عومەر ئۆجەلان برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەڵێ: “ئۆجەلان تەندروستیی باشبوو و سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان هەبوو”.
عەبدوڵلا ئۆجەلان دووپاتی دەکاتەوە “دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی”.
دیداری عومەر ئۆجەلان و عەبدوڵلا ئۆجەلان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 24-10-2024، عومەر ئۆجەلان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و برازای عەبدوڵلا ئۆجەلان، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو؛ دوێنێ چوارشەممە، 23-10-2024، “وەکوو بنەماڵە” چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان کەوتووە.
لە دیدارەکەی نێوانیاندا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ڕێگەی عومەر ئۆجەلانی برازاکەییەوە، پەیامێکی لەبارەی ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی لە باکووری کوردستان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا هاتووە: “ئەگەر هەلومەرجەکان لەباربن، من دەسەڵاتی تیۆری و پراکتیکیم هەیە کە ئەم پرۆسەیە لە زەمینەی ململانێ و توندوتیژیەوە بگوازمەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی”.
لەبارەی بارودۆخی تەندروستیی عەبدوڵلا ئۆجەلانیش، برازاکەی ئەوەی خستووەتە ڕوو “تەندروستیی باشبوو و سڵاوی گەرمی بۆ هەمووان هەبوو”.
ڕۆژی 23-10-2023، عەبدوڵلا ئۆجەلان و بنەماڵەکەی یەکتریان بینی بوو، واتا زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لەمەوبەر. ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی داوا دەکات “سەردانی خێزانی کە مافێکی یاساییە، بەبێ گوێدانە بارودۆخەکە” بۆ لای عەبدوڵلا ئۆجەلان بەردەوام بن.
ئەم دیدارە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، دوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) ڕایگەیاند پێویستە “عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە بێت و پەیامی چەکدانان ڕابگەیەنێت”.