لێدوانی ئیستفزازی مستەفا قەرەسوو سەبارەت بە ئەنەکەسە: ئەوان بەناچاری لە کۆنفرانسی یەکگرتووییدا بەشداربوون

لێدوانی ئیستفزازی مستەفا قەرەسوو سەبارەت بە ئەنەکەسە: ئەوان بەناچاری لە کۆنفرانسی یەکگرتووییدا بەشداربوون

قەرەسوو: “بەبێ بەشداریی جەستەیی ئۆجەلان لە کۆنگرەدا، ئێمە کۆنگرە نابەستین”.

مستەفا قەرەسو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی تەلەفزیۆنیی “مەدیا هەبەر”ی سەر بە پەکەکە ئەنجامدا کە لە ئەوروپا پەخش دەکرێت. قەرەسوو لە چاوپێکەوتنەکەدا بۆچوونی خۆی لەسەر زۆر بابەت دەربڕی، لەوانەش پرسی چەکدانانی پەکەکە. قەرەسوو لە دیمانەکەیدا هەڵسەنگاندنی بۆ کۆنفرانسی یەکگرتوویی کورد کرد کە لە ڕۆژئاڤا بەڕێوەچوو و چەند قسەیەکی ئاژاوەگێڕانە و ئیستیفزازیی سەبارەت بە ئەنەکەسە کرد.

“مەدیا هەبەر” قسەکانی قەرەسووی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەوە بوو کە مەدیا هەبەر کە بەزۆری لێدوانی کارگێڕانی کەجەکە بە کورتە ڤیدیۆ لەسەر ئەکاونتی “X” بڵاودەکاتەوە، ئەمجارەیان هیچ کورتە ڤیدیۆیەکی لەسەر ئەکاونتی “X”ی خۆی بڵاو نەکردەوە. جگە لەوەش میدیاکانی پەکەکە هەندێک ڕستەیان لە وتارەکەی قەرەسوودا نەنووسیوە.

قەرەسوو: ئەنەکەسە بۆیە لە کۆبوونەوەی یەکگرتوویی کوردان بەشداربوو، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نەبوو

قەرەسوو لە قسەکانیدا زۆر بابەتی وەک کێشەی تەندروستی سری سورەییا ئۆندەر و ئەو کۆنفرانسەی کە لە ڕۆما بۆ ئۆجالان بەڕێوەچوو، تاوتوێ کرد و لە کۆتاییدا بە بابەتی ناگرنگ و لاوەکی وەسفی کردن. هەروەها قەرەسوو لە گفتوگۆیە تەلەفزیۆنیەکەیدا، کۆمەڵێک دەستەواژەی بەکارهێنا کە ئەنەکەسە بە تاوانبار و بچووک پیشان دەدەن.

قەرەسو سەبارەت بە ئەنەکەسە گوتی: ” پێشتر ئەنەکەسە لەگەڵ چەتەکان یەک بوو، لەگەڵ هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک یەک بوو. واتا دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا بوو، دژایەتی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکرد. بەڵام دوای ئەوەی جولانی چووە دیمەشق، ئەو هاوپەیمانییەی کە بەشێک بوون لێی، تێکچوو. هاتن لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ پەیەدە و پارتەکانی دیکە کۆبوونەوە. ئەمە پێویستە بەم شێوەیە لێی تێبگەن. لێرەدا پەیەدە و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نزیکبوونەوەیەکی دروستکەر و تێگەیشتوویان نیشان داوە. تاوەکو دوێنێ داژایەتیان دەکرد، پشتگیری داگیرکەریان دەکرد، پشتگیری داگیرکاری عەفرینیان کرد، پشتگیری داگیرکردنی سەرێکانییان دەکرد، لە لایەنی دەوڵەتی تورک بوون، بوون بە لایەنگری چەتەکان. لەگەڵ چەتە داگیرکەران لە نیو یەک هاوپەیمانیدابوون. بەڵام دوای کۆتایی هاتنی ئەو پڕۆسەیە بینی ناتوانن، ناچاربوون لەگەڵ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەگەڵ پەیەدە و پارتییەکانی تر کۆببنەوە. گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، کوردەکانیش پێان نەگوتن نەخێر، گوتیان مادام لەوێ دەرچوون، مادام درێژە بە هەڵوێستی پێشووی نادات، وەک پێشوو لایەنگری دەوڵەتی تورک ناکەن، ناچنە تەنیشت چەتەکان، ئەگەر بێنە لای گەلی کورد ئەمە شتێکی باشە. کوردانیش باوەشیان بۆ کردنەوە”.

