ئایا پەدەکە بوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە کینیا گرت و ڕادەستی تورکیای کرد؟!

ئایا پەدەکە بوو کە عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە کینیا گرت و ڕادەستی تورکیای کرد؟!

هەزار شتی باش هەیە کە پەدەکە بۆ ئۆجەلان کردوویەتی، بەڵام پەدەکە یەک شتی خراپیشی لەگەڵ پەکەکەدا نەکردووە.

ماوەی 2 ساڵە کە میدیاکانی پەکەکە باس لەوە دەکەن کە پەدەکە ڕۆڵی هەبووە لە هەڵاتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیتاڵیا و دەڵێن “پەدەکە بەشێکە لە پیلانگێڕی نێودەوڵەتی”. ئەمەش تاڕادەیەک دەرک دەکرێت، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە ڕووداوەکان نەک بە پێی ڕاستیی ڕوودانەکەیان، بەڵکو بە پێی سیاسەتی خۆی دەگێڕێتەوە. لەئێستادا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە هەموو خراپەکارییەکانی جیهان و کوردستان بە دەستی پەدەکە ئەنجام دەدرێت. بە وتەی ئەوان پەدەکە هۆکاری سۆنامی و شەڕی جیهانی و بوومەلەرزە و کونبوونی توێژی ئۆزۆن و گیانلەدەستدانی گەریلاکانی پەکەکە و قەیرانی ئابووری جیهانییە. ئەمە ماوەیەکە دەڵێن “پەدەکە ڕێگەی نەدا سەرۆکەکەمان لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە”. بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەوان ئەم درۆیە دەفرۆشن و دوای ماوەیەکی دیکەش دەڵێن “هێزەکانی پەدەکە سەرۆکەکەی ئێمەیان لە کینیا گرت و گەڕاندیانەوە بۆ تورکیا”.

زوبەیر ئایدار سەری لە ناو کۆمەڵێک ژن و سینیەکی خواردندا دەرهێنا و قسەی کرد

زوبەیر ئایدار بۆ یەکەمجار ئەم درۆیەی هێنایە زمان کە “پەدەکە ڕێگەی نەدا ئۆجەلان لە ئیتاڵیا بمێنێتەوە و دۆسیەیەکی لە ئیتاڵیا تۆمار کرد”. زوبەیر ئایدار ئەندازیاری ئەم کارە نییە، بەڕیوەبەریی پەکەکە پێیان ​​وتووە کە وا بڵێت. لەڕاستیدا ئایدار ئەو جۆرە کەسە نییە کە مێشکی خۆی لە ژن و خواردن لابدات و بیر لە شتی زۆر سیاسی بکاتەوە. ئەوانەی دەیناسن، دەزانن. بەڵام ئایدار ئەرکدار کراوە بۆ ئەوەی ئەو قسانە بڵێت و پەکەکەییەکانیش لەوپەڕی بێشەرمی و بێحەیاییدا، ئەو درۆیە دووبارە دەکەنەوە.

بەو پێیەی ئۆجەلان لە ساڵی 1998 دیمەشقی بەجێهێشتووە و وەک ئەمڕۆ ئینتەرنێت نەبووە و بە ئەگەرێکی زۆر، ئەندامانی پەدەکەش وەکوو هەموو کەسێکی دیکە چیرۆکەکەی لە ڕادیۆ بیستبێت. پەدەکە هەرگیز هەوڵی نەداوە کە پەکەکە لە هیچ شوێنێک دوور بخاتەوە. لە ڕاستیدا بەپێچەوانەوە پەکەکە هەمیشە لە سایەی دۆستایەتی پەدەکەوە گەیشتووەتە شوێنێک. ئێستاکەش بە خیانەت و بێ وەفایەکی گەورە وەڵامی چاکەکانی پەدەکە دەدەنەوە.

بارزانیەکان کەمپەینی ئازادکردنی ئۆجەلانیان واژۆ کرد

لە ساڵی 1990ـەوە هەتا ئێستا، هیچکات پەدەکە لە هیرشکردنە سەر پەکەکەدا دەستپێشخەر نەبووە و بەڵکوو ئەوەی هەمیشە هێرشی کردۆتە سەر پەدەکە و گوللـەی یەکەمی هاویشتووە، خودی پەکەکە بووە. جگە لەوەش سەرۆک بارزانی هەر لە یەکەم ساتی دەستگیرکردنی ئۆجەلاندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: “چەند غەمگین بووم کە بینیم کوردێک بەم شێوەیە دەستگیرکرا”. تەنانەت کاتێک ئۆجەلان دەستگیرکرا، شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەکەکە و پەدەکەدا هەبوو. دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، پەدەکە ویستی شەڕی نێوان ئەوان و پەکەکە ڕابگرێت. لە شەڕی ساڵی 2000ی نێوان ینک و پەکەکە، ئەگەر پەدەکە نەبووایە، گەریلاکانی پەکەکە لەنێوان ئێران و یەنەکەدا دەفەوتان و لەناودەچوون.

