عەفرین… لاوێکی کورد لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە شەهید کرا

عەفرین... لاوێکی کورد لەلایەن چەکدارێکی نەنەسراوەوە شەهید کرا

“بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لە عەفرین بەتایبەتی لە ناوچە دوورەدەستەکان لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە”.

گەنجێکی کورد لە گوندی حاج حەسەنە سەر بە ناحیەی جندرێسی هەرێمی عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان، لەلایەن چەکدارێکی نەناسراوەوە شەهید کرا.

سەرچاوە خۆجێییەکان بڵاویانکردەوە، مستەفا جەمیل شێخۆ، تەمەن 16 ساڵ، لە نیوەشەوی چوارشەممە 18/6/2025دا، لەکاتێکدا کە لەسەر زەویەکەی خۆیاندا پاسەوانیی لە پانێلەکانی تایبەت بە بەرهەمهێنانی کارەبا لەڕێگای خۆرەر دەدا، لەلایەن دوو چەکدارەوە کە بە مەبەستی دزیکردن هاتبوونە شوێنەکە، هێرشی کرایە سەر و دەستبەجێ لە شوێنی ڕووداوەکە گیانی لەدەستدا.

سەرچاوەکانی نزیک لە ماڵی قوربانیەکە لە نەخۆسخانەی عەفرین گوتیان کە یەکێک لە هێرشبەرەکان لەکاتی تەقەکردنەکەدا لە لاقی خۆی داوە و لاقێکی بریندار بووە و ماتۆڕەکەی لە شوێنی ڕووداوەکە بەجیهیشتووە و بۆخۆی هەڵهاتووە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، تەرمی ئەو گەنجە کوردە ڕۆژی پێنجشەممە لە گوندەکەی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە.

گوندەکانی هەرێمی عەفرین بە جندرێسیشەوە، لە ناو نەبوونی ئاسایش و بە ڕووداوی دزی و ڕفاندن و کوشتن و پێشێلکارییەکانی دیکە لە دۆخێکی نائەمنیدا جێهێڵراون. زۆرجار گرووپە چەکدارەکانی سوریا و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا لەپشت ئەم ڕووداوانەوەن، بەبێ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست لەلایەن دەسەڵاتی فەرمییەوە بەرامبەریان بگیرێتەبەر.

ڕێکخراوەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەئامانجگرتنی هاووڵاتیانی مەدەنی کورد لە عەفرین بەتایبەتی لە ناوچە کشتوکاڵی و دوورەدەستەکان لەم ساڵانەی دواییدا زیادی کردووە. زۆرجار ئەم ڕووداوانە بەبێ کۆنترۆڵ و بەبێ لێکۆڵینەوەی فەرمی و لێپرسینەوە دەمێننەوە، ئەمەش هەستی نائەمنی لای دانیشتوانی ناوچەکە زیاد دەکات.

پوستێن ھەمان بەش