قەرەیەڵان: پارلمان شوێنی چارەسەرییە، داخوازی چەکدانانی هەسەدە مەنتیقی نیە

قەرەیەڵان: پارلمان شوێنی چارەسەرییە، داخوازی چەکدانانی هەسەدە مەنتیقی نیە

قەرەیلان: دامەزراندنی کۆمیسیۆنی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا هەنگاوێکی ئەرێنی و گونجاوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە دامەزراندنی کۆمیسیۆنی ئاشتیی لە پارلمانی تورکیا بە هەنگاوێکی ئەرێنی و گونجاو وەسف کرد. هەروەها سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سوریاش دەڵێ: “هەتا دەستوورێکی نوێ لە سووریا پەسند نەکرێت، چەکدانانی هەسەدە لۆژیکی نییە”.

قەرەیلان بە یەکێک لەمیدیاکانی نزیک لە پەکەکەی ڕاگەیاند، ئەوان دامەزراندنی کۆمسیۆنەکەی پارلمانی تورکیا بە گرنگ دەزانن و گوتوویەتی: “بێگومان پەرلەمانی تورکیا شوێنی چارەسەرکردنە، دامەزراندنی کۆمسیۆنێک هەنگاوێکی گونجاوە، بەڵام ئەم هەنگاوە نابێت بۆ بەرژەوەندی سیاسی کاتی و حیساباتی دەنگەکان بێت، بەڵکوو پێویستە بەشیوەیەکی ستراتژیک بێت و بۆ بەرژەوەندی هەموو گەلانی تورکیا بێت”.

“ئازادیی ئۆجەلان مەرج نییە، بەڵام بۆ پێشخستنی پرۆسەکە فەرزە”

قەرەیلان سەرنجی خستە سەر ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا و ڕایگەیاند کە ئەوان لایەنێکی سەرەکین بۆ کێشەکە و پێویستە بۆچوونەکانیان لەبەرچاو بگیردرێن. ناوبراو ڕاشیگەیاند: “ئەکتەر و موخاتەبی سەرەکیمان ڕێبەر ئاپۆیە، دەبێت بۆچوونی بزووتنەوەکەمان لەبارەی چارەسەریەوە بڵاو بکاتەوە. هیوادارین ڕوو لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن، چوونکە ئەو دانوستانکارە، پێویستە وەک موخاتەب ببیندرێت”.

قەرەیلان هەروەها ڕایگەیاند کە هەتا ئەندازیاری پرۆسەکە لە زینداندا بێت، ئاشتی کۆمەڵایەتی بەدی نایەت و وتی “ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مەرج نییە، بەڵکو بۆ پێشخستنی پرۆسەکە ڕەوشێکی سروشتی و فەرزە”. هەروەها باسی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئەوروپاش سەبارەت بە “مافی هیوا” کرد و ڕایگەیاند کە تورکیا دەبێت یاساکانی خۆی بەپێی ئەم بڕیارە هەموار بکاتەوە.

“سیاسەتی دیموکراتیک ستراتیژییە، خەباتی چەکداری تاکتیکییە”

سەبارەت بە بانگەوازی ئۆجەلان بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، قەرەیلان ئەمەی بە گۆڕانکارییەکی ستراتیژی گرنگ پێناسە کرد و وتی: “بە پێی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ، چیتر خەباتی چەکداری ستراتژیک نییە، بەڵکو سیاسەتی دیموکراتیک ستراتژیکە و ئەمەش بۆ هەموو ئەو لایەنانەی پەیوەستن بەم هێڵەوە کارا نییە”.

بەڵام لە نێوان ستراتیژی خەباتی چەکدارانە و پرسی “چەکدانان”دا جیاوازیی دانا. قەرەیلان وتی: “داماڵینی چەک پرسێکی تاکتیکییە و پەیوەستە بە هەلومەرجی وڵاتانەوە، بەبێ یاسا و دەستوورێکی باوەڕپێکراو، مافی بەرگریکردن لەخۆ ڕەوایە”.

“چەکدانانی هەسەدە لۆژیکی نیە”

موراد قەرەیلان بانگەوازەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیای بۆ داماڵینی چەک لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)ی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند کە هەتا ئەو کاتەی دەستورێکی بنەڕەتی نوێ لە سووریا پەسند بکرێت کە مافەکانی هەموو پێکهاتەکان گەرەنتی بکات، داواکارییەکی لەو شێوەیە بێ مانایە و نالۆژیکییە.

قەرەیلان سەرنجی خستە سەر نەبوونی سیستمێکی دادوەری و دەوڵەتێکی باوەڕپێکراو لە سووریا و وتی: “لەوێ هێشتا دەوڵەت نەبووە بە دەوڵەت!” هەروەها هێرشی هێزەکانی لایەنگری دەوڵەتی لە لازقیە دژی عەلەویەکان و لە سویدا دژی دروزیەکان وەک نموونە هێنایەوە و ڕایگەیاند کە لەبری دادگاییکردن، “لەسێدارەدان بە بێ دادگاییکردن” ئەنجام دەدرێت. بۆیە پێداگری لەسەر چەکدانان لە وەها دۆخێکدا وەک “گۆڕینی ڕێڕەوی ئاو بەرەو ژوور” وایە، واتە شتێکە کە مومکین نییە.

قەرەیلان جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی هەسەدە چەکەکانی لە دژی تورکیا یان هیچ هێزێکی دیکە بە شێوەیەکی هێرشبەرانە بەکارناهێنن و وتی: “بەڵام ئەگەر هەندێک بڕۆنە سەریان، بێگومان مافی بەرگریکردنیان لە خۆیان هەیە و بەرگری لە خۆیان دەکەن”.

قەرەیلان جارێکی دیکە جەختی لەوە کردەوە کە هەنگاوی یەکەم چەکداماڵین نییە، بەڵکو دامەزراندنی سیستمێکی یاساییە و وتی: “لە سووریادا پێش هەموو شتێک دەبێت یاسا جێگیر بکرێت. دەبێت دەستوورێکی بنەڕەتی هەبێت کە هەمووان پەسەندی بکەن. کاتێک کە هیچ یاسایەک نییە، بەڵام دەڵێن ‘چەک دابنێن’، ئەمە لۆژیکی نیە”.

پوستێن ھەمان بەش