ئۆجەلان ئیرادەی کورد نییە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دیاپ ئاغا نوێیەکان بکرێت، پێویستە کورد ئەنجومەنێک پێکبهێنێت

ئۆجەلان ئیرادەی کورد نییە، بۆ ئەوەی ڕێگری لە دیاپ ئاغا نوێیەکان بکرێت، پێویستە کورد ئەنجومەنێک پێکبهێنێت

یان ئیرادەی ڕاستەقینەی کورد یەکدەگرێت و چالاک دەبێت، یانیش دیسان ڕۆحی “دیاپ ئاغا” لە ئۆجەلاندا دەژیتەوە و کورد دەکاتە قوربانیی یەکپارچەیی خاکی تورکیا.

مشتومڕ لەسەر ئەو پرۆسەیەی کە بە قسەکانی دەوڵەت باخچەلی بۆ چارەسەری کێشەی کورد دەستی پێکرد، بەردەوامە. لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا زیاتر ڕوون بووەوە کە ئەمە چارەسەری ڕاستەقینەی پرسی کورد نیە، بەڵکوو بڕیارەکەی دەوڵەت باخچەلی بۆ ئەوە بوو کە بەبێ گفتوگۆ و قسەکردن، تۆپەکە بهاویژێتەو مەیدانی ئۆجەلان باسی مافی هیوای ئۆجەلان دەکات، پێویستە کورد بە دروستی لە دۆخەکە تێبگات. دەوڵەتی تورک لە پرسی کورددا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەکاتە موخاتەبی خۆی و ئەمەش پەیوەندیی بە هێژایی ئۆجەلانەوە نیە.

دەوڵەتی تورک ئۆجەلانی وەکوو قەییۆمێک بەسەر کورددا سەپاندووە. ماوەی 40 ساڵە دەوڵەتی تورک عەبدوڵا ئۆجەلان دەڕازێنێتەوە و هەوڵدەدات کوردەکان ناچار بکات تا وەکوو ریبەری خۆیان قبوولی بکەن، چونکە عەبدوڵڵا ئۆجەلان زامنی نەگۆڕینی سنوورەکانی دەوڵەتی تورکیایە. لەسەر ئەو مێزەی کە پرسی کورد گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە لایەنی کورد دانانیشتێت، بەڵکو لە لایەنی تورکەکان جێدەگرێت. عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکەیان کردۆتە تاقانە موخاتەبی پرسی کورد، ئەمە ستراتیژیی 40 ساڵەی دەوڵەتی تورکە. دەوڵەتی تورکیا بە قەدەغەکردنی هەموو جووڵانەوە و سیاسەتمەدارانی کوردی دەرەوەی پەکەکە، نەتەوەی کوردی مەحکووم بە پەکەکە کردووە. ئافراندنی چەمکی “کورد = پەکەکە” فۆرمولێکە کە دەوڵەتی تورک بۆ پاراستنی دەوڵەتەکەی بەکاری دەهێنێت.

ئۆجەلان گەورەترین کارتە لە دەستی دەوڵەتی تورکدا. هەروەک چۆن لە سەدەی بیستەمدا، “دیاپ ئاغا و حەسەن خەیری” خۆیان وەک نوێنەری کورد نیشان دا و لە پەیمانی لۆزاندا کوردیان توشی شکست کرد، ئۆجەلانیش ڤێرژنی سەدەی بیست و یەکەمی “دیاپ ئاغا”یە کە دەوڵەتی تورک دەیهەوێت بەسەر نەتەوەی کوردیدا بسەپێنێت. هەرکات دەوڵەتی تورک بیهەوێت، یەکسەر ئۆجەلان دەردەکەوێت و “ئاشتی و شەڕ و پاشەکشە” ڕادەگەیەنێت. ئۆجەلان بەپێی پێویستییەکانی دەوڵەتی تورک قسە دەکات.

ئەگەر تەنیا سەیری نامەکەی ئۆجەلان بکەین کە لە نەورۆزی 2013دا ڕاگەیەندرا، دەتوانین بە ڕوونی ئەرک (مسیۆن)ی ئۆجەلان لە دژی کورد ببینین. ئۆجەلان لە نامەکەیدا دەڵێت: “بۆ ئەو کوردانەی کە لەو شارستانیەتە هەزار ساڵانەیان بە ڕەگەز و ئایین و مەزهەبی جیاواز، بە برایەتی و دۆستایەتی پێکەوە ژیاون و پێکەوە دایانمەرزاندووە، دیجلە و فورات برای ساکاریا و مەریچن. چیاکانی ئاگری و جوودی، دۆستی کاچکار و ئەرجییەسن، گۆڤەند و دەلیلۆ لەگەڵ هۆرۆن و زەیبەک خوشک و بران”.

ئۆجەلان کە سیستەمی سەدان ساڵەی بێ ناسنامەیی و بێدەوڵەتی و جینۆساید و چەوساندنەوەی کورد بە برایەتی گۆڤەندان ناودەبات، قبوڵکردنی وەکوو ئیرادەی سیاسیی کورد بەو مانایە دێت کە کورد لەم سەدەیەشدا ژێردەستە بن و شکست بخۆن.