مستەفا قەرەسوو: ئامانجی کۆنفرانسی یەکێتیی کوردان، داواکردنی مافەکانی کورد نییە

مستەفا قەرەسوو لە درێژەی قسەکانیدا ئیدیعای ئەوەی کرد کە کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەریی ئۆجەلان بەڕێوەچووە و هیچ ئاماژەیەکی بە هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ یەکگرتوویی کورد نەکرد. قەرەسو هەروەها ڕایگەیاند کە نابێت کۆنفرانسەکە سەرنجی لەسەر مافەکانی کورد بێت و وتی: “بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ و نەرمکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، ئەنجامدانی کۆنفرانسی هاوبەشی نێوان کوردانی ئاسانتر کرد. بۆیە کۆنفرانسەکەمان ئەرێنی بینی. شاندێکی هاوبەشیان ئافراند. بەڵێ، دەبێت گەلی کورد بپارێزن، بەڵام دەبێت ڕۆڵی لە دیموکراتیکبوونی سووریاشدا بگێڕێت. چونکە ئەگەر کورد تەنها بڵێت “ئەوە مافی منە” یان سووریا دیموکراتیک نەبێت، زۆر واتایەکی نابێت. رژیمی کە سبەینێ دیموکراتیک نەبێت، لەگەڵ هەندێک کەس پەیمان دادەنێت و دووبارە هێرش دەکاتە سەر کورد.بۆیە پێویستە ئەم کۆنفرانسە هەم یەکگرتنی کورد دروست بکات، هەم گرنگی بە دیموکراتیکبوونی سووریا بدات. پێویستە لەم بابەتەدا ڕۆڵی خۆی بگێڕێت”.

هێڵی پەکەکە لە سوریادا شکستی هێنا

لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین کە هەڵوێستی مستەفا قەرەسوو لە سەیرکردنی ڕۆژئاڤای کوردستان وەک موڵکی پەکەکە و بچووک پیشاندانی کۆنفرانسی یەکگرتوویی کوردان، هەم بۆ پەردەپۆشکردنی پراکتیکەکانی ڕابردووی پەکەکە و هەمیش بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم کۆبوونەوە و دانوستانەکانی یەکگرتوویی کورد لە داهاتوودا دەکرێت. جگە لەوەش باسنەکردنی قەرەسوو لە هەوڵ و خەباتی سەرۆک بارزانی بۆ ڕۆژئاڤا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەریخست کە پەکەکە قەڵسە.

لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی سووریا کە هاوکات بوو لەگەڵ بەهاری عەرەبی، پەکەکە بوو بە بەشێک لە پرۆژەی هیلالی شیعەی ئێران و لە عێراق لەگەڵ حەشدی شەعبی و لە سووریاشدا لەگە ڕژێمی ئەسەد، هاوپەیمانیی پێکهێنا. لەبری ئەوەی کە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سووریا مامەڵە بکەن، هاوکاریی ڕژێمی ئەسەدیان کرد و تەمەنی ڕژێمەکەی ئەسەدیان بۆ ماوەی 13 ساڵ درێژکردەوە. سەرکردەکانی پەکەکە وەک باهۆز ئەرداڵ و مستەفا قەرەسوو و جەمیل بایک زۆرجار بە لێدوانی وەک “بەبێ ئێمە ڕژێمی ئەسەد ناتوانێت بمێنێتەوە، نابێ هیچ ئۆپەراسیۆنێک دژی ئێران دەستپێدەکات”، هەڵوێستەکانی خۆیانیان بە ڕوونی دەربڕیوە. لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەوڵەتی ئێران تووشی شکستێکی گەورە هات و سیاسەتی پەکەکە لە ڕۆژئاڤاش مایەپووچ بوو.

جگە لەوەش، ئەگەر تەنانەت ئەنەکەسە هاوبەشی ئۆپۆزسیۆنی سوریاش بێت، بەڵام پشتگیریی لە داگیرکردنی عەفرین و سەرێ کانی نەکرد.

پەکەکە لە سەرەتای پرۆسەکەوە بەردەوام دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و فەرەنسا کە دەیانهەویست کورد لە دەوری یەک کۆبکەنەوە، ئیستفزازی کردووە و کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی یەکگرتوویی تێکداوە.

قەرەسو: “بەبێ سەرۆکایەتی کۆنگرە نابەسترێت”:

هەروەها مستەفا قەرەسو لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە “بەبێ بەشداریی جەستەیی ئۆجەلان لە کۆنگرەدا، ئەوان کۆنگرە نابەستن”.

پوستێن ھەمان بەش