پرۆسەی چارەسەری، ڕێکەوتنی خەڵات، موخاتەب بوونی ئۆجەلان و بیرهێنانەوەیەک

پرۆسەی چارەسەری، ڕێکەوتنی خەڵات، موخاتەب بوونی ئۆجەلان و بیرهێنانەوەیەک

ئەرکی ئۆجەلان و پەکەکە و دەوڵەتی تورک ڕوونە، بەم ئەرکانەوە ناکرێ چارەسەرێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا پێکبێت.

دوای تەوقەکردنی باخچەلی لەگەڵ ئەندامانی پارتی دەم و لێدوانەکەی “با ئۆجەلان بێت و لە پەرلەمان قسە بکات”، باس لە “پرۆسەی چارەسەر” بە خێرایی پەرە دەستینێ. ئەم قۆناخە نوێیەی چارەسەری کە ئێمە ناوی دەنێین “ڕێکەوتنی خەڵات”، زیاتر نیقاشی لەسەر دەکرێت. ئەمە بۆ کورد نییە، بەڵکو هەنگاوێکە کە دەوڵەتی تورکیا بۆ داهاتووی خۆی دەینێت.

یادی 935 ساڵەی شکستی کوردستان لە “ڕێکەوتنی خەڵات” و ئەندامەتی برجس و مشتومڕی پڕۆسەی چارەسەری

ڕێککەوتنی ئەو پرۆسەیەی کە باخچەلی لە یەکەمی ئۆکتۆبەردا دەستی پێکرد، لە 25ی ئابدا لە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت لە خەڵات ئەنجامدرا. ئەگەر بیری لێبکەینەوە، لە یادی 953 ساڵەی هاتنی تورکەکان بۆ ئەنادۆڵ، یان دروستتر بڵێین بۆ کوردستان، کابینەی دەوڵەتی تورکیا دوای 21 ساڵ لە دەرەوەی ئەنقەرە کۆبوونەوەی کابینەی حکومەتی ئەنجامدا. ڕێک لەو ڕۆژەدا ئەردۆغان و باخچەلی پێکەوە کۆ بوونەوە و بڕیاریان لەسەر پرسە ستراتیژییەکان دا. هەروەها هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کە پێشتر بەرپرسی دەزگای هەوالگریی توریا(میت) بووە، لە دوو کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئەمەریکا و دیداری لەگەڵ ئانتۆنی بڵینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیاند.

لەم دیدارەدا دەوڵەتی تورک لەسەر سێ خاڵ ڕێککەوتووە: پرۆسەیەکی نوێی شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێدەکات، ڕەنگە دەستوەردان لە ئێران و سوریادا بکرێت. تورکیا بەتەنها بە ئەندامەتی لە ناتۆدا ناتوانێت یەکپارچەیی خۆی و سنوورەکانی بپارێزێت. بۆ توانینی ئەنجامدانی جووڵەی فراوانتر، ئەندامێتی لە بریکس (BRICS)دا پێویستە. بۆ ئەوەی کورد سوود لە ململانێکانی ئەم قۆناخە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبینێت، دەبێت لە لەگەڵ دەوڵەتی تورکدا، لە پرۆسەیەکی نوێ جێبگرێت.

بریکس، کە بە واتای پلاتفۆرمی “بەرازیل و ڕووسیا و هیندستان و چین”، دێت لە ساڵی 2009 لەلایەن ڕووسیاوە وەک بەرەیەکی نافەرمی دامەزرا بۆ ئەوەی بتوانرێت دژایەتی ئەو سیستەمە جیهانییە بکات کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی زاڵن بەسەریدا. بریکس وەکوو ئاڵترناتیڤێک لە هەمبەر جیهانێکدا پێشکەش کرا کە ناتۆ و وڵاتانی ڕۆژئاوایی سەرۆکایەتیی دەکەن. ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک لە لایەن ئەمریکاوە وەکوو گەمەیەکی جووتسەر هەژمار دەکرێت.

بەکورتی ئەوەی پێی دەگوترێت پرۆسەی چارەسەری، پرۆسەی ڕێزلێنان لە کورد و ئاشتی لەگەڵ کورد نییە، بەڵکوو بەپێچەوانەی پڕۆسەی پاسیڤکردن و سەرکوتکردنی کوردە لە دۆخی پێکدادانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. لە ڕاستیدا ئەمە پرۆسەیە ڕێگریکردنە لە ئەگەری بەدەوڵەتبوونی کورد لە سەردەمێکدا کە گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پلانی بۆ دادەنرێت.

