لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا؟

لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا کێ سەرکەوت و کێ دۆڕا؟

گەلی باشووری کوردستان پەدەکە بە خوڵقێنەری هەموو دەستکەوتە نەتەوەییەکانیان دەزانن و دیسان کردیان بە پارتی یەکەم.

هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات و ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردن ڕاگەیەندرا. کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی ڕاگەیاند. ئەنجامەکان تابلۆکەیان نەگۆڕی و دیسان دەرکەوت کە پارتی زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و براوەی ئاشکرای هەڵبژاردنەکانە.

جیاوازییەکی هێندە گەورە هەیە کە لە زۆر جێگادا هەموو حیزبەکان نەیانتوانی هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) دەنگ بەدەست بهێنن. لە دهۆک، ئاکرێ، سۆران، زاخۆ و زۆرێک لە قەزاکانی هەولێر پارتی هێندەی هەموو لایەنەکانی تر دەنگی بەدەستهێنا. هەروەها دەنگەکانی بەراورد بە هەڵبژاردنی پێشوو، نزیکەی لەسەدا 5 زیادی کردووە. بێگومان چاوەڕێی ئەنجامە فەرمییەکان دەکەین و دواتر باس لە پرۆسەی دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەکتەرەکانی دەکەین. هێشتا زووە بۆ ئەمە، بەڵام بە پێویستمان زانی کە لە چەند سەردێڕێکی سەرەکیدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکە بکەین.

لە هەڵبژاردنەکەدا پەدەکە کێبڕکێی لەگەڵ پارتەکان نەکرد، بەڵکو لەگەڵ لۆبییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان کێبڕکێی کرد…

پەدەکە لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا ڕکابەریی لایەنەکانی نەکرد، لە ڕاستیدا ڕکابەریی لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی ناوچەکە بەتایبەت ئێران و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی شیعە و دەوڵەتی عێراقدا کرد. پیلانی شکستهێنان بە پەدەکە، تەنیا پیلانی یەنەکە نەبوو، بەڵکوو پیلانێکی ئیقلیمی بوو. لە دوو ساڵی ڕابردوودا پیلانێک هەیە کە لە زۆر بواردا جێبەجێ کراوە، لە پیلانەکەدا ئەجێندایەک هەبوو کە بە تایبەتی ئامانجی لاوازکردنی بنەماڵەی بارزانی بوو. ئامانجیان ئەوە بوو کە پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێتە لایەنی سێهەم. لە لایەک هێرشەکانی لۆبییەک لە ئەمریکا و لە لایەکی تریشەوە هێرشەکانی میحوەری ئێران ـ شیعی بە تەواوی لە دژی ڕێبازی سیاسیی بارزانی بوو. هەولێر مووشەکباران کرا، میلیشیاکانی حەشد، کێڵگەی غازی “کۆر مۆر” و هەولێریان کردە ئامانج، ئێران بۆ ئەوەی سەرۆک بارزانی وەکوو کەسێکی لاواز پیشان بدات، فیلمی دروستکرد، بە کەسانی وەک شەرمین ناروانی، بابەتیان لە دژی بارزانی نووسی. عێراق بە نەناردنی مووچە، هەوڵیدا کابینەکەی حکوومەتی مەسرور بارزانی تێکبدات، لە کەرکووک پارێزگاریان لە سیستەمی هەڵبژاردن وەدەرخست و بودجەی کوردستانیان کەمکردەوە. تەنانەت یاسای هەڵبژاردنی کوردستانیشیان گۆڕی و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی کوردستانیان بێ ئیعتیبار کرد و پەراوێزیان خست. کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان هێنا بۆ ئەوەی بتوانن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بکەنە لایەنی سێیەم.

لە ناوەندی وڵاتانی ڕۆژاڤا و ئەمریکادا هەوڵێکی چڕی لۆبیگەری ئەنجامدرا. ئەوان دەیانویست گروپێکی ئۆپۆزسیۆنی کوردی بە پارە دروست بکەن، کەسانی وەک شنیار ئەنوەر بۆ پارە بەرنامەی تەلەفزیۆنییان دروست کرد، بە دەستی کەسانی وەک مەکی ئامێدی، سکاڵایان دژی حکومەتی کوردستان تۆمار کرد و لە بەرامبەر هێرشەکانی عێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان بێدەنگ بوون.

