هاندانی کورد لەدژی ئیسرائیل، سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستییە

هاندانی کورد لەدژی ئیسرائیل، سیاسەتێکی کۆلۆنیالیستییە

تیۆرییەکانی ئاپۆ و ئاپۆچییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و هەوڵدان بۆ جێخستنی ئایدئۆلۆژیی دژایەتیکردنی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە زەیین و هزری کورداندا، یەک ئامانجیان هەیە کە ئەویش پاراستنی سنوورەکانی دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورکە.

قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خێراییەکی زۆرەوە پەرە دەستێنێ. ئەو ململانێیەی کە وەک “ئیسرائیل و نەیارەکانی” دەردەکەوێت، لە بنەڕەتدا ململانێی ئەو هێزانەیە کە دەیانهەوێت نەخشە ئابووری و بازرگانی و سیاسی و جوگرافییەکانی جیهان، بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکێشنەوە. کەواتە، مەسەلەکە تەنها ململانێیەکی سادەی نێوان “ئیسرائیل-ئێران” یان میحوەری شیعە نییە. ململانێیەکە، هەم لە ڕووی قووڵایی و هەم لە ڕووی جوگرافیاوە پەرەدەستێنێ و بەرەو قۆناخێک دەروات کە ئیدی هیچ شتێک وەکوو خۆی نامێنێتەوە. هەموو کەسێک خۆی لەگەڵ ئەم قۆناخەدا دەگونجێنێت.

بەتایبەت دەوڵەتانی تورکیا، سوریا، ئێران و عێراق کە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەسەر ئینکارکردنی کوردستان بنیات نراون، بەو بیرۆکەیە مامەڵە دەکەن کە لە “دامەزراندنی نەخشەی نوێ”دا زیانیان پێدەگات. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​بۆ مسۆگەر کردنی وجوودی خۆیان، یاری بە کورد دەکەن. هەم هەنگاوەکانی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران، بۆ ئەوەی خۆی لای کورد باش پیشان بدات و هەمیش ئەو هەوڵی بە ڕوالەت نزیکبوونەوەەی دەولەت باخچەلی، “نە تورک بە بێ کورد و نە کوردیش بێ تورک دەبێت”، بەشێکن لە پێویستییەکانی سیستەمە کۆلۆنیالیستییەکان بۆ ئەوەی جاریکی دیکە کوردەکان بۆ لای خۆیان ڕابکێشن و تەمەنی دەسەڵاتەکەی خۆیان درێژ بکەنەوە. ئێستاکە کۆلۆنیالیستەکان کە سەد ساڵە نکۆڵی لە ناسنامەی کورد دەکەن و هەموو سەروەت و سامانەکانی کوردستان تاڵان دەکەن، بە کورد دەڵێن “ئیسرائیل دەوڵەتێکی خراپ و ئیمپریالیستە و زیان بە کورد دەگەیەنێت” و ئامۆژگاری کورد دەکەن.

هودا پار و پەکەکە خزمەت بە هەمان سیاسەت دەکەن

ڕاستییەکە ئەوەیە کە “هاندانی کورد لە دژی ئیسرائیل، سیاسەتێکی کۆڵۆنیاڵە”. ئەم سیاسەتە تازە نییە. کۆلۆنیالیستەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە چ بە دەستەواژەی ئوممەت و چ بە دەستەواژە چەپگەرایانەکانی وەک دژە ـ ئیمپریالیزم، ئەم بیرۆکەیەیان خستۆتە مێشکی کوردەوە. بەتایبەت تورکیا بۆ ئەوەی کوردەکانی لە هێڵی دژە ئیسرائیلدا بمێننەوە، سیاسەتێکی دەوڵەتیی زۆر قووڵی داڕشت. ئەم سیاسەتە دەوڵەتییە لەسەر بنەمای دوو باڵ دامەزرا. یەکەمیان پەکەکە بوو کە کوردی لە چوارچێوەی سیاسەتی هێڵی چەپگەراییدا قەتیس کرد، ئەوی تریان ئەو سیاسەتەیە کە ئەمڕۆ HUDA PAR نوێنەرایەتی دەکات و بە گشتی پێی دەوترێت سیاسەتی “ئوممەتپارێزی”. بۆیە پەکەکە و هێڵی HUDA PAR کە بە ڕواڵەت خۆیان بە دژی یەکتر پیشان دەدەن، لە بنەڕەتدا بەشێکن لە سیاسەتی دەوڵەتی تورک، کە لە چەپ و ڕاستەوە دەستوەردانەکانی دەوڵەت جێبەجێ دەکەن و لە ڕووی هزریەوە نەتەوەی کورد گەمارۆ دەدات. هەردوو پەکەکە و هورداپار، دوو هێڵی سەرەکین کە ڕێگرن لە یەکڕیزی کورد و بەربەستن بۆ ئەوەی کە کورد سیاسەتی کوردستانی ڕەچاو بکات.

هودا پار، کاتێک باس لە کوردستان دەکرێت بێدەنگە، بەڵام بەردەوام و بە تایبەت لە ساڵی ڕابردوودا، بە جۆش و خرۆشەوە هێماکانی فەلەستینی هێناوەتە کوردستان و بێگومان ئەمە پیلانی دەوڵەتە.

بەڵام لە نێو ئەو ڕێکخراوانەی کە عەقڵیەتی کورد بەلاڕێدا دەبەن، مەترسیدارترینیان پەکەکەیە. چوونکە پەکەکە لە ژێر ناوی کوردایەتیدا هێڵێکی دژە کوردستانیی گرتۆتە بەر.

