لە تورکیا و باکوری کوردستاندا ڕۆژانە هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیان دەستبەسەریان دەکەن.
لە دیلۆک و مانیسا 21 کەس بە تۆمەتی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان و “پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە” دەستبەسەرکران.
ماوەی چەند ڕۆژێکە، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک لە زۆرێک لە شارەکانی تورکیا و باکوری کوردستاندا هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و بە بیانووی ئەندامەتی لە پەکەکەدا، خەڵک دەستبەسەر دەکەن.
بەڕێوەبەرایەتی ئەمنیەی تورکیا لە دیلۆک ڕایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی شاخەی “دژە تیرۆر” بە هاوکاریی داواکاری گشتی دیلۆک هەڵمەتەکەیان ئەنجامداوە.
بەگوێرەی زانیاریەکان لەو هێرشانەدا 15 کەس بە بیانووی ئەوەی کە پێشتر بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکان کردووە و “پڕوپاگەندەیان بۆ پەکەکە کردووە” دەستبەسەر کراون.
هەروەها ئۆپەراسیۆنێک لە شاری مانیسای تورکیاش ئەنجامدرا.
تیمەکانی شاخەی “دژەتیرۆر”ی سەر بە فەرماندەیی جەندرمەی مانیسا لە ناوچەکانی شەهزادەلەر، یونوسەمەرە، گۆڵمارمارا و ئالاشەهردا، 10 کەسیان دەستبەسەر کردووە.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە گۆیا ئەو کەسانە لە پڕوپاگەندەیان بۆ پەکەکە کردووە.
لە تورکیا و باکوری کوردستاندا ڕۆژانە هێزە ئەمنییەکان دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکەوە هەڵدەکوتنە سەر ماڵی هاوڵاتیانی سڤیل و دواتر بە تۆمەتی جۆراوجۆر هاوڵاتیانی مەدەنی و سیاسەتمەدارانی کورد دەستبەسەر دەکەن.
بەتایبەتی دوای لەکارلادانی سەرۆک شارەوانییەکانی ماردین، ئێلهـ و خەلفەتی باکووری کوردستان و دانانی قەییۆم لە شوێنیان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە هەڵکوتانە سەر ماڵی هاووڵاتیانی کورد و دەستبەسەر کردنی کوردانیان زیاتر کردووە.