برینەکانی شنگال دەکولێنەوە: ڕوفاتی 22 قوربانی ئێزدی دەگەڕێندرێنەوە

برینەکانی شنگال دەکولێنەوە: ڕوفاتی 22 قوربانی ئێزیدی دەگەڕێندرێنەوە

ڕێکخراوی Petrichor: “هەتا ئێستا لە شنگال 93 گۆڕى بەکۆمەڵ و 13 گۆڕى تاکە کەسى دۆزراوەتەوە”.

ڕوفاتی ژمارەیەکی دیکەی کوردانی ئێزدی کە لە جینۆسایدی ساڵی 2014 لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون، لە پزیشکی دادوەری بەغدا گەڕێنراونەتەوە و لە مەراسیمێکدا ڕادەستی بنەماڵەکانیان دەکرێنەوە.

لەچوارچێوەی قۆناغی هەشتەمی گەڕاندنەوەی تەرمەکاندا، دوای بڵاوبوونەوەی ئەنجامی پشکنینی دی ئێن ئەی، ڕوفاتی 22 کوردی ئێزیدی لە بەغداوە ڕەوانەی پزیشکی دادی مووسڵ کراون.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیارە سبەی 13ی تەباخ، کاتژمێر 10:00ی سەرلەبەیانی، لە مەراسیمێکی تایبەتدا لە گوندی “سۆلاخ”ی سەر بە شنگال، تەرمەکان ڕادەستی بنەماڵەکانیان بکرێن، دواتر لە زێدی باوباپیرانیاندا بەخاک بسپێردرێن.

لە کۆی ئەو تەرمانەی کە گەڕێنراونەتەوە، 17 کەسیان پیاون، 4 کەسیان ژنن و یەکێکیان منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵانە. ڕاگەیەندراوە کە قوربانییەکان دانیشتووی گوندەکانی کۆچۆ، تەل عوزەیر، قونێنە، سۆلاخ، هەمەدان و حەردان بوون.

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی ‘Petrichor’ی بواری مافەکانی مرۆڤ، هەتا ئێستا لە شنگال 93 گۆڕى بەکۆمەڵ و 13 گۆڕى تاکە کەسى دۆزراوەتەوە. لەو 93 گۆڕە بەکۆمەڵە رووفاتى 798 هاونیشتمانیى ئێزدى بۆ ناسینەوە رەوانەى بەغداد کراون، بە گەیشتنەوەى قۆناغى هەشتەمى رووفاتەکان، 296 رووفات رادەستى خێزان و کەس وکاریان دەکرێنەوە.

هەمان ڕێکخراو باس لەوە دەکات کە پرۆسەی پشکنینی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی ڕووفاتەکان کە زیاتر لە چوار ساڵە بەردەوامە، “زۆر بە سستی” ئەنجام دەدرێت و حکومەتی عێراق هیچ بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان نەکردووە.

لە ساڵی 2014دا ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرشی کردە سەر شنگال. لەو کاتەدا جگە لە کۆمەڵکوژی ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی، هەزاران ژن و منداڵ ڕفێنران و وەکوو کۆیلە فرۆشران. ئەوانەی کە کوژران لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران.

پوستێن ھەمان بەش