واتە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانەوە شەڕێکی سەربازی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری، یاسایی و دەروونی دژی بارزانییەکان دەستیپێکردووە. ئێمە ئەگەر ئەو ڕاستیانە لە دژی پارتی نەبینین، تەنها وەکوو هەڵبژاردنێکی ئاسایی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین. سەرەڕای هەموو هێزە هێرشبەرەکان، گەلی کوردستان نیشانیان دا کە پشتیوانی لە پەدەکە دەکەن. بەم شێوەیە خەڵکی کوردستان هەم جاریکی دیکە پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دووپات کردەوە و بە هەمیش بە دەنگێکی بەرز لە دەوری بزووتنەوەی مێژوویی بارزانی کۆبوونەوە.

لە هەڵبژاردنەکەدا کێ دۆڕا؟

دوای ئەوەی بە قووڵی و بە ڕوونی بینیمان کە پەدەکە کێبڕکێی لەگەڵ کێ دەکرد، دەتوانین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە “کێ دۆڕاوی هەڵبژاردنەکە بووە؟” لە هەڵبژاردنەکەدا هەموو ئەوانەی دەیانویست هەرێمی کوردستان بکەنە مەیدانێک بۆ بەرەی شیعە شکستیان هێنا. بۆ نمونە ئەو بڕیارانەی کە لەم دواییانەدا دادگای فیدراڵی عێراقی لەسەر هەڵبژاردن تێکشکان کە بۆ مسۆگەر کردنی سەرکەوتنی یەنەکە دەریکردبوون. سیاسەتی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە دەیانویست هەولێر بکەنە ناوەندی بەرژەوەندییەکانیان، شکستی هێنا. بافڵ تاڵەبانی کە ناوەندی شیعی ئەویان وەکوو کەرێک بەردایە ناو مەیدانی مین، دۆڕا و شکستی هێنا. لە ڕاستیدا بافڵ تاڵەبانی ڕۆڵی کەرێکی گێڕا کە بەردرابێتە ناو کێڵگەیەکی مین، هەمووان چاوەڕێی ئەوە بوون کە پێی لەسەر مینێک دابنێت و ئەویش لەبەر ئەوەی کە هاوسەنگی مێژوویی و ئۆنتۆلۆژیک “بوونگەرایی ـ الوجودیە”ی لە کوردستاندا نەدەبینی، بەڕاستی پێی لەسەر مینێک دانا. چونکە وەک مەلە بەختیار مانگێک پێش هەڵبژاردن گوتبووی، “ئەو هیچ لە مێژوو نازانێت، مێژووی یەنەکە و ئەو قۆناخانەی کە پێیدا تێپەڕیوە نازانێت، پەیوەندیی نێوان یەنەکە و پەدەکە نازانێت. ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، پارتی یەکەم پارتی دەبێت لە کوردستاندا”. بافڵ تاڵەبانی لەوە تێنەگەیشت کە هەوڵی شکستپێهێنانی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەبێتە هۆی شکستی خۆی، نەیبینی کە کاتێک پەدەکە و یەنەکە هاوپەیمان بوون، هەردوولا لە دۆخێکی “بردنەوە ـ بردنەوە”دا بوون. بافڵ ئەوەی نەیبینی کە یەنەکە بەشێکە لە پەدەکە و بەبێ پارتی هیچ شتێک ڕوونادات. بافڵ سنووری خۆی تێپەڕاند و هەر لە دەستپێکدا هێرشی کردە سەر سەرۆک بارزانی و هەموو هێڵە سوورەکانی بەزاند. هێندە فریو درابوو، کە پێی وابوو لە هەڵبژاردندا دەبێتە حیزبی یەکەم. بە تایبەتی ئەو تەوەهومەی لا دروست ببوو کە لە هەولێر بە جیاوازییەکی زۆر سەردەکەوێ. بەڵام هیچ کام لەم خەونانەی نەهاتنە دی.

