“تورکیا دەیهەوێت پەکەکەیەک کە گوێ بە ئۆجەلان نادات و لە کۆنترۆڵی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک دەرچووە و کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێندێ هێز و لایەنی دیکە، دیسان بیخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و دژ بە کورد بەکاری بهێنێت”.
نووری چەلیک
باوباپیرانمان پێشتر گوتوویانە “ڕۆم هیچ بەختێکی نییە و نانی تورک لەسەر قاپەکەیانە”. لە شەڕی 1071ی مەلەزگرەوە بگرە هەتا شەڕی 1514ی چالدیران، لەوێشەوە بگرە هەتا دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی (ئەتمانی)، هەروەها لە عوسمانییەکانەوە بگرە هەتا ئەمڕۆ (کۆماری تورکیا)، کورد تەنیا بە شتێک فریودراوە (بێگومان، بەهۆی بێئاقڵی ئێمەی کوردەوەیە)، کە ئەویش برایەتی کورد و تورک و برایەتی ئومەت (ئیسلام)ـە. لەمڕۆشدا دەیانەوێت دیسان بەم چیرۆک و پروپاگاندانە، کورد بخەڵەتێنن و لە دژی ئەمریکا و ئیسرائیل و پلان و پڕۆژەکانیاندا و لە دژی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری لەدایکبوونی کوردستانێکی سەربەخۆدا، بیانکەن بە قەڵخان.
قسە و هەڵویستەکانی ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی هاوپەیمانی، دووبارە و سێبارەکردنەوەی گەمە و تەڵەکانی دەولەتی عوسمانییە. لە ساڵی 1514 و لە شەڕی چالدیراندا، یاڤوز سوڵتان سەلیم پاشای عوسمانی، بە قەول و بەڵێنی برایەتی عوسمانی و ئوممەت، لە ڕێگەی ئیدریس بەدلیسیەوە، عەشیرەت و میرەکانی کوردی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و شا ئیسماعیلی سەفەوی، حاکمی ئێران ناچار بە پاشەکشە کرد. لە مێژوودا کورد پشتیوانیی لە هەر لایەک کردبێت، ئەو لایە سەرکەوتوو بووە. کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناو سنووری داگیرکەرانی کوردستاندا، هێزێکی بەرچاوە. وڵاتانی وەک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هاوکاری و قوربانیدانی کوردەکانی ناوچەکە پشتی داعشیان شکاندووە. ئەگەر کورد نەبوایە، کەس نازانێت داعش لەمڕۆدا لە چ دۆخێکدا دەبوو لە ناوچەکەدا و لە چەند وڵات دەسەڵاتیان بەدەستەوە دەبوو. بێگومان ئەردۆغان و باخچەلی و ڕۆشنبیرەکانیان ئەمە دەزانن و دەیبینن.
ئەردۆغان و باخچەلی لەلایەک دەستی برایەتی کورد و تورک و دەستی برایەتی ئومەت بۆ کورد درێژ دەکەن و باس لە برایەتی و ئاشتی دەکەن، باس لە قۆناخێکی نوێ دەکەن، لە لایەکی دیکەوە نکۆڵی لە هەبوونی کورد دەکەن، پەلاماری کوردان دەدەن، زمانەکەیان قەدەغە دەکەن، زیندانییان دەکەن و گوند و شارەکانیان بەسەردا وێران دەکەن. واتە لەبەرئەوەی فەزاکەیان بۆ تەنگ بۆتەوە، وەکو سەردەمی عوسمانییەکان و لۆزان، دەیانهەوێت کورد بە قەول و بەڵێنی درۆیین، زریقەوبریقەدار و گرۆڤەر فریو بدەن و لە پلان و پڕۆژەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا و بەشداریکردن لە گۆڕینی نەخشەی ئیقلیمی و سەرخستنی پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە (BOP) دووریان بخەنەوە. ئەگەرچی چەند ساڵێک لەمەوبەر ئەردۆغان وتی “من هاوسەرۆکی پڕۆژەی BOPم”، بەڵام ئەو سیاسەتەی ئەمڕۆ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەنجامی دەدات جێگەی پرسیارە و گوماناوییە. بێگومان لە داهاتوودا دەبینین کە ئەم سیاسەت و دژایەتیکردنە، تاکتیکییە یان ستراتیژیکە.