هۆکاری دەستپێشخەری بەپەلەی دەوڵەتی تورک، ئەو بزووتنەوە نوێیەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئیسرائیل و جیهانی ڕۆژئاوا دەستیان پێکردووە. بەڵام ئەوەی کە کورد نابێت لەم قۆناخەدا لەبیری بکات ئەوەیە کە پرۆسەیەک هەیە کە لە ساڵی 1999ـەوە بەردەوامە. با بە چەند ناونیشانێکی سەرەکی ئاوڕێک لەم پرۆسەیە بدەینەوە.

ئۆجەلان هەرگیز لە گۆشەگیری (تەجرید)دا نەبووە، ئۆجەلان ڕاوێژکاری دەوڵەتی تورکە

ئەو قسەیە کە دەگوترێ ئۆجەلان لە گۆشەگیریدایە تەنها قسەیەکە کەوا بۆ جەماوەر دەکرێ، دەنا لە ڕاستیدا ئۆجەلان هەرگیز لەژێر تەجرید و گۆشەگیریدا نەبووە. ناتوانین پەیوەندی نێوان ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک وەک دیداریش ناوببەین. ئۆجەلان لە ساڵی 1999ـەوە ڕاوێژکاری بۆ دەوڵەتی تورک دەکات. لە هەموو ئەو دیدارە نووسراوانەی ئۆجەلان و ئەوانەی لە ساڵی 1999ـەوە دەتوانین دەستمان پێیان ڕابگات، ئۆجەلان باس لە سەر زۆر بابەتی وەک “دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا دەیانەوێت دەوڵەتێکی کوردی دابمەرزینن کە ناوەندەکەی هەولێر بێت، ئەوروپا دەیهەوێت کورد بەهێز بێت؛ ئێوە (تورک) کوردان بگرن و ببن بە حاکمی جیهان؛ ناسیۆنالیزمی کورد مەترسیدارە؛ دەیانهەوێت تورکیا بچووک بکەنەوە و سنوورەکان بگۆڕن، دەولەتی تورک من ئەرکدار بکات، ڕێگریان لێدەکەم”، دەولەتی تورکی لەبارەی ئەو پرسانەوە ئاگادار کردەوە کە مەترسییان هەیە بۆی. پرسی گۆشەگیریی ئۆجەلان تەنیا هەنگاوێکە بۆ شاردنەوەی ئەو ڕاوێژانەی کە ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکیان دەدات و هەرکات بە پێویستی بزانن وەکوو قوربانی و سەرۆکێکی سەربەرز پێشکەش بە گەلی کوردی دەکەن.

ئەوانەی پێیان وایە ئۆجەلان لە ژێر گۆشەگیریدایە، ناتوانن بە دروستی لە پرۆسەی چارەسەری تێبگەن.

ئەو هەڵوێست و دیمەنانەی ئۆجەلان کە دەیانهەوێت لەبیر بکرێن

هەموو لایەنەکان لەسەر دوایین لێدوانەکانی باخچەلی خەریکی نووسینی سیناریۆن و پێشبینی دەکەن و دەڵێن کە ئەوان وردترین و زانستیترین داتا پێشکەش دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا بەڵگە و بورهانێکی زۆر گرنگ هەیە کە هەمووان پشتگوێی دەخەن: قسەکانی ئۆجەلان “دەمهەوێت خزمەتی دەوڵەتەکەم بکەم” کاتێک لە کینیا سواری فڕۆکەکە بوو و دواتر دیمەنی دیدارەکانی کە لە ئیمرالی تۆمار کرابوون. لەم دیدارانەدا ئۆجەلان بە دەوڵەتی تورکی ڕاگەیاندووە، “چانسێکم بدەنێ، هەموو کوردەکان بە ئێوەوە گرێ دەدەم، پێشنیار دەکەم ئێوە هەولێر بگرن، ئێمە دەتوانین ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکەین”. ئێستا کاتیک کە باس لە ڕۆڵی ئۆجەلان دەکرێت، هەوڵ دەدرێت کە گەل ئەم قسە و بەڵێنانەی ئاپۆ نەبینێت کە بە دەوڵەتی تورکی داون. نە لایەنی کوردی و نە لایەنی تورکیش هیچکامیان نایانهەوێت ئێمە ئەم بەڵگە گەورەیە ببینین. بەڵام بەبێ بیرهێنانەوەی ئەم دوو بەڵگەیە و ئەو پێشنیارانەی کە ئۆجەلان بە تورکیای کردبوون، هیچ پرۆسەیەکی چارەسەری بەشێوەیەکی دروست هەڵسەنگاندنی بۆ ناکرێت.

