گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکیەتی و یەکڕیزیی کوردانی ڕۆژئاڤا، حزووری پەکەکەیە لەو بەشەی کوردستاندا.
بۆ ئەوەی کە یەکیەتیی لەنێوان کوردان لە ڕۆژئاڤا دروست ببێت، پێویستە پەکەکە ئەم هەنگاوە بنەڕەتیانە هەڵبگرێت:
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، دەرگای زۆرێک لە دەرفەتەکان لە ڕۆژئاڤا بۆ کوردانی ئەو بەشە دەکرێتەوە. هەموو کورد دەیهەوێت ئەنەکەسە و پەیەدە پێکەوە کاربکەن و بە باشی سوود لەم دەرفەتە وەربگرن، بەکورتی کورد یەکڕیزیی دەوێت و هەموو کورد داوای “یەکیەتی ڕۆژئاڤا” دەکەن، بەداخەوە ئەم بانگەوازانە تەنها لایەنی سۆزداریان هەیە، یەکلایەنەن و لەسەر بنەمای ڕاستەقینە دانەنراون، بانگەوازی نیوەوناچڵن.
بۆئەوەی بەشێوەیەکی گشتی و ڕیالیست سەیری مژارەکە بکەین، سەرەتا دەبێت ئەم دوو خاڵە ببینین:
1- بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی لە ڕۆژئاڤای کوردستان، پێویستە هەردوو هێزی سیاسی سەرەکی کوردستان واتە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر هەندێک بابەت بە گشتی ڕێکبکەون. چونکە مەسەلەی ڕۆژئاڤا لە بارودۆخ و دەنگی سیاسیی پارچەکانی دیکەی کوردستان جیاواز نیە.
2- بۆ یەکڕیزی ڕۆژئاڤا، گەلی کورد و سەرکردەکانی ڕۆژئاڤا و هەموو لایەک بانگەواز لە باشووری کوردستان و سەرۆک بارزانی دەکەن. ئەمە هەڵەیە، ئەوانەی دەیانهەوێت یەکیەتیی کوردان لە ڕۆژئاڤا پێکبهێنن، پێویستە سەرەتا داوا لە پەکەکە بکەن.
بەڵێ، کاتێک لەچوارچێوەی ئەم دوو خاڵەوە سەیری مەسەلەکە دەکەین، دەبینین ئەوانەی دەیانهەوێت لە ڕۆژئاڤا یەکڕیزی بنیات بنێن، سەرەتا دەبێت دوا لە پەکەکە بکەن. با بە کورتی بابەتەکە پێناسە بکەین.
بانگەوازی یەکەم: پەکەکە نابێت ڕۆژئاڤا وەک مەیدانێک بۆ مەشرووعبوونی خۆی بەکاربهێنێت
ئەو دوو هێزەی کە دەبێ یەکڕیزی لە ڕۆژئاڤا پێک بهێنن، لایەنەکانی “ئەنەکەسە” و “هەسەدە”ن کە هیچیان بەتەواوی سەربەخۆ نین. ئەنەکەسە پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە هەیە و هەسەدەش پەیوەندی لەگەڵ پەکەکەدا هەیە. هەروەها ناوەندی سیاسەتی هەردوو حزب لە باشووری کوردستاندایە. دیارە پەیوەندییەکانی ENKS لەگەڵ پەدەکە بەردەوام و سەربەخۆیە، بەڵام بەڕیوەبەریی پەیەدە بە تەواوی بەشێکە لە لقوپۆپەکانی پەکەکە.