بۆچی دەڵێم “ئایا چارەنووسی باوباپیرانمان بەسەرماندا دێت؟”
نازانم ئایا لە خوێنی ئێمەدایە، نازانم ئایا ئێمە لە پێوەر و سیاسەتی دونیا تێناگەین یان ناتوانین سیاسەتی جیهانی پێوانە بکەین، نازانم ئایا هەندێک کەس دوعایان لێکردووین و نەفرەتیان بەسەردا باراندووین، هەرچییەک هەیە ئێمەی کورد بە ئاسانی بە قسە و بەڵێنی خەڵک هەڵدەخەڵەتین و فریو دەدرێین. ئەگەر بەڵێن و گەمە و فرت و فێڵەکانی دەوڵەتی عوسمانی وەلانێین، تەنانەت دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دامەزراندنی کۆماری تورکیاش، ئەم هەستە فریوخواردنە لە مێشک و جەستەمان دەرنەچووە. ئێمە لە ڕابردووی خۆمان، واتە لە مێژووی خۆمان فێر نەبووین و وادیارە ئەمڕۆش لێی فێر نابین. وەک دەڵێن ئەو کەسانەی کە لە مێژووی خۆیان وانە وەرناگرن، ناتوانن داهاتووی خۆیان ببینن.
نیکۆلاس دانفۆرت، مێژوونووس و ئەکادیمیستی ئەمریکی، لە لێدوانەکەیدا دەڵێت: “کاتێک دەوڵەتی عوسمانیمان دابەشکرد، دەرفەتمان بە کورد دا بۆ دامەزراندنی دەوڵەت، بەڵام کوردەکان شەڕیان لەگەڵ کردین”.
ڕاستی ئێمەی کورد لەم چەند قسەیەی “نیکۆلاس دانفۆرد”دا دەردەکەوێت.
لە دوای جەنگی جیهانییەوە و تا ئەمڕۆش چەندین جار دەرفەتی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ کورد ڕەخساوە، یان ئینگلیزیەکان داویانە بە کورد، بەڵام ئێمە هەموو ئەو دەرفەتانەمان لەکیس خۆمان داوە. جا چ لە پڕۆسەی لۆزاندا بێت، یان لە پەیوەندی و شەڕ لەگەڵ شێخ مەحمود بەرزنجیدا، ئینگلیزەکان دەرفەتی ئەوەیان پێداین کە ببین بە دەوڵەت، بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێدا، قەول و بەڵێنی درۆ و چیرۆکی برایەتی عوسمانی-تورک، ئێمەیان بەلاڕێدا برد و فریویان داین. ئینگلیزەکان دەیانویست شانشینی کوردستان بدەنە دەست شێخ مەحمود بەرزنجی و کوردستانێکی سەر بە بەریتانیا دابمەزرێنن. بەڵام ئەو تەلەگرافەی کە ئەتاتورک لە 13ی ئابی 1919دا بۆ شێخ مەحمود بەرزنجی نارد، هەموو شتێکی پێچەوانە کردەوە و ئەو دەرفەتەیان بە فیڕۆ چواند، کە ئینگلیزەکان بە کوردیان دابوو. ئەتاتورک لە تەلەگرافەکەیدا وەکوو دەسەڵاتدارانی ئەمڕۆ، باسی برایەتی تورک و کورد و برایەتی ئومەت و شەڕی ئینگلیز دەکات، ئێستاش دەسەڵاتدارانی تورکیا بەهەمان قسە و بەڵێنی بریقەدار و گرۆڤەر، کوردەکان لە دژی گۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دژی پلانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لە دژی کوردستانێکی سەربەخۆ، هان دەدەن.