پەیوەندییەکانی “ئۆجەلان ـ ئەنقەرە ـ قەندیل” بەبێ پچڕان بەردەوام بووە

پەیوەندیی قەندیل لەگەڵ ئۆجەلاندا هەرگیز نەپساوە. هەرکاتێک ئۆجەلان و دەوڵەت بە پێویستیان زانیبێت، پەیوەندی قەندیل ـ ئۆجەلان بەردەوام بووە. سەیرکە، لە پرۆسەی داگیرکردنی عەفریندا، لە 25ی ئازاری 2018، لەکاتێکدا کە دەگوترا ئۆجەلان لە گۆشەگیردایە، موراد قەرەیەڵان، فەرماندەی هەپەگە گوتی: “ڕووسەکان چوونە ئیمرالی، فشاریان خستە سەر سەرۆکی ئێمە بۆ ئەوەی لە عەفرین بکشێینەوە”. بە ڕاستی ئەگەر گۆشەگیری هەبوو، چۆن موراد قەرەیەڵان زانی کە ئۆجەلان لەگەڵ ڕووسەکان کۆبۆتەوە؟ هەڵبەت ئۆجەلان نامەیەکی بۆ نووسیون. بەهەمان شێوە موراد قەرەیەڵان لە 25/1/2021دا ڕایگەیاند: “ئەردۆغان پێی گوتین شەڕ لە باکوری کوردستان ڕابگرن، لە وڵاتانی دیکە چی دەکەن کارمان پێتان نابێ”. پەیوەندیی نێوان دەوڵەتی تورک هەم لەگەڵ بەڕیوەبەرایەتی پەکەکە لە تورکیا و هەمیش بەڕێوەبەرایەتی پەکەک لە ئەورووپا، هەمووکات بەشیوەی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بەردەوام بووە. تەنها و تەنها کاتێک کە بەرژەوەدییەکانی دەولەتی تورک پێویستی کردبێت، ئەو پەیوەندییە بۆ ڕای گشتی بڵاو کراوەتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی 2010دا کە گفتوگۆکانی ئۆسلۆ بەردەوام بوو، هەموو ڕۆژێک گەنجانی کورد لە بۆتان و دێرسیم دەکوژران. مەبەستم ئەوەیە تەنها بۆ ئەوە شەڕ دەکەن کە بە خەڵک بڵێن ئێمە دەجەنگین، بەڵام لە پشت پەردەوە شتی دیکە لە ئارادا بوون.

هەربۆیە ئەوانەی کە پێیانوایە هیچکات لەنیوان قەندیل و دوڵەتی تورکدا دیدار و گفتوگۆ رووینەداوە، ناتوانن هەڵسەنگاندنێکی دروست بۆ پرۆسەی چارەسەری بکەن.

ئەوەی کە پەکەکە تورکیای ناچار بە پرۆسەی چارەسەری کردبێت، فڕی بە ڕاستیەوە نیە

ئەو شرۆڤانەی کە هۆکارەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری لە 1ی ئۆکتۆبەردا، بۆ ئەوە دەگێڕنەوە کە  “دەوڵەتی تورک لەبەر ئەوەی نەیتوانی لە هەمبەر بەرخۆدانی پەکەکەدا خۆی ڕابگرێت، بۆیە ناچار بوو پرۆسەی چارەسەری دەستپیبکات”، گوزارشت لە ڕاستییەکان ناکات. لە ئیستادا هیچ چالاکیەکی پەکەکە نییە کە بتوانێت کێشە بۆ تورکیا دروست بکات و بیخاتە تەنگانەوە. پەکەکە و گەریلا لە باکووری کوردستان نەماون. لە باشووری کوردستان پەکەکە نەیتوانیوە شوینەکانی خۆی بپارێزێت کە 40 ساڵە لە کۆنترۆڵیدایە و لە ئەنجامدا لە هەندێک ناوچەی گارەد گیری خواردووە. پەکەکە توانای ئەوەی نەماوە کە لە ڕووی سەربازییەوە هیچ هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر دەوڵەتی تورک بخولقینێت. گەریلاکانی پەکەکە شکستیان هێناوە و ڕۆحیەیان وێران بووە.

