شاندەکەی ئەنەکەسە باسی لەو پێشێلکارییانەی کردووە کە لەلایەن “پاشماوەی گروپە چەکدارەکان”ـەوە ئەنجام دەدرێن.
شاندێکی ناوچەی عەفرینی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ENKS) سەردانی مەسعوود بەتال، بەڕێوەبەری نوێی هەرێمی “عەفرین”ی ڕۆژئاوای کوردستانیان کرد و داوایان کرد پێشێلکارییەکان دژ بە خەڵک هەرێمەکە کۆتایین پێبهێندرێت و ئیدارەی ناوچەکە بە تەواوی ڕادەستی خەڵکەکەی بکرێت.
ئەحمد حسن، بەرپرسی ناوچەی عەفرینی ENKS، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “فەیسبووک” ڕایگەیاند، سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممە 18ی حوزێرانیان بۆ لای مەسعوود بەتال، بەڕێوەبەری نوێی عەفرین، بە ئامانجی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونیەوە بووە.
هەروەها دەستنیشانیشی کردووە کە لە میانەی سەردانەکەیاندا مەرتاڵێک کەوا ئاڵای سووریای نوێ و ئاڵای کوردستانی لەسەر بووە، وەک دیاری پێشکەش بە بەتال کراوە.
شاندەکەی ئەنەکەسە لە میانی دیدارەکەدا سەرنجی بۆ دۆخی خەڵکی عەفرین ڕاکێشا و باسی لەو پێشێلکارییانەی کردووە کە لەلایەن “پاشماوەی گروپە چەکدارەکان”ـەوە ئەنجام دەدرێن.
شاندەکە بە تایبەتی جەختی لەسەر ئەم پێشێلکاریانەی خوارەوە کردۆتەوە کە دەبێت دەستبەجێ بوەستێنرێن:
ـ وەرگرتنی باجی نایاسایی لە هاووڵاتیان.
ـ دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی خەڵک.
ـ دەستگیرکردنی نایاسایی گەنجان بۆ وەرگرتنی فیدیە.
هەروەک لە بەیاننامەکەی بەرپرسی ناوچەی عەفرینی ئەنەکەسەدا هاتووە، داواکاری سەرەکی ئەنەکەسە ئەوە بووە کە ” دەبێ ئیدارە و ئاسایشی هەرێمی عەفرین بدرێت بە دەستی خەڵکە ڕەسەنی هەرێمەکەوە”.
جگە لەوەش لە کۆبوونەوەکەدا باس لە داهاتووی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد کراوە. هەروەها شاندی ENKS جەختی لەسەر پێویستی دامەزراندنی “سوریایەکی دیموکراتیک، فرەلایەن، پەرلەمانی و لامەرکەزی” کردۆتەوە کە تێیدا هەموو پێکهاتەکان بتوانن بە ئازادی و کەرامەت بژین.
ئەحمەد حەسەن ئاماژەی بەوەشکردووە کە لە چوارچێوەی هەمان سەرداندا، شاندی ناوچەی عەفرینی ئەنەکەسە، سەردانی محەممەد شێخ ڕەشید، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری عەفرینیشیان کردووە.