لە کۆنفرانسەکەی حەسەکەدا داوای بنیاتنانی سوریایەکی لامەرکەزی و دیموکراتیک کراوە، کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکرێت.
حکومەتی سوریا سەبارەت بە “کۆنفرانسی یەکهەڵوێستیی پێکهاتەکان” ڕایگەیاند کە ئەوان لە پرەنسیپدا پشتگیری لە گفتوگۆ دەکەن، بەڵام مەرجی سەرەکی پاراستنی یەکێتی خاک و گەلی سوریایە و هۆشداریشیدا کە فۆڕمی دەوڵەت بە “هەڕەشە و هێزی چەکدار” دیاری ناکرێ.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا “سانا” ئەمڕۆ شەممە، 9ی تەباخ بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی بەرپرسیار لە حکومەتی سووریا بڵاویکردەوە، کە هاووڵاتیان مافی کۆبوونەوەی ئاشتیانە و گفتوگۆی بنیاتنەریان هەیە، دەوڵەتیش ئەم مافە دەپارێزێت، بەڵام ئەمە دەبێت “لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی یەکگرتووی نیشتمانیدا بێت کە یەکێتی سووریا وەک خاک و گەل و سەروەری بپارێزێت”.
سەرچاوەکە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان مافی خۆیانە بۆچوونی سیاسی خۆیان دەرببڕن و کۆبوونەوە ساز بکەن و حزب و پارتی خۆیان دابەرزێنن، بەڵام بە مەرجێک کە کردەوەکانیان ئاشتیانە بێت، “لە دژی دەوڵەت چەک هەڵنەگرن” و بۆچوونەکانیان لە سەر فۆرمی دەوڵەتی سووریا فەرز نەکەن.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا حکومەتی سووریا ئەو بیرۆکەیەی ڕەتکردەوە کە فۆڕمی دەوڵەت بە “ڕێککەوتنی فراکسیۆنەکان” دیاری بکرێت و ڕایگەیاند کە ئەم پرسە تەنها لە ڕێگەی “دەستوورێکی هەمیشەیی پەسەندکراو بە ڕیفراندۆمێکی جەماوەری”یەوە چارەسەر دەکرێت. ڕاشیگەیاندووە کە هەرچەندە هەموو هاووڵاتییەک مافی ئەوەی هەیە بۆچوونی خۆی دەرببڕێت، بەڵام پێویستە ئەمە لە ڕێگەی “دیالۆگی گشتی و سندوقەکانی دەنگدان”ـەوە بکرێت، نەک لە ڕێگەی “هەڕەشە یان هێزی چەکدارییەوە”.
ئەم لێدوانە لە سەرچاوەیەکی حکوومەتی دیمەشقەوە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان “کۆنفرانسی یەکهەڵویستیی پێکهاتەکان” بەڕێوەچوو. لە ئەنجامنامەی کۆنفرانسەکەدا داوای بنیاتنانی سوریایەکی لامەرکەزی و دیموکراتیک کراوە، کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان لە ڕێگەی دەستوورێکی نوێوە مسۆگەر بکرێت.