قەرەسوو: ” بۆ کاری کۆمیسۆنەکە ماوەی دوو بۆ سێ مانگ دیاری کراوە کە زۆر کەمە و تەنیا کار بۆ چارەنووسی چەکدانان دەکات”.
ئەندامێکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە دووپاتی دەکاتەوە، ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا زۆر کەمە و دەبێت زیاتر بێت. دەشڵێت: تا ئێستا بە تەواوی ئامانجەکانی کۆمیسیۆنەکە ڕوون نین.
مستەفا قەرەسو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) لەبارەی دامەزاندی کۆمیسۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی، ڕایگەیاند “پێویستە پرسی کورد بە ڕێگەی دیموکراسیکردنەوە لە پەرلەمانە کاری بۆ بکرێت. دامەزراندنی کۆمیسیۆن لەناو پەرلەماندا شتێکی گرنگە؛ بەڵام لەو گرنگتر ئەوەیە، ئەم کۆمیسیۆنە چۆن کار دەکات و ئامانجەکانی چی دەبن؟”
ئەو ئەندامەی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتیی کەجەکە گوتیشی “پێویست بوو کۆمیسیۆنەکە بە یاسا دامەزرابا و ئامانجەکانی ڕوونتر و ڕاشکاوانەتر با، چونکە تا ئێستا بە تەواوی ئامانجەکانی ڕوون نین، ئایا کۆمیسۆنەکە چۆن کار بۆ دیموکراسیکردنی تورکیا و چارەسەرکردنی پرسی کورد دەکات؟”.
لەبارەی ماوەی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە، قەرەسو باسی لەوە کرد “ماوەی دوو بۆ سێ مانگ دیاری کراوە بۆ کاری کۆمیسۆنەکە؛ ماوەکە زۆر کەمە و تەنیا کار بۆ چارەنووسی چەک دانان دەکات، کە ئەمە تەنیا بەس نییە، بەڵکوو پێویستە کۆمیسۆنەکە کار بۆ سەرچاوەی ئەو هۆکارانە بکات کە بوونەتە هۆی دروستبوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ئەویش دۆز و پرسی کوردە.”
یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا
ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە، 05ـی ئابی 2025، کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ دابینکردنی زەمینەی یاسایی پرۆسەی ئاشتی بە سەرۆکایەتی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی وڵاتەکە کۆبووەوە و، ناوی کۆمسیۆنەکە کرایە “کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانی”.
کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تایبەت بە پرۆسەی ئاشتی لە 48 ئەندام پێکدێت، ئاکپارتی 21 ئەندام، جەهەپە 10 ئەندام، هەریەکە لە دەم پارتی و مەهەپە 4 ئەندام، هەریەکە لە ئیی پارتی و یەنی یۆڵ 3 ئەندامیان لەو کۆمیسیۆنەکە بۆ دیاریی کراوە و پارتەکانی دیکە کە فراکسیۆنیان نییە، هەر یەکەیان ئەندامێکیان بەرکەتووە.
“کۆمیسیۆنەکە پەرلەمان دەستوور هەموار ناکاتەوە”
نوعمان کوتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند “پەرلەمانی وڵاتەکەمان ناوەندی چارەکردنی کێشە و ناکۆکییەکانە. ئەو کۆمیسیۆنەی بە بەشداریی نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان دامەزرێنراوە، کار بۆ نوێکردنەوەی دەستوور ناکات، بەڵکوو پەرە بە برایەتیی نێوان گەلانی وڵاتەکەمان دەدات و کار بۆ کۆتایهێیان بە تیرۆر دەکات.”
کوتوڵموش لەبارەی ئەرکی کۆمیسیۆنەکە و پێشنیازی لایەنە سیاسییەکان، گوتی “هیچ بابەتێک نییە باسی لێوە نەکرێت، تا ئەو کاتەی ئێمە ئامادەبین گوێ لە یەکتری بگرین، بە مەرجێک هەموو بۆچوونێک ئیرادەی یەکڕیزی و برایەتی لەخۆ بگرێت. لەگەڵ چەکدانانی تەواوەتی (پەکەکە)، پێشنیاز و ئامادەکردنی یاسایی نوێ کە ئاشتی دەکاتە هەمیشەیی، لە ئەرکەکانی ئەم کۆمیسیۆنەیە.” ئاماژەی بەوەش دا، دوای چەکدانانی پەکەکە “قۆناغێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و لە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییداین. کۆمیسیۆنەکە ڕێکارەکانی پرۆسەکە خێراتر دەکات و ڕێکیان دەخاتەوە.”
لەبارەی برایەتیی نێوان کورد و تورک، کوتوڵموش ئەوەی خستەڕوو “برایەتیی نێوان کورد و تورک سەدان ساڵ بەردەوام بووە و پێکەوە چەندان شەڕیان لە دژی دوژمنان کردووە. نەک تەنیا لە ڕووی سەربازییەوە، بەڵکوو لە چەندان بواری دیکەشدا پەرەیان بە برایەتیی نێوانیان داوە. لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیهان، پێویستە پەرە بە برایەتیی نێوخۆمان و ئاشتی کۆمەڵایەتی بدەین تا داهاتووی وڵاتەکەمان پڕشنگدارتر بێت.”