هەسەدە: حکوومەتی دیمەشق و میلیشیاکانی، لە دێرەزۆر و حەلەب ئاگربەستیان پێشێل کرد

هەسەدە: حکوومەتی دیمەشق و میلیشیاکانی، لە دێرەزۆر و حەلەب ئاگربەستیان پێشێل کرد

هەسەدە: “میلیشیاکان زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سووریاو چەکی قورسیان بەکارهێناوە”.

هێزەکانی سووریای سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) حکوومەتی دیمەشق و میلیشیاکانی، لە دێرەزۆر و حەلەب بە پێشێلکردنی ئاگربەست تاوانبار دەکات. بە گوێرەی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە، ئەو هێرشە دووبارانە، “ڕێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد شەرع دەخاتە مەترسییەوە”.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئەمڕۆ شەممە 9ی تەباخ ڕاگەیاندراوێکی دەربارەی هێرشەکانی سەر هەرێمەکە، بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند خەڵکی سووریا چاوەڕێی ئارامییە، بەڵام میلیشیا چەکدارەکانی بەکرێگیراوی تورکیا و ژێر چەتری حکوومەتی دیمەشق، لە پێشێل کردنی ئاگربەست بەردەوامن.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدە بەم جۆرەیە:

“لە کاتێکدا گەلی سووریاو هەموو لایەنە پابەندەکان بە چارەسەری ئاشتیانە چاوەڕێی سەقامگیری لە سەرانسەری سووریا دەکەن، هێشتا ئەو گروپانەی سەر بە تورکیا كە لە ژێر چەتری حکومەتی دیمەشقدا کاردەکەن بەردەوامن لە پێشێلکردنی ئاگربەست لە چەند ناوچەیەک، لەوانە دێرەزۆر، دێرحافر، بەنداوی تشرین و تەل تەمر. هەروەها ئەم گروپانە لە دەوروبەری گەڕەکی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە شاری حەلەب جموجۆڵی گوماناوی دەکەن، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو رێککەوتنەیە کە لە 1ی نیسانی 2024 لەنێوان ئیدارەی دوو گەڕەکەکەو ئیدارەی دیمەشق ئیمزاکراوە.

ئەو گروپانەی باسمانکرد زیاتر لە 22 جار هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەکانی باکورو رۆژهەڵاتی سووریاو چەکی قورسیان بەکارهێناوە، ئەمە جگە لە هێرشی زەمینی و هەوڵدان بۆ پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بۆ هێرشکردنەسەر بنکەی هێزەکانمان لە دێرەزۆر. ئەم هێرشانە بوونەتە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 11 هاوڵاتی مەدەنی و زیانێکی بەرچاو بە ناوچەکانی دانیشتووانی مەدەنی. ئەم هێرشانە پێچەوانەی ڕۆحی ئەو رێکكەوتنەن کە لەنێوان بەڕێز ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانمان ئەنجامدراوە، بەتایبەتی کە جەوهەری ئەم رێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستێکی تەواو و پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەهێزكردنی دەرفەتی چارەسەری سیاسییە.

بەدرێژایی ماوەی رابردوو دانمان بەخۆماندا گرتووەو سەرەڕای هێرشەكان ویستومانە ئارامی بپارێزین، لەبەرئەوەی باوەڕمان وایە سەقامگیری سووریا پێویستی بە هاوبەشیی راستەقینەو بەرپرسیارێتی هاوبەش هەیە لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە. لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامی ئەم هێرشانە متمانەکردن بە یەکتر دەخاتە مەترسییەوە، لێکتێگەیشتنەکان بەرەو شکست دەبات و زیهنیەتی شەڕ زیندوو دەکاتەوە، ئەمەش لە سەردەمێکدا کە سووریا زۆر پێویستی بە دیالۆگ هەیەو حکومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتی تەواوی لە ئەستۆ دەگرێت.

بانگەواز لە حکومەتی دیمەشق و گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق و ئەو گرووپانەی هاوکاری لە تورکیا وەردەگرن، دەکەین؛ دەستبەجێ پێشێلکارییەکان ڕابگرن و پابەندبن بە خاڵەکانی ڕێککەوتنەکەوە. بانگەواز لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و رێکخراوە یاساییەکان دەکەین کە پێشێلکارییەکان بوەستێنن و کاربکەن بۆ دڵنیابوون لە ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنەکە. دەستمان کراوەیە بۆ دیالۆگو  هاوکاری لەپێناو سووریایەکی ئارام و سەقامگیر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەر ڕێوشوێنێکی پێویست بگرینەبەر بۆ ئاسایش و مافەکانی گەلەکەمان”.

پوستێن ھەمان بەش