ئەبوبەكر كاروانی: پەدەکە مەرجی حزبیی نییە، داواكاریی نیشتمانیی هەیە

ئەبوبەكر كاروانی: پەدەکە مەرجی حزبیی نییە، داواكاریی نیشتمانیی هەیە

”دەبوایە یەكگرتوو و كۆی ئیسلامییەكان بەشداری لە حكوومەتدا بكەن“

 ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتمەداری كوردستان، رایدەگەیەنێت كە ئەو خاڵانەی پارتی دیموكراتی كوردستان (پەدەکە) بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان دایناوە، مەرجی حزبی نییە، بەڵكوو داواكاریی نیشتمانیین.

سەرۆك بارزانی، لە دوایین وتاریدا و پێشتریش بە بەردەوامی جەختی لەوە كردووەتەوە كە بۆ داهاتوو، دەبێت (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حكوومەت و یەك هێزی پێشمەرگە) هەبێت.

لەمبارەیەوە ئەبوبەكر كاروانی، سیاسەتمەدار، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: ”بە ڕای من بوایە، یەكگرتوو و كۆی لایەنە ئیسلامییەكان بەشدارییان لە حكوومەتدا دەكرد.“

ڕوونیشی كردەوە: ”ئێستا لە كوردستان زەمینەی ئۆپۆزسیۆنبوون هەر نییە. پێویستە ئێمە قۆناغێكی پێنج شەش ساڵی پێكەوە، ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و هەموومان، قۆناغێكی راگوزەری تێپەڕێنین، دەستوورێك بۆ هەرێم دابنێین، زۆنی سەوز و زەرد نەهێڵین، هێزی پێشمەرگە یەك بخەینەوە، دامەزراوە دروست بكەین، ئەو كاتە مانایەك بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بدەین.“

جەختیشی كردەوە: ”ئێستا كوردستان پێویستیی بە حكوومەتێكی یەكێتیی نیشتمانی هەیە، تاوەكوو ئەم قۆناغە ناسكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێدەپەڕێت. ئێمە ڕووبەڕووی تەحەداكان ببینەوە لە ناوچەكەدا.“

لە كۆتاییشدا لەبارەی ئەو چوار خاڵەی كە پارتی دایناوە بۆ داهاتووی كوردستان، ئەبوبەكر كاروانی گوتی: ”من پێشتریش گوتوومە، ئەوانە مەرجی حزبی نین، داواكاریی نیشتمانیین.“

پوستێن ھەمان بەش