ئەو دەستەی کە ئەمڕۆکە ئەردۆغان و باخچەلی بۆ کورد درێژی دەکەن، بۆ ئاستییەکی بەردەوام و سەقامگیر و بە فەرمی ناسینی مافە رەواکانی نەتەوەی کور نیە، بەڵکوو بۆ ئەوەی کە کە دڵی کوردەکان خۆش بکەن و بۆخۆیان بە ئامانجەکانیان بگەن. تورکەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەشیان رەنگە چەند هەنگاوێکی بچووک هەڵبگرن، وەک خوێندنی زمانی کوردی (ئەویش تا ڕادەیەکی دیاریکراو)، گۆڕینی ناوی گوند و شارۆچکە کوردییەکان، ئاشکراکردنی گۆڕ و مەزاری گەورەکانی کورد (وەک شێخ سەعید، سەیید ڕەزا، سەعیدی کوردی و کەسانی دیکەی هاوشێوەیان). بەڵام داننان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد، گۆڕینی دەستوور بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی کورددا بێت و ئاشتییەکی ڕاستەقینە تەنها چیرۆکێکی دووبارەبووەیە.
ئەم پلانە کە لە بنەڕەتدا پلانی دەوڵەتی ئەساسی (دەوڵەتی قووڵ)ـە، کە جەهەپە و پارتی دەم و ئۆجالانیشی تێوەگلاندووە و لەلایەن ئەردۆغان و باخچەلیەوە خراوەتە ڕۆژەڤەوە، بە سێ ئامانجی سەرەکییەوە ئەنجام دەدرێت. یەکیان ئەوەیە کە دەیانهەوێ لە هەڵبژاردنی داهاتوودا جارێکی دیکە ئەردۆغان وەکوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت و ئامانجی دووەمیشیان ئەوەیە کە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەکرێت و نەچنە بەردەم دادگای داد و دەستبەسەر نەکرێن، دەیانهەوێت بەدەنگی پارتی دەم و بەشێک لە نوێنەرانی جەهەپە، بە زۆرینەی 360 کورسی پارلمان، دەستوورێکی بنەڕەتیی بەگوێرەی حیسابات و بەرژەوەندییەکانی خۆیان پەسند بکەن. سێهەم و لە هەمووی گرنگتر دەوڵەت دەیهەوێت پەکەکەیەک کە گوێ بە ئۆجەلان نادات و لە کۆنترۆڵی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک دەرچووە و کەوتووەتە ژێر کۆنترۆڵی هێندێ هێز و لایەنی دیکە، دیسان بیخاتەوە ژێر کۆنترۆڵی خۆی و لە دژی پارچەبوونی خاکی سووریا و ئێران (دامەزرانی کوردستانێکی فیدراڵی یان سەربەخۆ) بیکات بە ڕێگر و ئاستەنگ. پەکەکە ئەمڕۆ چوار گرووپی هەیە. گرووپی تورکیەی ئۆجەلان و پارتی دەم، گرووپی ئێرانی (قەندیل)، گرووپی ڕۆژئاڤا پەیەدە و گرووپی ئەورووپی کەجەکە. هەرچەندە هەموو لایەک ئۆجەلان وەک سەرکردەی خۆیان دەبینن، بەڵام تەنها ئۆجالان وەکوو سیمبولێک بۆخۆیان بەکاردەهێنن و ئیتر کەس گوێ لە ئۆجەلان ناگرێت. بێگومان ئەمەش لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی تورکدا نییە.
