گرووپە چەکدارەکان، هەسەدە بە خیانەتکردن لە شۆڕش و پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد تۆمەتبار دەکەن

گرووپە چەکدارەکان، هەسەدە بە خیانەتکردن لە شۆڕش و پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد تۆمەتبار دەکەن

ئەنجوومەنی سەربازی منبج: هەوڵیکی گرووپە چەکدارەکانمان بۆ پەڕینەوە لە گوندی تل ئەسوەد تێکشکاندووە.

گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا ڕایانگەیاند کە هێرش دەکەنە سەر شاری منبج کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)دایە. میلیشیاکان، هەسەدە بە خیانەتکردن لە شۆڕش و پاڵپشتیکردنی بەشار ئەسەد تۆمەتبار دەکەن.

تاقمە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، لە زۆر شوێن هەوڵیانداوە پەلاماری هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بدەن.

ئەو گرووپە چەکدارانە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوندێکیان لە باشووری منبج کۆنترۆڵ کردووە، بەڵام هەسەدە ئەمەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

ئەنجوومەنی سەربازی منبج ڕایگەیاندووە، لە بەرپەرچدانەوەی هێرشی میلیشیاکاندا چەندین شەڕڤان شەهید بوون.

ئەنجومەنەکە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە هەوڵیکی گرووپە چەکدارەکانیان بۆ پەڕینەوە لە گوندی تل ئەسوەد تێکشکاندووە و لەو بەرەنگاربوونەوەیەدا 3 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.

دوای چەند ڕۆژێک لە هێرشەکەی تەحریر ئەل ـ شام بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا، گرووپە چەکدارەکان بە پاڵپشتی تورکیا لە دژی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە دەستیان بە ئۆپەراسیۆن کرد.

ئەو ڕێکخراوە چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، بەڵام لە هەمان کاتدا هەئیەی تەحریر ئەل ـ شام و هەسەدە ڕێککەوتوون کە شەڕی یەکتر نەکەن.

تاقمێک لە میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیا بەناوی “سوپای نیشتیمانی سوریا”، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) بە “خیانەت لە شۆڕش” و پاڵپشتیکردنی حکومەتی بەشار ئەسەد” تۆمەتبار دەکەن.

سوپای نیشتیمانی سوریا داوای لە خەڵکی منبج کردووە لە بنکە سەربازییەکانی هەسەدە دوور بکەونەوە.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی نزیک لە بەڕیوەبەریی خۆسەری ڕۆژئاڤا بڵاویانکردەوە، سوپای تورکیا و میلیشیا بەکرێگیراوەکانی بە چەکی قورس 11 گوندی منبجیان تۆپباران کردووە.

پوستێن ھەمان بەش