار لەسەر سیستەمێکی فیدراتیڤ بۆ سووریا بدرێت، دەبێ تورکیا نەترسێت و وەکوو هەڕەشەیەک بۆ سەر خۆی سەیری نەکات.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەولەتی تورکیا و سەرۆکی پارتی ئایندە، ڕۆژی هەینی 20ی دیسەمبەر، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تورکیا سەبارەت بە دۆخی سوریا ڕایگەیاند، “ئەگەر نوێنەرایەتی هەمووان مسۆگەر بکرێت، دەوڵەتێکی یەکگرتوو دادەمەرزێت”.
داودئۆغڵو سەبارەت بە رەوشی ڕۆژئاڤای کوردستان گوتی: “پێویستە سوریاییەکان بڕیار بدەن کە ئایا فیدرالیزمیان دەوێت یان نا. دوای داگیرکرانی عێراق، دامەزراندنی فیدرالیزم ئیجباری بوو. لە سەردەمی مەلا مستەفا بارزانییەوە شەڕ هەبوو و کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە ڕوویدابوو. لە تورکیا شەڕ لە نێوان کورد و تورکدا نەبوو. بۆچی ئێستا؟ ئەگەر خەڵکی سوریا بڕیاری دامەزراندنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆم بدەن، نابێت تورکیا لێی بترسێت. زلهێزەکان نابێ بترسن. پێویستە کوردیش بەشێک بێت لە سیستەمەکە”.
داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەشکرد کە، “تێڕوانینێک هەیە کە هەموو کورد یەپەگەن. پێویستە کوردەکانی سووریاش وەکوو گەلانی دیکە وەک پێکهاتەیەکی خاوەن مافی یەکسان ڕابگەیەندرێن. پێویستە تورکیا ڕایبگەیەنێت کە دژی هەموو زوڵم و ستەمێکی سەر کوردەکانی سوریایە”.
داودئۆغڵو هەروەها ڕاشیگەیاند، “هەندێ لایەن لە تورکیا هەن کە کورد بە هەڕەشەیەکی گەورە دەبینن” و گوتی: “پێویستە ئەم تێڕوانینە هەڵبوەشێنرێتەوە. من بۆچی دەبێ هەولێر بە هەڕەشە بۆ سەر خۆم بزانم؟ کاتێک ئێوە هەموو لایەک بە دوژمن بزانن، قەد گەشە ناکەن و گەورە نابن. دەبێ تورکیا بەر لە ئەمریکا خاوەندارێتی لە مافەکانی کورد بکات”.
سەرۆکی پارتی “ئیندە”ی تورکیا گوتیشی: “دەبێت درووزیەکانیش لە ناو سیستەمەکەدا جێگا بگرن. دەبێت ڕێگری لە ئیستغلالکردنی دروورزیەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە بکرێت. تورکیا هەرگیز نابێت ڕێگە بە جیاکاری نێوان عەلەوی ـ سوننە بدات”.