بۆ کەمپەینی “ئۆجەلان ئیرادەی سیاسی منە” کە لە ساڵانی 2005-2008 بۆ ئازادیی ئۆجەلان بەڕیوەدەچوو، بە دەستووری پەدەکە لە هەولێر و دهۆک ستاند کرانەوە و هەزاران واژۆ کۆکرانەوە. لە کەمپەینی واژۆکردن بۆ ئۆجەلان لە مانگی ئایاری ساڵی 2013 دەستیپێکرد، نێچیرڤان بارزانی و وەزیرەکانی پەدەکە، بەناوی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە واژۆیان کرا. سەرۆک بارزانیش بۆخۆی ڕایگەیاند کە دۆخی ئۆجەلان زۆری تەئسیر تێکردووە و گوتی: “نامهەوێت تاقە یەک کورد لە زینداندا ببینم”. بارزانیەکان بۆ ماوەی 40 ساڵە هیچ ڕێکەوتنێکیان بە دژی پەکەکە دروست نەکردووە و تەنها ئەگەر ناچار بووبێتن وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە کە لەلایەن پەکەکەوە کراوەتە سەریان.

پەکەکە ئەفسانەی بێوەفایی و خیانەتە

وەک کەسێک کە ماوی 45 ساڵە بەدواداچوون بۆ سیاسەتەکانی پەکەکە دەکەم و مێژووەکەی باش دەناسم، دەتوانم پێتان بڵێم پەکەکە هەرچییەکی بۆ بکەیت با کردبێتت، لە کۆتاییدا بەقەد ئەو چاکەیەی کە هەتبووە بۆی، دەبیتە قوربانیی خیانەتی پەکەکە. پەکەکە هیچ پرنسیپێکی ئەخلاقی و وەفاداریی نییە. تاکە پرەنسیپ بەرژەوەندییە، دۆستایەتی و هەڤاڵایەتی تەنها لە قسەدایە. ئۆجەلان گیرا، ڕێکخراوەکەی خۆی فرۆشت، گەریلاکان و هەڤاڵەکانی خۆی فرۆشت. ڕێکخراوەکەی هەرکاتێک بە پێویستی بزانێت، هەڤاڵەکانی خۆی دەفرۆشێت، پەکەکە ئەوپەڕی بێوەفایی و بێبەختییە. خیانەتی پەکەکە ئەفسانەییە…

کێ ئۆجەلانی ڕادەست کرد؟ تاکە کەسێک کە تاوانبار ناکرێت، دەوڵەتی تورکە…

بەڵێ ئێستا پەکەکە دوژمنایەتی پەدەکە دەکات، بۆیە هەرچی بەسەر ئاپۆدا دێت ڕاستەوخۆ پەدەکە وەک تاوانبار دەبینێت. جارێکیان دەیانگوت “پەدەکە لە سیستەمی ئیمراڵیدا بەرپرسیارە”.

وەک وتمان 25 ساڵ تێپەڕیوە و تا ئێستاش لێکۆڵینەوە دەکەن کە کێ ئۆجەلانی تەسلیم کردووە. بەسێ هۆزات ئەمساڵ کەوتە سەر شانۆ و گوتی، “یۆنان، میسر، فەرەنسا، ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژی سەرۆکی ئێمە پیلانگێڕییان کرد، تەنها ئێران هیچ ڕۆڵێکی نەبوو”. بەسێ هۆزات لەبەرئەوەی لەژێر سێبەری ئێراندا دەژی، بەدڵنیاییەوە وەک دۆست پێناسەیان دەکات. لەبەر چەند هۆکارێک پەکەکە و ئۆجەلان لە ماوەی 25 ساڵی ڕابردوودا هەموو کەس بە تاوانبار دەزانن بەڵام تەنیا دەوڵەتی تورک تاوانبار ناکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ڕووداوەکە دوو تاوانبار و پلاندانەری سەرەکی هەبوون: ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک.

هیچ بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نییە کە ئەندامانی پەکەکە لە مەسەلەی ئۆجەلاندا، پەدەکە تۆمەتبار بکەن. هەزار شتی باش هەیە کە پەدەکە بۆ ئۆجەلان کردوویەتی، بەڵام پەدەکە یەک شتی خراپیشی لەگەڵ پەکەکەدا نەکردووە. بەڵام هاوکات کۆمەڵیک بەڵگەنامەی زۆر هەیە کە دەیسەلمێنن ئۆجەلان بە ویستی خۆی گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. بەڵگەنامە هەیە کە لە چرکەی یەکەمدا گوتی: “دایکم تورکە، من دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتی تورک بکەم”. زوبەیر ئایدار یەکێکە لەو کەسانەی کە ئەم شتانە زۆر بە باشی دەزانێت…

پوستێن ھەمان بەش