ئۆجەلان و یالچین کوچیک ئەندازیارانی ئەو درۆیەن کە دەڵێن “بارزانیەکان جوولەکەن”

چالاکیی پەکەکە دژ بە ئیسرائیل کە لە ساڵی 1982دا دەستی پێکرد و بە ناوی پشتیوانیکردن لە فەلەستین ناسرابوو، لە بنەڕەتدا یەکێکە لە یەکەمین ڕووداوەکانی سەرکوتکردن و چەوساندنەوەی هۆشمەندیی کورد. لە ساڵانی 1990دا پڕۆفیسۆر. یاڵچین کوچیک کە وەک قاسیدێک لە نێوان دەوڵەت و ئۆجەلاندا کاری دەکرد، بناغەی ئەم پرۆسەیەی دانا. ساڵانێکی زۆرە ئۆجەلان لە ئیمرالیەوە بە دەوڵەتی تورکیا دەڵێت: “ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوێت ئیسرائیلێکی بچووک لە باشوور دروست بکەن”، ئیسرائیل دەیهەوێت بارزانیەکان بکاتە دەوڵەت”. بەم درۆیانە تێریان نەخوارد، ئۆجەلان و یالچین کوچیک پێکەوە ڕیوایەتێکیان خوڵقاند و گوتیان “بارزانیەکان کورد نین، جوولەکەن” و هەوڵیاندا بارزانییەکان وەک شەیتان پیشان بدەن. ئۆجەلان لەکاتی دەستگیرکرانەکەیدا گوتی: “ئیسرائیل و ئەمریکا منیان ڕادەست کرد”.

بەرنامەی پەکەکە لە دوای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو (1970) لەدژی ئیمپریالیزم و شەڕی خیانەت لە کوردستان؛ و دوای گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ تورکیا لە ساڵی 1999دا، پارادایمی “دیموکراسی، ئیکۆلۆژی، ئازادی جێندەری”، لە ئەساسد بۆ ئەوەیە کە نەتەوەی کورد لە ئامانجە سەرەکییەکانی دوور بخاتەوە. پەکەکە ئێستاش بە ناوی “خەباتی ناوخۆ و ڕوونی ئایدیۆلۆژیک” کوردەکان دەکاتە دوژمنی یەکتری.

هودا پار و پەکەکە وەکوو یەک زیان بە یەکیەتی نەتەوەیی کورد دەگەیەنن

ئەمڕۆکە جەماوەری پەکەکە لەژێرناوی دوژمنایەتیکردنی بارزانییەکاندا، بۆ دوژمنایەتیکردنی هەموو باشووری کوردستان، هان دەدرێن. لە ڕوانگەی جەماوەری پەکەکەوە بارزانیەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، گەورەترین بەربەستن لەبەردەم ئازادیی کورد و کوردستاندا. بە گوتەی پەکەکە، کاتێک کە شنگال لە باتی هەولێر بکەوێتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی شیعەی عێراق، ئەو کاتە ئێزیدییەکان ئازاد دەبن و کاتێک کە دەوڵەتی ئێران هێرش دەکاتە سەر هەولێر، پەکەکەییەکان دڵخۆش دەبن و هەولێر بە کوردستان نازان.

بە هەمانشێوە، هوداپاریش کاتێک کە پەلاماری ڕۆژئاڤای کوردستان دەدرێت، ئەو کەسانەی کە پەلامار دەدرێن و هێرشیان دەکرێتە سەر بە کورد نازانێت و لە ناخەوە هەست بە کەیفخۆشی دەکات و پێیوایە هێرش کراوەتە سەر “کافر”ـەکان. (ڕەنگە لە ناو جەماوەری هەردوولادا هەندێک ئیستیسناء هەبێت، بەڵام ئەمە ئەرک و میسیۆنی سیاسی ئەو دوو لایەنە ناگۆڕێت.)

سەیری باری دەروونی پەکەکەییەک و هوداپارییەک لە هەمبەر پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەن، دەبینن کە هەمان شتە و بە تەواوی وەکوو یەکە. هەردووکیان ناتوانن وەکوو کوردێک سەیری بابەتەکە بکەن. هەردووکیان هەوڵدەدەن هزر و بیرۆکەی ناکوردستانیی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا بسەپێنن.

ئەو کوردەی بەرگری لە سنوورەکانی دەوڵەتی کۆلۆنیالیزم دەکات، “کورد”ی ئەو دەوڵەتەیە

“ئۆممەتسازی” هودا پار و دروشمی “برایەتی گەلان”ی پەکەکە، لە ڕاستیدا هەمان گوتاری دەوڵەتیی “یەک دەوڵەت، یەک ئاڵا، یەک نەتەوە”یە و تەنها بە شێوەیەک دەگوترێت کە کورد قبووڵی بکات. تیۆرییەکانی ئاپۆ و ئاپۆچییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد “بەبێ گۆڕینی سنوورەکان” و بابەتی “کورد پێویستی بە دەوڵەتداری نییە” وێژمان و گوتاری دەوڵەتی داگیرکەری تورکە. هەوڵدان بۆ جێخستنی ئایدئۆلۆژیی دژایەتیکردنی ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە زەیین و هزری کورداندا، بە هەمان شێوە ئامانجی ئەوەیە کە سنوورەکانی دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورک بپارێزێت.

پوستێن ھەمان بەش