هۆکاری سەرەکی بۆ ئەو مژارەی کە ئەمڕۆکە بەناوی پرۆسەی چارەسەریەوە خراوەتە ڕۆژەڤی کوردانەوە، بۆ مانەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی دەولەتی تورک دەگەڕیتەوە.

هەتا لە بڕیاری پەکەکە بۆ دەستپێکردنی شەڕ لە 1ی حوزەیرانی 2004 و ڕاستیی کۆتاییهاتنی پرۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2015دا تێنەگەین، ناتوانین لە نیقاشەکانی پرۆسەی چارەسەری ساڵی 2024 تێبگەین.

لە گفتوگۆکانی پرۆسەی “ئاشتی ـ ئاگربەست ـ چارەسەری”داکە لە ساڵی 19999ـەوە لە نێوان دەوڵەتی تورک و پەکەکەدا بەردەوامیی هەیە، کۆمەڵێک چرکەساتی یەکلاکەرەوە هەن. بەبێ زانینی ڕاستی ئەم پرۆسانە، ناتوانین لە پرۆسەی ئێستا تێبگەین.

لە 2ی تەباخی 1999دا، بەو ڕێنماییانەی کە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە ئۆجەلان دران، گەریلاکان لە باکووری کوردستانەوە ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد. بەهەمان شێوە پرۆسەی دەستپێکردنی شەڕی پەکەکە لە 1ی حوزەیرانی 2004یشدا بەو ڕێنماییەی کە دەوڵەتی تورک بە ئۆجەلانی دابوو، جێبەجێ کرا. لەبەرئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکوڵیا و لە باشووری کوردستان دەرفەتی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی هەبوو، دەوڵەتی تورک، پەکەکەی خستەگەڕ و ڕێگەی لەبەردەم جموجۆڵەکانی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خۆشکرد.

ئەمجارەیان بۆ ڕێگریکردن لە بەهاری عەرەبی کە لە ساڵی 2011دا دەستیپێکردبوو، پرۆسەیەک لە ساڵی 2012دا دەستی پێکرد، کە ناوی “پرۆسەی چارەسەری”ی لەسەر دانرا. پەکەکە بۆ ڕێگریکردن لە کاریگەرییەکانی بەهاری عەرەبی لەسەر بزووتنەوەی دەوڵەتخوازیی کورد، پرۆسەی چارەسەریی دەستپێکرد. لەم قۆناخەدا کە 3 ساڵی خایاند، دەوڵەتی تورک ڕێگری لە هاتنی زریانی بەهاری عەرەبیی بۆ ناو تورکیا کرد. هەروەها لە ساڵی 2015دا هەردوو لایەنی (پەکەکە ـ دەوڵەتی تورک) پێکەوە مێزی چارەسەرییان تێکدا. پەکەکە لە بەر چاوی دەوڵەتی تورکەوە دەستی بە هەڵکۆڵینی خەندەق کرد و گەریلاکانی بە ئۆتۆمبێلی دەوڵەتی تورک گواستنەوە و لە ناو شار و گەڕەکەکان جێگیری کردن. بەم شێوەیە تورکیا بەهاری عەرەبیی لە خاکی خۆی دوور خستەوە و لەدوای ساڵی 2015، داگیرکردنی خاکی باشووری کوردستانی دەستپێکرد. ئەگەر میزی چارەسەری هەبوایە، ئەمڕۆکە هەرێمەکانی عەفرین، گرێ سپی، بادینان و زاپ، چەکداری تورکیان تێدا نەدەبوو. وەک دەبینرێت لە ململانێکانی پەکەکە و ئەرتەشی تورک و پڕۆسەکانی چارەسەریدا، کۆنترۆڵەکە هەمیشە لە دەستی دەوڵەتی تورکدا بووە و هەرچۆنی ویستبێت بەو لایەدا بای داوە.

لە ئێستاشدا کۆنتڕۆڵەکە هەر لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە و دەوڵەت باخچەلی وەکوو فاشیستترین کەسی دەوڵەتی تورک، پەنجە بە دوگمەکانی کۆنتڕۆڵکەدا دەنێت.

بێگومان خاڵی زۆر هەیە کە دەکرێ تاوتوی بکرێت، بەڵام ئەم خاڵانەی کە ئێمە باسمان کردن، سەرەکیترین خاڵەکانن. ئەرکی ئۆجەلان و پەکەکە و دەوڵەتی تورک ڕوونە، بەم ئەرکانەوە ناکرێ چارەسەرێک لە بەرژەوەندی گەلی کوردستاندا پێکبێت.

پوستێن ھەمان بەش