سەرۆکی جەهەپە بۆ سەردانی دەمیرتاش، ڕۆیشتە زیندان

شاندی جەهەپە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، سەردانی 7 پاریزگای باکووری کوردستان دەکات.

ئەمڕۆ سەرۆکی گشتیی جەهەپە سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش دەکات. دوای کۆبوونەوەکەی نیوانیان، پەیامی دەمیرتاش بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەندرێت.

ئەمڕۆ ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتی جەهەپە چووەتە زیندانی ئەدیرنە و لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و سەلچوک میزراکلی سەرۆکی پێشووی شارەوانی ئامەد کۆدەبێتەوە.

ئۆزگور ئۆزەل پێشتر داوای لە وەزارەتی “داد”ی دەولەتی تورک کردبوو کە ڕێگەی پێبدات سەردانی دەمیرتاش بکات. وەزارەت وەڵامی ئەرێنیی بە داواکاریەکەی ئۆزەل دایەوە.

بەپێی زانیارییەکان، پارێزەرانی دەمیرتاش پێش سەردانەکە ئەو پرسانەی دەمیرتاش ئامادەی کردوون، ڕادەستی ئۆزگور ئۆزەل دەکەن و دواتر بۆ ڕای گشتیی بڵاو دەکەنەوە.

ئۆزگور ئۆزەل سەرۆکی گشتیی جەهەپە دوای کۆبوونەوە لەگەڵ شاندێکی پلە باڵا سەردانی ئامەد دەکات. هەروەها شاندی جەهەپە لە چوارچێوەی چارەسەرکردنی پرسی کورددا، سەردانی 7 پاریزگای باکووری کوردستان دەکات.

بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا، هەنگاو بۆ دیالۆگ نرا و ئەمەش بە سەرەتای پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری پرسی کورد وەسف کراوە.

پوستێن ھەمان بەش