ئوفوک ئوراس پاش کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی: ئامادەکاری جددی بۆ پڕۆسەی نوێ هەیە

ئوفوک ئوراس پاش کۆبوونەوە لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی: ئامادەکاری جددی بۆ پڕۆسەی نوێ کراوە

بەپێی ئەو دەنگۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە، وابڕیارە ئەحمەد تورک و سڕی سورەیا ئۆندەر سەردانی باخچەلی بکەن.

لە هەمبەر ئاژاوەگێڕی و بشێوی و ئەگەری شەڕ، داواکاری و بانگەواز بۆ ئاشتی دێتە ئاراوە. لە فۆڕمی MEPS24دا، وەک سەرۆک بارزانی لە وتاری دەستپێکدا، ڕایگەیاند: “100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد سەری گرت، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە”. لەلایەکی دیکەوە، “ئوفوک ئوراس”، ئەکادیمیست و سیاسەتمەدار دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ “دەوڵەت باخچەلی” ڕایگەیاند، “ئامادەکاریی جددی بۆ پرۆسەکە هەیە و پێشبینی دەکات هەنگاوی گرنگ بنرێت”. بەڵام جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکەپە، باس لەوە دەکات کە داوای لێبوردنی گشتی و هەموارکردنەوەی دەستور بۆ زمانی دایک لە بەرنامە و ڕۆژەڤی ئەواندا نییە.

دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێ بۆ پرسی کورد لە باکوری کوردستان و تورکیا، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS)دا، بابەتێکی گرنگ بوو.

سەرۆک بارزانی لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی ئاشتی لە ناوچەکە و کوردستان کرد و ڕایگەیاند:

“تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین.

زۆریش گرنگە بۆ ئێمە وەكوو كورد لە هەر كوێ بین، بە هیچ شێوەیەك نابێ رێگە بدرێت بە تیرۆر یان پەنا ببەین بۆ تیرۆر، ئەمە ئیمتیحانە بۆ نەتەوەكەمان، ئەوەی ئەم كارە بكات، ئەوەی پێیوابێت بە تیرۆر دەتوانێت خزمەتی كوردستان بكات و نەتەوەی كورد بكات، ئەمە خیانەتێكی گەورەیە لە كوردستان دەكات پێش ئەوەی خیانەت یان دژایەتیی لایەنێكی تر بكات.

ئێمە دەبێ دەستی ئاشتی بۆ هەموویان درێژ بكەین، ئێمە داوای برایەتی بكەین، داوای چارەسەری ئاشتییانە بكەین، من پێموایە ئێستا زەمینە لە هەموو لایەكیش ئامادەیە و زۆر زۆر زیاتر لە جاران”.

پرۆسەی نوێ لە 1ی ئۆکتۆبەردا لە پەرلەمانی تورکیا لەلایەن “دەوڵەت باخچەلی” سەرۆکی “مەهەپە”، کەوتە ڕۆژەڤەوە. ئوفوک ئوراس ئەکادیمیست و پارلمانتاری پێشووی “بەدەپە” سەردانی سەرۆکی مەهەپەی کرد و ڕایگەیاند، ساردبوونەوەیەک لە پرۆسەکەدا هەیە و ئەو داوای کردووە کە خێرایی بە پرۆسەکە بدرێت.

ئوراس دوای دیدارەکەی لەگەڵ باخچەلی ڕایگەیاند: “ئامادەکارییەکی جددی لە ئارادایە. هاوپەیمانی کۆماری، کۆدەنگ و هاوئاهەنگە و ئەو پێشنیازە لە ئەردۆغانەوە دراوەتە باخچەلی. بەڵام نەخشەڕێگای چارەسەری نییە. چاوەڕێ دەکەم لە داهاتوودا لە لێبوردنێکی گشتیەوە تا هەنگاوی دەستووری، هەندێک هەنگاو بگیرێنەبەر”.

ئوراس دوای دیدارەکەی لەگەڵ باخچەلی، لەگەڵ “تونجەر باکرهان”، هاوسەرۆکی پارتی دەم، و “ئەحمەد تورک” سەرۆکی لەکارلادراوی شارەوانی ماردین، دیداری کرد و بەپێی ئەو دەنگۆیانەی کە بانگەشەیان بۆ دەکرێت، وابڕیارە ئەحمەد تورک و سڕی سورەیا ئۆندەر سەردانی باخچەلی بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، عەبدوڵڵا گولەر جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاک پارتی ڕایگەیاند، هیچ گۆڕانکارییەک لە دەستوور بۆ زمانی کوردی لە بەرنامەی ئەواندا نییە و چاوەڕێی ئەوەن لایەنەکان پێشنیازەکانیان بخەنەڕوو. گولەر هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە لێبوردنی گشتی لە ڕۆژەڤی ئەواندا نییە و تا ئێستا لێبوردن هیچ سوودێکی نەبووە.

پوستێن ھەمان بەش