حەیدەر شەشۆ: مەترسیی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شنگال هەیە
“جووڵەی نایاسایی ئەو گرووپە چەکدارانە لە شنگال، دەبێتە هۆی ترسی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکە”.
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان دەڵێت، ”بەشێکی گرووپە چەکدارە عێراقییەکان هەوڵدەدەن چیای شنگال بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاربهێنن”؛ گوتیشی، مەترسیش هەیە ئیسرائیل لە وەڵامدا هێرش بکاتە سەر شنگال.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24/11/2024، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی ئێزیدخان لە کاتی بەشداریکردنی لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی “ڕووداو”ی باشووری کوردستان رایگەیاند، ”مەترسی هەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر شنگال.”
حەیدەر شەشۆ لەبارەی هۆکاری ئەم مەترسییە دەڵێت، ژمارەیەک گرووپی چەکدار لە شنگال هەن، کە بە رەواڵەت سەر بە هێزی بەرگریی عێراقن، ”بەڵام بە کردەوە پابەندی بڕیار و یاساکانی حکومەتی عێراق نین، دەستوەردان لە کاروباری شنگالدا دەکەن و لەوانەیە پلانیان هەبێت کارێک بکەن بۆ ئەوەی شنگال ببێتە قوربانی.”
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان گوتی، ”پێشتر لە سەردەمی رژێمی سەدامیش چیای شنگال بەکارهێنرا بۆ ئەوەی لێیەوە مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل بکرێت. ئەم مەترسییە هەیە کە جارێکی دیکە هەندێک لایەنی چەکدار بۆ بەئامانجگرتنی ئیسرائیل، شنگال بەکاربهێنن.”
دوای فراوانبوونی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان، گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە خۆیان بە مقاوەمەی ئیسلامی دەناسێنن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل زیادکردووە. بەجۆرێک تەنیا لەماوەی 20 رۆژی رابردوودا لانیکەم 65 هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووە.
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی راگەیاندووە، ئەوان دژی ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە بەرامبەریان دەکرێت، مافی بەرگریکردن لە خۆیان و وەڵامدانەوەیان هەیە.
حەیدەر شەشۆ دەڵێت، چەند رۆژە بەشێک لەو گرووپە چەکدارانەی لە شنگالن، جووڵەیان زۆر بووە و هەوڵیانداوە بچنە سەر چیای شنگال، “بۆ ئەوەی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەکاریبهێنن.”
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان گوتیشی، ئەو گرووپە چەکدارانە بە پاڵپشتیی عێراق لەوێن و سەرجەمیان سەر بە حکومەتی فیدراڵین. ”هیوادارین گرووپە چەکدارە عێراقییەکان کە ئەمڕۆ وەکو بەشێک لە هێزی بەرگریی عێراق هەژمار دەکرێن، خاکی شنگال بۆ بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی سیاسی یان گرووپی چەکدار بەکارنەهێنن و خەڵکی شنگال نەبنە قوربانیی ئەو پیلانە.”
سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر شنگال، حەیدەر شەشۆ گوتی ”ئێمە، ناتوانین بە تەواوی ئەمە پشتڕاست بکەینەوە، کە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر شنگال یان نا، بەڵام ئەم مەترسییە هەیە، لەبەرئەوەی لە هەفتەی رابردوودا دوو جار بە درۆن (لەلایەن تورکیاوە) هێرش کراوەتە سەر شنگال و حکومەتی عێراق هیچ کاردانەوەیەکی نەبووە.”
بە گوتەی فەرماندەی هێزی ئێزیدخان، پۆلیسی عێراق ناتوانێت رێگری لەو گرووپە چەکدارانە بکات، ”هەر لایەنێک دەتوانێت خاکی شنگال بەکاربهێنێت کە لە ئەگەری بەکارهێنانیدا، مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خەڵکی شنگال دروست دەبێت.”
حەیدەر شەشۆ گوتی “بەشێک لەو گرووپە چەکدارانە، چەکی نوێ و کەرەستەی سەربازییان هێناوەتە نزیک چیای شنگال و هەوڵدەدەن بچنە سەر چیاکە، ‘بەڵام لەلایەن بەشێکی دیکە لە گرووپە چەکدارەکانەوە رێگرییان لێکراوە.”
بەگوتەی حەیدەر شەشۆ هۆکاری رێگریکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە روون نییە، ”چونکە لە لایەکەوە پێکەوە کار دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە ناکۆکییان لەنێواندا هەیە.”
فەرماندەی هێزی ئێزیدخان پێیوایە، جووڵەی نایاسایی ئەو گرووپە چەکدارانە لە شنگال، دەبێتە هۆی ترسی ئەو ئاوارانەی گەڕاونەتەوە ناوچەکە و، ”لەوانەیە بەگشتی خەڵکەکە بڵێن، ئێمە ناتوانین بگەڕێینەوە ناوچەکە تاوەکو ئەو کاتەی حکومەتی عێراق رێککەوتنی (شنگال)ی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بە تەواوی جێبەجێی دەکات و، شنگال دەگەڕێتەوە ژێر کۆنترۆڵی فەرمیی حکومەت.”
حەیدەر شەشۆ جەختی لەوە کردەوە، ”نابێت خەڵکی شنگال رێگە بە هیچ لایەنێک بدەن خاکی ئەو ناوچەیە بۆ هێرشکردنە سەر هەر وڵاتێک، یان بۆ بەرژەوەندیی لایەنێک بەکاربهێنرێت، ئەم بابەتە خاکی شنگال و خەڵکەکەی دەکاتە قوربانی.”
دووشەممەی رابردوو، ئیسرائیل رایگەیاندبوو، لە نامەیەکدا داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییش کردووە “گوشار” بخەنە سەر عێراق بۆ ئەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بووەستێنێت، کە وەکو پشتیوانییەک بۆ حەماسی فەلەستینی و حیزبوڵڵای لوبنانی، دەیان هێرشی درۆنییان کردووەتە سەر ئیسرائیل.
لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دهۆکیش، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق گوتی، حکومەتی ئیسرائیل “پەیامی زارەکی و نووسراو”ـی بۆ حکومەتی عێراق ناردووە، کە ئەوەش “واتای ئەوە دەگەیێنێت، هەندێک رێکار وەکو ئامادەکاری بۆ هێرشکردنە سەر عێراق گیراونەتەبەر.”
فوئاد حوسێن روونیشیکردەوە، “هەنگاوی نێوخۆیی و دەرەکی لەبەرامبەر هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق گیراونەتەبەر.”