موراد قەرەیلان: نابێت هیچ کەسێک هەڕەشە و چەک لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت

موراد قەرەیلان: نابێت هیچ کەسێک هەڕەشە و چەک لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت

قەرەیلان: “ستراتیژی خەباتی چەکداری بۆ بزوتنەوەکەمان بە فەرمی و بە کردەوە کۆتایی پێهاتووە”.

موراد قەرەیلان باس لەوە دەکات کە ئەوان پێشنیارەکانی بانگەوازەکەی ئۆجەلانیان جێبەجێ کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا هێشتا بانگەوازەکەی باخچەلی جێبەجێ نەکردووە. ئەو بەرپرسەی پەکەکە هەروەها جەختی لە سەر پێویستی ئازادکردنی ئۆجەلان کردەوە.

موراد قەرەیلان فەرماندەی باڵای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەزگایەکی میدیایی نزیک لە پەکەکە ڕایگەیاند، “رۆژی 11ی تەمموزی ئەمساڵ گروپێک لە 30 ئەندامی پەکەکە چەکەکانیان لە سلێمانی سووتاند. ئەم مەراسیمە بەو مانایەیە کە ستراتیژی خەباتی چەکداری بۆ بزوتنەوەکەمان بە فەرمی و بە کردەوە کۆتایی هاتووە”.

موراد قەرەیلان ئاماژەی بەوەش کرد کە، “ئێمە پێشنیارەکانی بانگەوازەکەی ئۆجەلانمان جێبەجێ کردووە، بەڵام تورکیا هێشتا بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلیی جێبەجێ نەکردووە”.

ناوبراو سەبارەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش گوتی: “بۆ ئەوەی متمانە دروستبکرێت، پێویستە ئازادیی ئۆجەلان مسۆگەر بکرێت، نەک هەر نابێ لە ئیمرالی بمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات”.

ئەوە فەرماندە باڵایەی هەپەگە هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر تورکیا بەگوێرەی داواکارییەکانیان مامەڵە بکات و هەنگاوی جددی بەرەو پرۆسەی ئاشتی بنێت، ئەوا مەراسیمی سووتاندنی چەکەکانی پەکەکە بەردەوام دەبێت.

موراد قەرەیلان ئاماژەی بە کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا کرد و وتی، “دامەزراندنی ئەو کۆمیسیۆنە هەنگاوێکی دروست و ئەرێنییە، پرسی کورد پرسی هەموو تورکیا و پرسی سەدەیە”. هەروەها وتی، “ئێمە لایەنێکین لەم پرۆسەیەدا و پێویستە بۆچوونەکانمان لەبەرچاو بگیرێت”.

ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە “ئەگەر ئۆجەلان ئازاد نەکرێت، لە تورکیادا ئاشتی پێکنایەت”. هەروەها گوتیشی، “بۆ ئەوەی کە تورکیا وەک وڵاتێکی دیموکراتیک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراستدا پێش بکەوێت و بەشێوەیەکی بەرچاو  ڕۆڵی خۆی بگێڕێت، پێویستیی بە کوردان هەیە. ئەوان بە بێ گەلی کورد ناتوانن ئەو ڕۆڵی بگێڕن”.

ئەو فەرماندە باڵایەی هەپەگە هەروەها جەختی لەوە کردەوە، “چیتر ناتوانێ ململانێی چەکداری ببێتە میتۆدێکی هەڵبژاردە، هەروەها ئۆجالان خەباتی چەکداری لە دژی تورکیا بە گشتی ڕاگرتووە، بۆیە نابێت هیچ کەسێک هەڕەشە و چەک لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت”.

پوستێن ھەمان بەش