تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشە و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

تورکیا بەردەوامە لە هەڕەشە و هێرشەکانی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان

تورکیا: میت هێرشێکی ئەنجامداوە و 12 بارهەڵگری تێکشکاندووە کە چەکی قورس و مووشەک و زرێپۆشیان پێبووە.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، هەڕەشەکانی ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان زیادیان کردووە. هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەردۆغان، هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەردەوامن.

ڕەجەب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی: “بەم نزیکانە، لە ناوچەکانی دیکەی سووریاشدا ڕێکخراوەکانی وەک داعش و پەکەکە/پەیەدە لەناو دەبرێن. بەم شێوەیە یەکڕیزی و یەکێتی سوریا لە سەرانسەری وڵاتدا بەهێزتر دەبێت”.

لە لایەکی دیکەوە هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک “هەسەدە” درێژەیان هەیە.

دوێنێ لە ئەنجامی هێرشەکانی دەولەتی تورک و میلیشیا داگیرکەرەکانی بەکرێگیراوی تورکیادا، لە 2 گوندی عەین عیسا و گوندێکی کۆبانی 22 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستدا.

ئەرتەشی تورکیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش چەند جارێک پەلاماری شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستانی دابوو.

دەسەڵاتدارانی تورکیا ئیدیعای ئەوەیان کردووە کە میت هێرشێکی ئەنجامداوە و 12 بارهەڵگری تێکشکاندووە کە چەکی قورس و مووشەک و زرێپۆشیان پێبووە و هەروەها 2 تانک و 2 زرێپۆشی ڕژێمی ئەسەدیان تێکشکاندووە کە کەوتبوونە دەست هێزەکانی یەپەگە.

پوستێن ھەمان بەش