بەڵام هێشتا هەندێک کەس هەن کە دەیانەوێت بافڵ تاڵەبانی بەکاربهێنن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوانەی بەر لە هەڵبژاردن بەریاندایە ناو گۆڕەپانەکە، جاریکی دیکە لە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتدا، بیکەن بە پێشەنگی ئاڵۆزی و ئاژاوەگیڕی، واتە لە ڕاستیدا هێشتا ڕۆڵی بافڵ تاڵەبانی کۆتایی نەهاتووە.

پیلانەکانی پەکەکە بوون بە زبڵ و خاشاک

کاتێک لەسەر دۆڕاوەکانی هەڵبژاردن دەنووسین، پێویستە لاپەڕەیەکی جیا بۆ پەکەکە تەرخان بکەین، چونکە پیلانی پەکەکە لە خواستنی سەرکەوتنی ئەو حزبەی کە لێی نزیکە، زۆر زیاتر بوو. پەکەکە بە گوێرەی خۆی یاری شەترەنجی دروست کردبوو. پەکەکە دەیزانی دژایەتی و دوژمنایەتی بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا، لە ڕاستیدا کۆتایی بە یەنەکە دەهێنێت. پەکەکە گەمەی خۆی لەسەر ئەمە بنیات نابوو. پەکەکە هەموو هەوڵێکی دا بۆ ئەوەی پاڵ بە بافڵ تاڵەبانیەوە بنێت و بیخاتە ناو مەیدانە مینڕێژکراوکەوە. پەکەکە ھەموو دامەزراوەکانی خۆی، سەرجەم لقوپۆپەکانی و میدیاکەی و ھتد…ی خۆی لە خزمەت پڕوپاگەندەکردن بۆ بافڵ تاڵەبانی تەرخان کرد. تەنانەت کاریزمای “مەزڵووم عەبدی”یشی خستە خزمەت بانگەسەکردن بۆ بافڵ تاڵەبانی. پەکەکە دەیزانی ئەگەر یەنەکە دوژمنایەتی پەدەکە بکات، کۆتایی دێت. بەم شێوەیە پەکەکە ویستی هەم لە پەدەکە و هەمیش لە یەنەکە خۆی ڕزگار بکات. بەڵام هیچ کام لەمانە ڕووی نەدا، چونکە خەڵکی باشووری کوردستان نە بافڵیان کردە سەرۆک و نە “پەدەکە”شیان سزا دا. ئەو کوردانەی باکوور کە باشووری کوردستان ناناسن و مێژوو نازانن دەڵێن پەدەکە خائینە، بەڵام گەلی باشووری کوردستان پەدەکە بە خوڵقێنەری هەموو دەستکەوتەکانیان دەزانن و دەیکەن بە حیزبی یەکەم. لەوەش زیاتر، لە هێڵی مەتینا، ئامێدی، شیلادزێ کە داگیرکەری تورکی لێیە، پەدەکە بە جیاوازییەکی زۆر بەرز بوو بە پارتی یەکەم. ئەگەر پەدەکە لەو ناوچانە لەگەڵ چەکدارانی تورکدا هاوکاریی بوایە، ئایا خەڵکی بەرواری، نێروەیی، دۆسکی و نهێلی دەنگیان بە پەدەکە دەدا؟ بە دڵنیاییەوە نا. خەڵک دەزانێت کە ئەو ئیدیعایانەی پەکەک کە دەڵێ “پەدەکە = تورکیا” فڕیان بە ئڕاستیەوە نیە. خەڵکی ئەو ناوچانەی کە شەڕیان تێدایە، باش دەزانن کە هۆکاری داگیرکارییەکە خودی پەکەکەیە، هەر بۆیە دەنگیان بە لایەنگرانی پەکەکە نەداوە. چیرۆکەکە ئەوەندە ڕوون و ئاسانە. پەکەکە بە درۆ و چەواشەکاریەکانی نە توانی بافڵ بکات بە سرۆک و نە توانیشی پەدەکە بکات بە خائین. ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە بە باشی دەرکەوت. بەڵێ، پەکەکش بوو بە ئەندامێکی هەمیشەیی لە گرووپی دۆڕاوەکان. لە داهاتوودا بابەتی زیاتر لەسەر هەڵبژاردن دەنووسین، بۆ سەرەتا ئەم چەند دێڕە بەسە.

پوستێن ھەمان بەش