ڕێک لە سەردەمێکدا کە بەهاری عەرەبی ئەزموون دەکرا و کورد توانیبووی هەنگاوی زۆر بۆ خۆیان هەڵبگرن، ئۆجەلان لە هەمان نامەدا گوتی: “ئەمڕۆ ئێمە ئیدی بۆ تورکیایەکی نوێ و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ و داهاتوویەکی نوێ، وشیار دەبین”.

ئۆجەلان و دەوڵەتی تورک دەستی یەکیانگرت و بوونە هۆی ئەوەی کورد لە دەرەوەی فەزای بەهاری عەرەبی بمێنێتەوە و لە چەقی گۆڕانکارییەکان دوور بکەوێتەوە. دوای ئەوەی کە کورد لە شەمەندەفەری بەهاری عەرەبی بەجێما، ئەوجا تورکیا و ئۆجەلان وێکڕا مێزی چارەسەرییان تێکدا و لە ڕێگای شەڕی خەندەقەکانەوە هەوڵی لەناوبردنی نەتەوەی کورد لە باکووری کوردستان درا. ئۆجەلان مەرجی چارەسەری نیە بۆ کورد، بەڵکوو ئامرازێکە کە دەوڵەتی تورک بۆ سەرقال کردن و لەناوبردنی کورد بەکاری دەهێنێت.

مەسەلەکە زۆر ڕوونە، هەتا کاتێک نەتەوەی کورد، ئەرک و مسیۆنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە دروستی نەبینێت، ناتوانێت لە هیچ بوارێکدا هەنگاو بنێت. پرسی باکووری کوردستان لە تەڵەی نێوان “دەوڵەتی تورک ـ پەکەکە و ئۆجەلان”دا لەناو دەچێت.

بۆیە لەم ڕۆژانەدا کە مشتومڕەکان لەسەر بابەتەکانی وەکو پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی، لە ئارادان، پێویستە ڕۆشنبیر و نیشتمانپەروەرانی ڕاستەقینەی کورد بە ڕوونی بڵێن: “ئۆجەلان و پەکەکە ئیرادەی سیاسی ئێمە نین”. ڕاستە کە پەکەکە لە تورکیا زۆر ڕێکخراوە و پارتی سیاسی خۆی هەیە، هێزی چەکداری خۆی هەیە، کەناڵی تەلەفزیۆنی خۆی هەیە، خەڵکانێکی لە چەپگرای تورک هەیە. زۆر ڕێکخراوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دەبێ گەلی کورد ملکەچی ئەو پڕۆژانەی پەکەکە بێت کە لە بەرژەوەندیی کورد و کوردستاندا نییە.

پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بۆ مەحکووم نەبوونی گەلی کورد لە نێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکدا، دەستپێشخەر بن و پرۆسەیەک بە ناوی “کورد چی دەوێت” دەست پێبکەن کە هەموو کورد لەخۆ بگرێت. پرۆسەیەکی چارەسەری پێویستە کە ڕوونی بکاتەوە کوردی باکوور چی بە چارەسەری پرسی کورد دەزانێت و چۆن هەنگاو بە هەنگاو کێشەکە چارەسەر دەبێت. لە دەرەوەی ڕوانگەکانی ئۆجەلان وەک “کورد پێویستی بە دەوڵەت نیە، چارەسەری پرسی کورد بە بێ گۆڕینی سنوورەکان، دەوڵەتی تورکیا دەوڵەتی کوردانیشە، دیموکراتیزەکردنی کۆماری تورکیا، بەڵگەی چارەسەرکردنی رسی کوردە” و بە “نەخشەڕێگای” بەڵگەیی، پرسی کورد لە بێچارەیی ـ نێگەتیفیزم ڕزگار بکات.

سەرەتا پێویستە دەستپێشخەرییەک بێتە ئاراوە و بۆ دامەزراندنی ئەنجومەنێک کە سەرجەم کار و چالاکییەکان بەڕێوە ببات، دەست بە جووڵە بکرێت. بەڵێ، کار و چالاکیی ئەنجوومەنی ناوەندی ـ ئەوروپا کە پەیوەندییە گوماناوی تاریکەکانی نێوان پەکەکە و دەوڵەت تێدەپەڕێنێت و زۆر لایەن تێیدا بەشدار دەبن، دەتوانێت ڕۆڵێکی کاریگەر لە پرۆسەی گفتوگۆکردن لەسەر پرسی کورد بگێڕێت. مەجلیسێکی لەو شێوەیە دەتوانێت کە پرسی هەبوونی گەلی کورد کە بۆتە مەیدانێک بۆ ئیستغلالکاریی پەکەکە و دەوڵەتی تورک، بەرەو زەمینەیەکی نێودەوڵەتیی مەشرووع و کوردستانی ڕابکێشێت.

پێویستە ڕۆشنبیران و نووسەرانی کورد ئەم ئەرک، نیگەرانی، منەمن و هەموو ئەو خاڵانەی کە مرۆڤ ڕادەگرن بننە لایەکەوە و دەست بە جووڵە بکەن بۆ ئەوەی کورد ئەم دەرفەتانەی سەدەی 21 لەکیس خۆیان نەدەن. یان ئیرادەی ڕاستەقینەی کورد یەکدەگرێت و چالاک دەبێت، یانیش دیسان ڕۆحی “دیاپ ئاغا” لە ئۆجەلاندا دەژیتەوە و کورد دەکاتە قوربانیی یەکپاچەریی خاکی دەوڵەتی تورکیا.

پوستێن ھەمان بەش