دوو شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستدا

دوو شەڕڤانی هەسەدە گیانیان لەدەستدا

هەسەدە: “هێرشەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی داعشدایە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە”.

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) رایگەیاند، 2 شەڕڤانیان لە دێرەزۆر کراونەتە ئامانج و گیانیان لەدەستداوە.

هەسەدە لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لەسەر مالپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە “چەکدارانی داعش کە ماتۆڕسکیلێکیان پێبووە، دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلێکی هێزەکانیان کردووە، کە لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی سەربازیی خۆیاندا بوون”.

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، هێرشەکە کاتژمێر 8ـی شەوی چوارشەممە روویداوە لە شارەدێی بەحرەی ناوچەی هەجین لە گوندەواری دێرەزۆر.

هەسەدە ڕاشیگەیاندووە کە ئەو هێرشە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی داعشدایە بۆ تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە و جەختی کردۆتەوە کە شەڕڤانانی هەسەدە هیچکات لە بەرگریکردن لە هاووڵاتییان ڕاناوستن و بەڵێنی بە بنەماڵەی ئەو دوو شەڕڤانە داوە کە تۆڵەی ڕۆڵەکانیان لە داعش بکاتەوە.

بەپێی زانیاریەکان، ماوەی چەند هەفتەیەکە جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە سنووری پارێزگای دێرەزۆر زیادیکردووە و هەسەدە بەردەوامە لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی دژی چەکدارانی ئەو رێکخراوە.

پوستێن ھەمان بەش