بۆ نموونە با سەیری ئەو کەسانە بکەین کە لە پەیەدەدان، وەکو ئیلهام ئەحمەد (ڕۆناهی)، ژەنەڕاڵ مەزڵووم (شاهین جیلۆ)، ئاسیا عەبدوڵڵا (دلان دێرک)، فەوزا یوسف (زاخۆ زاگرۆس)، ئەوان نەتەنیا پێشتر ئەندامی پەکەکە بوون. هەنووکە ئەندامی کۆمیتەی ڕۆژئاوای پەکەکەن و تەنانەت ڕاستەوخۆ لەلایەن کەسانی وەک “سەبری ئۆک” و “فاتمە دێرسیم”ـەوە بەڕێوەدەبرێت. ئەم دۆخە نەک تەنها ئەوان بە پەکەکەوە گرێ دەدات، بەهۆی ناسنامەی پەکەکەیی بوونیانەوە، ئەوان نەک بە پێی بەرژەوەندیی ڕۆژئاڤا، بەڵکوو بەپیی فەرمان و بەرژەوەندییەکانی پەکەکە مژار و ڕووداوەکان هەڵدەسەنگێنن.
با بە ڕوونی بڵێین کە هەڵویستی نەرم و مامناوەندی “هەسەدە” (HSD) بەهۆی فشاری ئەمریکاوەیە. ئەگەر مەزڵووم عەبدی هەندێک جار بتوانێت شتێک لە دەرەوەی پەکەکە بڵێت، ئەمەش لەلایەن ئەمریکاوە بەسەریدا سەپێنراوە.
پەکەکە هەر لە سەرەتای بەهاری عەرەبییەوە، ڕۆژئاڤای وەک مەیدانێک بۆ زاڵبوون و شەرعیەتدان بە خۆی دەبینی. بۆیە وێنە و ئاڵای ئۆجەلان لە ڕۆژئاوا بە شێوەیەک نمایش دەکرێن کە هەمووان بتوانن بیبینن. بەرگی کتێبە پەروەردەییەکان بە وێنەی ئۆجالان دروستکرابوون.
ئێستا هەردوو هێزی وڵاتانی ڕۆژئاڤا و ئەمریکا، تەکلیفیان بۆ هەسەدە وەهایە: “پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پەکەکە سنووردار بکەن، ئێمە دەبینە قەڵغان بۆتان”. هەروەها ئەنەکەسەش دەڵێت: “بۆ دەبێ ئێمە منداڵەکانمان بنێرینە قوتابخانە تا زانیاری لەسەر ژیانی ئۆجەلان فێر ببن و دروشم بۆ ئۆجەلان بڵێنەوە؟”
لەسەر ئەم بنەمایە، پێویستە ئەوانەی یەکڕیزییان دەوێت سەرەتا ئەم بانگەوازانە ئاراستەی پەکەکە بکەن: “ڕۆژئاوا ئازاد بهێڵنەوە بۆ ئەوی بۆخۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات، کادیران و کۆمیتەکانی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا بکشێنرێنەوە و تەنها خەباتکارانی ڕۆژئاڤا لە شوێنی کارەکانیان بمێننەوە و لە ئاستی بەڕێوەبردنی کەجەکە و پەیەدە و پەژاکدا جێنەگرن. جگە لە برینداران و کەمئەندامەکان، ڕۆژئاڤا نابێ وەکوو شوێنێک بۆ مانەوە و جێگیربوونی سەرکردەکانی پەکەکە بەکار بهێندرێت”.
بانگەوازی دووەم: پەیوەندییەکانتان دژ بە هەرێمی کوردستان و پەدەکە لە بەغدا ڕابگرن
با بە پرسیارێک دەست پێ بکەین: ئەگەر بمانهەوێت کورد لە سووریا و ڕۆژئاڤا پێکەوە بنێرین بۆ دیمەشق، ئایا نابێت هەمان یەکگرتووییمان بەرانبەر بەغداش بوێت؟ بێگومان دەبێ بمانهەوێ.
بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاڤا، پێویستە پەکەکە هەڵوێستی خۆی لە باشووری کوردستان و عێراق بگۆڕێت. بەڵێ، پەکەکە پێشتریش دوژمنایەتی پەدەکەی کردووە، بەڵام لە ساڵی 2013 بەملاوە لەگەڵ ڕێکخراوە شیعەکاندا بە شێوەیەکی سیستماتیک دژایەتی پەدەکە دەکات. سەیرکەن ئەمە کێبڕکێ نییە، بەڵکوو ئەمە دوژمنایەتیەکی ڕاستەوخۆیە. کاتێک ڕێژیمی ئێران هەولێری بۆردومان دەکرد و خەڵکی سڤیلی دەکوشت، میدیاکانی پەکەکە وەکوو توڵە سەگێکی بەوەفا لەگەڵ ئێران و ڕژێمی شیعەی عێراقدا کاریان دەکرد.
بەڕێوەبەرانی پەکەکە لە بەغدا و سلێمانی دەیانهەوێت گۆڕی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هەڵکەنن. ئەوان هەموو شتێک دەکەن بۆ ئەوەی پەدەکە لە بەغدا لاواز بکەن و بۆخۆیان جێگەکەی بگرنەوە. ئەگەر پەکەکە دەیهەوێت لە ڕۆژئاڤا یەکڕیزی بەدی بهێنێت، پێویستە سەرەتا پەیوەندییەکانی دژ بە پەدەکە لە بەغدا بپچڕێنێت. پەکەکە دەڵێ “با پێکەوە بڕۆین بۆ دیمەشق، بەڵام من لە بەغداد دژی ئێوە هاوپەیمانی دروست دەکەم”، ئەمە قبووڵ ناکرێت.
بێگومان پرسی شنگالیش هەیە. پەکەکە دەیهەویست ئێزدییەکان بکاتە دوژمنی هەرێمی کوردستان. لەگەڵ عێراق ڕێککەوت بۆ شنگالێک بەبێ کوردستان و کوردستانێک بەبێ شنگال. ئاڵای حەشدی شەبی لە شانی گەنجانی ئێزیدی درا، هەروەک چۆن ئەو کەسەی کە لە ڕۆژئاڤادا دەڵێت “با قامیشلۆ بە دیمەشقەوە ببەسترێتەوە” خیانەتکارە، ئەو کەسەی لە باشووریش دەڵێت “با شنگال بە عێراقەوە ببەسترێتەوە” هەر بە هەمان شێوە خیانەتکارە.
ئەگەر کورد دەبێ لە دیمەشق پێکەوە بن، ئەوا دەبێت پەکەکە لە بەغدا واز لە هاوپەیمانەتیەکانی دژ بە پەدەکە بهێنێت. هەربۆیە، بانگەوازی دووەم لە پەکەکە ئەوەیە: “واز لەو هاوپەیمانییانەی دژ بە پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا و سلێمانی بهێنە و دەزگاکانتان لە ناو هێزەکانی حەشدی شەعبیدا بشکێنن و ڕایبگەیەنن کە ئێوە شنگال وەکوو بەشێک لە کوردستان دەبینن، دەست لەڕێگری کردن و ئاستەنگ خوڵقاندن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگالی نێوان هەولێر و بەغدا هەڵبگرن و هەروەها دنەدان و پیلاندانان بۆ هێرشەکان لە سلێمانییەوە بۆ سەر هەولێر، ڕابوەستێنن”.
