پێشتر ئەردۆغان ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی سووریا ڕاگەیاندبوو
ئەلێکساندەر لاڤرەنتیڤ، نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری سووریا ڕایگەیاند، تا ئێستا شەرت و مەرجەکانی کۆبوونەوەی نێوان بەشار ئەسەد و ڕەجەب ئەردۆغان سەرۆکەکانی سووریا و تورکیا، پێکنەهاتوون.
لاڤرەنتیڤ لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی “تاس”، ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان وەزارەتەکانی بەرگری ڕووسیا، تورکیا، سووریا و ئێران لە چوارچێوەیەکی چوارقۆڵیدا بەردەوامە، بەڵام هێشتا زووە باس لە کۆبوونەوەکەی ئەسەد و ئەردۆغان بکرێت.
لێدوانەکانی لاڤرەنتیڤ دوای بیست و دووهەمین کۆبوونەوی ئاستانە سەبارەت بە چارەسەری سوریا لە پایتەختی کازاخستان هات و جەختیشی لەوە کردەوە کە تا ئێستا شەرت و مەرجەکانی دیداری ئەسەد و ئەردۆغان جێبەجێ نەکراون.
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە، ڕەجەب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند: “هێشتا هیوادارە لەگەڵ بەشار ئەسەد کۆببنەوە و پێکەوە پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی”.
پێشتر ئەردۆغان ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆکی سووریا ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو کە چاوەڕێی وەڵامی دیمەشق دەکات.