ئەگەر سوریا دابەش ببێت بەسەر سێ هەرێمدا دابەش دەبێت. هەرێمی کوردی و هەرێمی سوننە و ناوچەی عەلەوی (بنەماڵەی ئەسەد و عەلەویەکانی تر)، واتە سێ فیدراسیۆن یان سێ دەوڵەت. لە ئێرانیش هەمان ترس هەیە. دابەشبوونی ئێران دیسان کوردستانێکی فیدراڵی یان کوردستانێکی سەربەخۆی لێدەکەوێتەوە و ئێران بەسەر 3 ـ 4 بەش (کورد، ئازەری، بەلووچ و عەرەب)دا دابەش دەبێت. لەخۆیدا هەر لەبەر ئەم ترسە بوو کە مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، گوتی: “ئەگەر یەکگرتوو نەبین، کورد، دەوڵەتی کوردستان دادەمەزرێنێت، ئێران دابەش دەبێت و دەوڵەتێک بە ناوی ئێران بوونی نامێنێت”. ترسی دەوڵەتی تورکیاش هەمان ترسە. بێگومان دەوڵەتی تورک گەمژە نییە، خاوەنی حیکمەتێکی قووڵ و ئەزموونی سەد ساڵەیە و دەزانێت دوای ئێران نۆرەی ئەو دەبێت. بۆیە هەر لە ئێستاوە حسابی خۆی و 50 ساڵی داهاتوو دەکات و دەیهەوێت بە هاوکاریی کورد، بە یەک بەرد 3 – 4 باڵندە بکوژێت.
ئەو دەسەڵاتدارییەی کە ئەمڕۆکە ئەو حیساباتە دەکات و پلان دادەڕێژێت، دەیهەوێ نەک تەنها کوردەکانی باکوور، بەڵکوو کوردەکانی باشووری کوردستانیش و بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بارزانیەکانیش بکات بە هاوپەیمان و شەریکی پلان و پرۆژەکانی خۆی. دوای بانگەوازی باخچەلی و ئەردۆغان، سەردانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە بەڕێکەوت نەبوو. دیارە لێرە ئەرک و مسیۆنێک بە نێچیرڤان بارزانیش دراوە. ئەگەر هاتو بەڕاستی پەکەکە چەکی دانا، لە باشوور بارزانی وەک قاسد و گەرەنتیکارێک بۆ جێگیرکردنی بەڕێوەبەران و گەریلاکانی پەکەکە دەبیندرێت و ئامادەکاریی بۆ دەکرێت. هەروەها ئەگەر هەلومەرجی ناوچەکە تەواو بێت، ئەگەری ئەوە هەیە بارزانی و پەدەکە لەگەڵ تورکیا فیدراسیۆنێک پێکبهێنن و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان (دەرەوەی یەنەکە و هەرێمەکەی) کۆنترۆڵ بکەن. ئەمەش ئەگەرێکە و پێشبینییەکە بۆ داهاتوو.
بە کورتی و کورمانجی؛ خودا بکات، چارەنووسی باوباپیرانمان بەسەرماندا نەیەت. نابێ ئێمە هەمان چارەنووسی باوباپیرانمان هەبێت و ببین بە لەیستۆک و بازیچەی چیرۆکی برایەتی خەیاڵی بۆ خەڵک. برایەتی ڕاستەقینە بە فەرمی و یاسایی دانپێدانانە بە شوناس و زمان و مێژوو و هەبوونی کورد. دانپێدانانی شێلگیرانەیە بە حەق و حقووقی کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستاندا. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە دەستێک بۆ کورد درێژ کرایەوە، بێگومان پێویستە ئەو دەستە بگرین و بیگوشین. ئەگینا ئەگەر لەسەر بنەمای لەناوبردن و نکۆڵیکردن لە کورد دووبارە دەست درێژ بکرێتەوە، ئەوە جگە لە فرت و فێڵ و فریودان، هیچی تر نییە، وەسسەلام…
“ئەم وتارە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی هزر و ڕامانی نووسەرەکەیەتی و دارکا مازی تەنها بڵاوی کردۆتەوە”.