“ڕەنگە ئێران میلیشیاکانی لە عێراق زیاد بکات، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە.”
ئەمڕۆ دووشەممە، 18/11/2024، ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە “لە ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان لەلایەن عێراقەوە، ئیسرائیل پلانی ڕوونی ئامادە کردووە.”
ڕۆژنامەی “مەعاریف”ـی ئیسرائیلی ڕایگەیاند “هەر جۆرە گرژیەک کە لە لایەن عێراقەوە بێت، ئیسرائیل پلانی داناوە هێرش بکاتە سەر ژێرخان و دامەزراوەکانی گرووپەکان، دواتر سەرنج دەخاتە سەر کوشتنی کەسایەتییەکانی ناو میلیشیاکانی نزیک لە ئێران.”
ڕۆژنامەکە، بە پشت بەستن بە بەرپرسانی هەواڵگری ئیسرائیل و ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە “ڕەنگە ئێران میلیشیاکانی لە عێراق زیاد بکات، ئەمەش وەکوو وەڵامێک بۆ هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل لە لوبنان و غەززە.”
ڕۆژنامەی مەعاریف، باسی لەوەش کردووە “ترسی ئەوە هەیە ئێران پێشتر مووشەکی بالیستی کورتمەودای هێنابێتە ناو عێراقەوە وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.”
گرووپە چەکدارەکانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە ڕایانگەیاند “بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر پێگەیەکی گرنگ لە ئیلات” هاوکات سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە “مووشەکێک لە ئیلات کەوتووەتە خوارەوە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە ئاراستە کرابوو.”
دەستەواژەی “لە ڕۆژهەڵاتەوە” لە لێدوانەکانی سوپای ئیسرائیلدا، ئاماژەیە بۆ عێراق.