لە ساڵانی 1937-1938دا دەوڵەتی تورک کۆمەڵکوژییەکی گەورەی لە “دێرسیم”ی باکووری کوردستان ئەنجامدا.
87 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی “سەید ڕەزا” سەرکردەی شۆڕشی دێرسیم و هاوڕێکانیدا تێدەپەڕێت. لە شەوی 15 لەسەر 16ی نۆڤەمبەری 937دا، “سەید ڕەزا دێرسیم” و هاوڕێکانی لە گۆڕەپانی “بوگدایێ”ی ئەلعەزیزیدا لە سێدارە دران.
لە ساڵانی 1937 – 38دا، لە دێرسیم کۆمەڵکوژییەکی بێ وێنە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئەنجامدرا. سەید ڕەزا دێرسیم، ئەو سەرکردەیەی کورد کە بەرەنگاری ئەو کۆمەڵکوژییە بوویەوە، ڕایگەیاند: “نەمتوانی ڕووبەڕووی درۆ و فێڵەکانتان ببمەوە، ئەمەش هۆکاری شکستم بوو. بەڵام من لەبەردەمتاندا سەرم نەوی نەکرد، با ئەمە ببێت بە دەردێک لە سەر دڵتان”. بەم قسەیە سەید ڕەزا مانادارترین وانەی مێژووی بە دەوڵەتی تورکی قڕکەر و جینۆسایدکەر دا.
لە نێوان ساڵانی 1937-1938 لە دێرسیم کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدا. کۆمەڵکوژیی دێرسیم بە هێرشیکی سەربازی دەستی پێکرد کە لە 4ی ئایاری 1937 بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی تورکیا دەستیپێکرد کە لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی تونجەلیی تەنکلی” بەڕێوەچوو. بەپێی داتا فەرمییەکان 60 گوند سووتێندران و 13 هەزار و 160 کەس کۆمەلکوژ کران و 11 هەزار و 818 کەسیش ناچار کران کە بۆ پارێزگاکانی ڕۆژئاوای تورکیا کۆچ بکەن. سەرچاوە خۆجێیەکان ڕایانگەیاندووە کە لە کۆمەڵکوژیەکەدا نزیکەی 70 هەزار کورد لە ژن و منداڵ کوژراون. ژنانی دووگیان بە ڕۆمان پارچە پارچە کران و کۆرپلەکانی ناو سکیان بەرلەوەی بێنە سەر دونیا، کوژران. ئەم کردەوە وەحشیانە و نامرۆڤانەیا نەک تەنها لە یادەوەریەکانی خەڵکدا، بەڵکوو لە بەڵگەنامەکانی دەوڵەت و لە ئیفادەی ئەو کەسانەشدا ماون کە کۆمەڵکوژییەکەیان ئەنجامداوە.
ئەو دێرسیمیانەی کە بەرەنگاری ئەو هێرشە وەحشیانەیە بوونەوە، یان بە واتایەکی دیکە لە دژی کۆمەڵکوژییەکە، وەک “شۆڕشگێڕ” سەیر دەکران، هەر لەوکاتە و دواتریش فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەو سەرکردانە دەرکرا کە بەرەنگاری ئەو کۆمەڵکوژییە بوونەوە. لە کاتێکدا کە سەرۆک عەشیرەتەکان یەک بە یەک دەبوون بە ئامانجی جینایەت و ئاڵۆزییەکانی دێرسیم، سەید ڕەزا بەرپرسیارێتی شۆڕشەکەی لە ئەستۆ گرت. سید ڕەزا ئەو کەسە بوو کە ناوی لە ڕاپۆرت و داواکاریییەکانی ئاگادارکردنەوەدا دەردەکەوت کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بڵاو دەکرانەوە.
سەید ڕەزا کێیە؟
سەید ڕەزا لە ساڵی 1863دا لە گوندی “پولور لرتکێ” لەدایکبووە، بەڵام ڕێکەوتی لەدایکبوونی بە وردی نازانرێت.
هاوکات لەگەڵ سەید ڕەزای تەمەن 75 ساڵیدا کە بە کەمکردنەوەی تەمەنی لەسێدارەدرا، 58 کەسی دیکە لە بەناو “دادگای ئیستیقلال”ی دەوڵەتی تورک کە لە شاری ئەلعەزیزی بەڕێوەچوو، بە ئیدیعای “هاندانی سەرهەڵدان” دادگایی کران.
سەید ڕەزا و کوڕە 14 ساڵانەکەی و 5 سەرکردەی بزووتنەوەی کوردی ئەو سەردەمە، لە 15ی نۆڤەمبەردا لە سێدارە دران. هەروەها ئەوانی دیکەش سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێندرا.
لە بیرەوەرییەکانی ئیحسان سەبری چاگلایانگیل کە بەرپرسی جێبەجێکردنی حوکمەکە بووە، بەمشێوەیە باسی لە سێدارەدانی سەید ڕەزا کراوە.
“سەید ڕەزا کاتێک مێزەی قاوەییەکانی بینی، لە دۆخەکە تێگەیشت. پێی وتم: “تۆ من لەسیدارە دەدەیت”، ڕووی لە من کرد و گوتی: لە ئەنقەرەوە هاتوویت بۆ ئەوەی من لەسیدارە بدەیت؟ ئەوە یەکەمجار بوو کە لەگەڵ کەسێک بەرەوڕوو دەبووم کە لە سێدارە دەدرا. پێم پێدەکەنی. داواکاری گشتی پرسیاری ئەوەی کرد کە ئایا نوێژ دەکەیت؟ نەیدەویست وەڵام بداتەوە. داوای دوا قسەی ئەومان کرد. گوتی چل لیرە و کاتژمێرێکم هەیە. “دەتوانن بیدەن بە کوڕەکەم”. سەید ڕەزامان هێنایە دەرەوە. سارد بوو و کەس لە دەوروبەری نەبوو. بەڵام سەید ڕەزا وەک ئەوەی مەیدان پڕ بووبێت قسەی کرد و گوتی ئێمە مناڵی کەربەلایین، شەرمە، زوڵمە، ئەمە قەتڵە”. مووی جەستەم سیخ بوون. ئەم پیرە پیاوە ڕاستە و ڕاست دەڕۆیشت. پاڵێکی بە جەلادەکەوە نا و لایدا، پەتی سێدارەکەی خستە گەردەنی خۆی و بە پێی خۆی شەقێکی لە کورسیەکەی ژێر پێی دا و بۆخۆی خۆی لە سێدارە دا”.
لە شەوی 15 لەسەر 16ی نۆڤەمبەری 1937دا، سەید ڕەزا و هاوڕێکانی “ئوسەنە سەیدی، فندک ئاغا، ڕەسک ئوسەن (کوڕی سەید ڕەزا)، عالیە میرزە سلی، حەسەن ئیڤرایمی و حەسن ئاغا” لە گۆڕەپانی “بوگدایێ”ی ئەلعەزیزی لە سێدارە دران.