دەمیرتاش: ئاشتبوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە چارەسەری کێشەکە ناکات
دەمیرتاش: “تاوەکو لە گرتووخانە بم، ناتوانم لە پرسی چارەسەریدا رۆڵ بگێڕم”.
سدقی زیلان، پارێزەر و سیاسەتڤانی کورد کە رۆژی 17-11-2024 سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەی کرد و لەگەڵی کۆبووەوە، دەڵێت، دەمیرتاش پێی گوتووە، “ئاشتبوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە چارەسەری کێشەکە ناکات، بەڵکو پێویستە تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان پێ بکرێت”.
سەردانەکەی سدقی زیلان لەگەڵ پارێزەر مەحموود کۆیونجو بوو و لە زیندانی ئەدێرنەدا، دوو کاتژمێر لەگەڵ دەمیرتاش گفتوگۆیان کرد.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەوڵەت باخچەلی و ئەگەری دەستپێکردنەوەی پرۆسەیەکی تایبەت بە پرسی کورد، زیلان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “دەمیرتاش رایگەیاند، سەبارەت بە پرۆسەیەکی نوێی چارەسەری هیچ دیدارێکی لەگەڵ ئاکپارتی یان دەوڵەت سازنەکردووە.”
ئەو پارێزەر و سیاسەتڤانە کوردە راشیگەیاند، دەمیرتاش ئامادەیی خۆی بۆ پشتیوانیی هەر پرۆسەیەکی ئاشتی نیشانداوە و لەو بارەیەوە گوتی، “دەمیرتاش ئامادەیە بۆ پشتیوانیکردنی پرۆسەکە. دەمیرتاش بە پێویستی زانی بۆئەوەی بەشداری لە گفتوگۆکانی تایبەت بە پرسی کورد بکات، ئازاد بکرێت و پەیامی ئەوەشی دا کە ئەگەر لە گرتووخانە بێت، ناتوانێت بەشداری لە پرۆسەکەدا بکات.”
بە گوتەی زیلان، دەمیرتاش گوتووشیەتی “ئاشتبوونەوەی دەوڵەت لەگەڵ پەکەکە چارەسەری کێشەکە ناکات، بەڵکو پێویستە تەواوی چینەکانی کۆمەڵگە بەشدارییان پێ بکرێت. ئەگەر پرۆسەکە بەو شێوەیە نەچێتە پێشەوە، ئاشتەوایی کۆمەڵگەیی نایەتەدی. کێشەکە بەوە چارەسەر دەبێت، کورد لە دەوڵەتدا هاوبەشیی پێبکرێت.”
دەوڵەت باخچەلی لە ڕێکەوتی 22/10/2024، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا داوای کرد عەبدوڵڵا ئۆجەلان بچێتە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە رابگەیێنێت و بەو جۆرەش شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا کە زیاتر لە 40 ساڵە بەردەوامە کۆتایی پێ بێنێت.