بانگەوازی سێهەم: پێویستە میدیای پەکەکە واز لە بەکارهێنانی زمانی ڕق و قین لە نێوان کورددا بهێنێت
میدیای پەکەکە لەسەر بناخەی دوژمنایەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ڕێکخراوە. ئەو میدییە جگە لە بڵاوکردنەوەی ڕق و قین و نەفرەت لە نێوان کوردان و لەناوبردنی هەستی نیشتمانپەروەری کوردان و هاندانی گەلی کوردستان دژ بو باشووری کوردستان، کە تاقانە دەسکەوت و قەوارەی نەتەوەیی کوردانە، هیچ چالاکییەکی دیکەی نیە. میدیای پەکەکە بۆتە بەشێک لە پرۆژەی عێراق بۆ لەناوبردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
بۆ نمونە حکومەتی عێراق بە سیاسەتێکی داگیرکەرانە و باڵادەست ڕێگری لە فرۆشتنی نەوتی کوردستان دەکات، بەڵام میدیاکانی پەکەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە عێراق دەستێوەردانێکی ئابووری دەکات. کاتێک ئێران هێرش دەکاتە سەر هەولێر، میدیای پەکەکە دەڵێت “نووسینگەکانی ئیسرائیل لە هەولێر کراونەتە ئامانج”. کاتێک کەرکوک داگیرکرایەوە، سەرکردەکانی پەکەکە لە تیڤی دەرکەوتن و دەیانگوت “پارادایمی ئێمە سەرکەوت”. کاتێک حکومەتی عێراق کوردێک لە کەرکوک دەکوژێت، میدیاکانی پەکەکە بەوپەڕی بێشەرمی و بێشەرەفییەوە، دەڵێن: “پدک کێشەی دروستکرد” و بەم شێوەیە پەلاماری دەستکەوتەکانی کورد لە باشووری کوردستان دەدات.
میدیاکانی پەکەکە دەیانهەوێت بنەماڵەی بارزانی و خەباتی سەدان ساڵەیان لە مێژووی کوردستاندا وەک شەیتان پیشان بدەن. دوژمنایەتی پەکەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە ساڵڕۆژی ئەنفالی بارزانییەکاندا لە سایت و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیاندا دەڵین، “نوخشە بێت لەو بارزانیانەی کەوا ماون”.
ئێستاش کە ئەسەد ڕووخێنراوە و هەمووان بەدوای یەکڕیزیدا دەگەڕێن، میدیاکانی پەکەکە هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان کە چۆناوچۆن زیاتر پەلاماری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن.
ئەوانەی دەیانەوێت یەکیەتی و یەکڕیزی لە ڕۆژئاڤا بەدیبهێنن، پەیوەندی بە پەکەکەوە بکەن و پێی بڵێن: “لە میدیاکانی خۆتدا واز لە بێڕێزیکردن بە بزاڤە سیاسییەکانی دەرەوەی پەکەکە بهێنن و دەست لە دوژمنایەتیی پەدەکە و بارزانی و تێکدانی مێژووی کورد هەڵبگرن”.
گەورەترین بەربەست لە بەردەم یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاڤادا، پەکەکەیە
ئەگەر پەکەکە بڵێت “هیچ ئیمتیازێک نادەم، وەک چۆن ڕۆژئاڤام بە ئەسەد فرۆشت، ئێستاش دەیفرۆشم بە جۆلانی، با دەروازەی بەرژەوەندییەکانم دانەخرێت، من سوود لە عێراق و حەشدی شەعبی و هتد…یش وەردەگرم و ڕۆژانە بێڕێزی بە بنەماڵەی بارزانی دەکەم” ئەوا لە ڕۆژئاڤادا یەکیەتی و یەکگرتوویی پێکنایەت.
شتێک هەیە کە پێویستە هەمووان ڕوون بن لەسەری. لە ساڵی 2012ـەوە بۆ ئەوەی کە ڕۆژئاڤا بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی، بەشێوەی پلانمەند ڕێگریی لە یەکڕیزی کورد کردووە و لەئێستاشدا گەورەترین بەربەست لەبەردەم یەکیەتی و یەکڕیزیی کوردان، حزوور و هەبوونی پەکەکەیە لە ڕۆژئاڤادا. بۆیە یەکەم بانگەواز بۆ یەکڕیزی لە ڕۆژئاڤادا دەبێ ئەوە بێت: “ئەی پەکەکە، ڕۆژئاڤا مەکە بە فیدای بەرژەوەندییە حزبیەکانی خۆت”.