بەرەی کوردستانی سووریا: کۆنفرانسی حەسەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام پێویستە فیدراڵیزم بنچینە بێت

بەرەی کوردستانی سووریا: کۆنفرانسی حەسەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام پێویستە فیدراڵیزم بنچینە بێت

“هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیانە بۆچوون و داواکارییەکانیان دەرببڕن و ئەمەش مافێکی ڕەوایە”.

بەرەی کوردستانی سووریا کۆنفرانسی یەکهەلوێستیی پێکهاتەکانی بە “هەنگاوێکی ئەرێنی و پێشکەوتنخوازانە” ناوبرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕەخنە و سەرنجی جددی خۆی لەسەر هەندێک لەو خاڵانەی لە کۆنفرانسەکەدا خراونەتەڕوو، دەربڕی.

دوێنێ هەینی ڕێکەوتی 8ی تەباخ، کۆنفرانسی یەکێتیی پێکهاتەکان لە شاری حەسەکە بەڕێوەچوو و لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا داوای بنیاتنانی سووریایەکی لامەرکەزی و دیموکراتیک کراوە، کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان بە دەستوورێکی نوێ مسۆگەر بکرێت.

ئەمڕۆ شەممە 9ی تەباخ، بەرەی کوردستانی سووریا هەڵوێستی خۆی بەم شێوەیە ڕاگەیاند:

بەڕیوەبەریی پەیەدە لە شاری حەسەکە کۆنفرانسێکی بە بەشداری نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکانی ناوچەکە سازکرد و ئێمە ئەم کارە بە هەنگاوێکی پێشکەوتوو و گرینگ دەزانین، بەڵام جەخت لەوە دەکەینەوە کە تێبینی و ڕەخنەی جددیمان لەسەر ئەوە هەیە کە باسی لێوەکراوە.

ئێمە بانگەوازی دەستوورێکی دیموکراتیک بەرز دەنرخێنین کە مافی هەموو پێکهاتەکان زامن بکات و بەشدارییەکی سیاسی و ئیداری ڕاستەقینە دابمەزرێنێت. هەروەها جەختکردنەوە لەسەر دادپەروەری ئینتقالی و ئاشتەوایی نیشتمانی وەک بنەمایەک بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام و دادپەروەرانە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دووبارە کێشانەوەی سنوورە ناوخۆییەکانی ئێستا کە تایبەتمەندییە دیمۆگرافی و کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی پێکهاتە ناوخۆییەکان لەبەرچاو بگیردرێت. بەڵام هەسەدە (قەسەدە) و پەیەدە ناتوانن بە تەنیا بڕیاری سیاسی بخەنە ژێر دەستی خۆیان و پارتە کوردییەکان لەو کۆنفرانسە دوور بخەنەوە. ئەم جۆرە کۆنفرانسانە پێویستە کۆنفرانسی گشتگیر بن بۆ هەموو لایەنەکان کە بتوانن بۆچوونێکی سیاسی هاوبەشی لێ وەربگرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی پێکهاتەکان پیشان بدات.

لەم ڕووەوە پێویستە ئەوانەی بەم کۆنفرانسە هەستاون، مەبەستی خۆیان سەبارەت بە لامەرکەزیش ڕوون بکەنەوە، کە ئایا لامەرکەزییەکی سیاسی یان مەبەستیان فیدرالیزمە؟ دەبینین لە سیستەمی فیدراڵیدا دەستووری فیدراڵی گەرەنتی دەستووری بۆ پاراستنی مافی هەرێم و قەوارەکان دابین دەکات و دەسەڵات و داهاتی وڵات بە شێوەیەکی دادپەروەرانە دابەس نەکێن و ڕێگە نادات ئەزموونەکانی ڕابردوو کە ببوونە هۆی پشتگوێخستن و دوورخستنەوە و پەراوێزخستن، دووپات ببنەوە.

ئێمە وەک بەرەی کوردستانی سووریا، دەبینین ئامانجی پەیەدە و هەسەدە، کە ئەم کۆنفرانسەیان هێناوەتە ئاراوە، ئەوەیە کە دەسەڵاتی بڕیاردانی سیاسی تەنها لە دەستی خۆیاندا بێت، کە شاندەکانی دانوستان لەگەڵ دیمەشق باشتر دەکات. لە هەمان کاتدا حکومەتی ئینتقالی تەنها وەک لایەنێکی چەکداری دەسەڵاتدار لەگەڵ هەسەدەدا دانوستان دەکات. بەم شێوەیە ئاستەنگ بۆ دانوستان لەگەڵ شاندەکانی نوێنەرایەتی کورد یان قەوارەکانی تر دروست دەکات. هەروەها ئەوە نیشان دەدات کە حکومەتی ئینتقالی تەنها لە ڕوانگەی ئەمنیەوە سەیری پرسی کورد دەکات.

لە کاتێکدا پێشوازی لە جەختکردنەوەی بەیاننامەی کۆنفرانسی حەسەکە لەسەر پابەندبوونی بە دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی هاوبەشی نیسانی 2025، دەکەین، ئەوەش دەڵێین کە نابێ بە هۆی دەرئەنجامەکانی کۆنفرانسی هاوبەشەوە زەق بکرێنەوە، بەتایبەتی ئەو خاڵەی کە باس لەوە دەکات کە کوردستانی سووریا پێویستە ناوچەیەکی یەکگرتووی ئیداری و سیاسی بێت لە چوارچێوەی سوریایەکی فیدراڵیدا، هەروەها گەرەنتیکردنی مافەکانی گەلی کورد بەگوێرەی ڕێککەوتننامە و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، کە دەبێ بەشێکی سەرەکی بێت و لە هیچ دانوستان و ڕێککەوتنێکدا وازی لێ نەهێنرێت.

ئێمە جەخت لەوە دەکەینەوە کە هەموو پێکهاتەکان مافی خۆیانە بۆچوون و داواکارییەکانیان دەرببڕن و ئەمەش مافێکی ڕەوایە، دوور لەو سیاسەتی دوورخستنەوە و هەڕەشانەی کە حکومەتی کاتی هەوڵدەدات بە زۆر جێبەجێیان بکات.

بەرەی کوردستانی سوریا

9/8/2025

پوستێن ھەمان بەش