ئەوانەی ڕێگای ستەم هەڵدەبژێرن، سەرئەنجام شکست دەخۆن!

ئەوانەی ڕێگای ستەم هەڵدەبژێرن، سەرئەنجام شکست دەخۆن!

زیندانی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان لەڕووی بەڕبەڕییەت و وەحشیگەرییەوە، لەسەر ئاستی جیهاندا ناسراون.

✍️ شەیخمۆس ئۆزەنگین

دیکتاتۆرییەتی بەعسییەکان و بنەماڵەی ئەسەد ڕووخا. 21 ساڵ لەمەوبەریش دیکتاتۆرییەتێکی دیکەی بەعس و بکوژی نەتەوەی کورد، واتە سەدام حوسێنیش ڕووخابوو.

ئایدۆلۆژیای بەعس، لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستیی عەرەب و لەلایەن “میشێل ئەفلەق”ـەوە دامەزراوە. لە هەردوو وڵاتدا بەعس، لە ڕێگەی سیستەم و میتۆدی سەربازییەوە وەکوو حیزبێک دامەزرا و هاتە سەر دەسەڵات. سیفەتەکانی ئەم دوو لقەی بەعس و جەهەپەی کەمالیست؛ کە لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکەوە تا ساڵی 1950، بە تەنیا خۆی و بە میتۆدێکی دیکتاتۆری تورکیای بەڕێوە بردووە، هاوشێوەن.

سیستەمی دیکتاتۆری ئەم سێ حیزبە دیکتاتۆرە کە بکوژی نەتەوەی کورد و داگیرکەری خاکی کوردستانن؛ بە بیرۆکراسییەکی سەربازییەوە بەڕێوە چوون و لە پشتیانەوە هێزی سەربازی و چەکدار وەک پارێزڤان و گارانتۆر جێی گرتووە.

مستەفا کەمال کەسێکی سەربازیی بووە، حافز ئەسەد سەربازییە، سەدام حوسێن سەربازییە. ئەو سێ بکوژ و دیکتاتۆرە بە کودەتای سەربازی و هەڵوێستی ئەمری واقیع، دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە و دیکتاتۆریەتی خۆیان و گرووپێکی بچووکی دەوروبەری خۆیان بەسەر هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیاندا سەپاندووە.

یەکێک لە بێ شانسییەکانی کورد ئەوەیە کە لە دابەشکردنی کوردستاندا، سێ پارچەی کوردستان کەوتوونەتە ژێر دیکتاتۆریەتی ئەو سێ سیستمە سەربازی و دیکتاتۆرییە. ئەم سێ دیکتاتۆرییەش میتۆدی نامرۆڤانە و دڕندانەیان لە سەر کورد بەکارهێناوە. ئینکاری هەبوونی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان، کۆمەڵکوژی، کۆچبەری، دەربەدەری، ئەشکەنجە-زیندان، ئاسمیلەکردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستانیان بە بنەما وەرگرتووە. ئەوان هەموو کات ویستوویانە کە هاوسەنگی نەتەوەی کورد تێک بدەن و ڕێگا بۆ لەناوبردنی نەتەوەی کورد خۆش بکەن، بۆ ئەوەی کورد بوونی نەمێنێت.

لەسەر خاکی ژێر دەسەڵاتی ئەم سیستەمە دیکتاتۆری و جینۆسایدکار و بەڕبەڕییەدا چوار زیندان بنیات نراون کە ئەم زیندانانە لەسەر ئاستی جیهاندا بە دڕندەیی و بەربەرییەتی خۆیان لە ئاستێکی بەرزدا ناسراون. لەم زیندانانەدا هەموو جۆرە شێوازێکی نامرۆڤانە بەکارهێنراون.

ئامەد، زیندانی نەمرۆ 5!

بەو شێواز و ستراتیژەی کە لەسەر زیندانیانی کورد لەم زیندانەدا جێبەجێ کراوە، لەسەر ئاستی زیندانەکانی جیهاندا بۆ خراپی پلەی دەهەمی هەیە. ئەم زیندانە، وەک سیستەمێکی هەڵبژاردەیە بۆ ئەو شێوازانەی کە لە هەموو باکوری کوردستان، بەسەر کورداندا بەڕیوەدەچێت. مەترسیدارترین میتۆدی هەیە دژ بە کورد! سەدان زیندانی بە پەککەوتووی و گیانلەدەستدان و برینداربوون لەڕووی هەست و دەروونەوە، لەم زیندانەدا هاتوونەتە دەرەوە.

ئێران، زیندانی ئێڤین!

ئەم زیندانەش یەکێکە لە لاپەڕەکانی ڕووڕەشی مرۆڤایەتی. تا ئێستا زۆر کەم کورد و بەلووچ بە سەلامەتی لەم زیندانە هاتوونەتە دەرەوە. یان تەرمەکانیان هێنراوەتە دەرەوە، یان لە بارودۆخێکی دەروونی زۆر خراپدا و یانیش بە سەقەتی لەو زیندانە هاتوونەتە دەرەوە. ئەم زیندانە وەک زیندانەکانی دیکەی داگیرکەران لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا، ڕۆڵێکی مەترسیداری هەبووە بۆ چاوترسێن کردنی گەلی کورد و پڕوپاگەندەی دڕندەیی و زوڵم و ستەمی ئەو زیندانە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا دەنگی داوەتەوە!

عێراق، زیندانی ئەبووغەریب!

ئەو میتۆد و بەربەرییەتەی کە دیکتاتۆرییەتی بەعس و سەدام لەم زیندانەدا لەسەر کورد تاقییان کردۆتەوە و بەڕێوەیان بردووە، هاوشێوەی زیندانەکانی پارچەکانی تری کوردستانە. هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بەسەر زیندانیانی کورد (ژن و پیاو) ئەنجام دراوە، دڕندەیییەکی گەورەیە کە شایەنی ئەوەیە بە چاوێکی پسپۆڕی و سەرنجەوە ڕاوەستە ئەم زیندانە و زیندانەکانی دیکە بکرێت. پێویستە کردار و میتۆدەکانی ئەو دیکتاتۆریەتانە بەشێوازێکی زانستی ئاشکرا بکرێن و لە هۆشمەندی و هۆشیاری نەتەوەیی کورداندا جێبخرێن.

سووریا، زیندانی سێدنایا!

ساڵانێکە کورد کتێب و بابەت و شانۆنامەی لەسەر زیندانیانی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان و زیندانەکانی دیکتاتۆرییەتی بەعس نووسیوە. چۆن گیراون، چۆن بێسەروشوێن کران، ئەوانەی ڕزگاریان بوو، چۆن خێزانەکانیان هیوایان بە مانەوەیان لەدەستدابوو. دەیان ساڵ بەبێ دادگاییکردن، بەبێ لێکۆڵینەوە، لەژێر ئەشکەنجە و ئازارداندا لەم زیندانە قووڵ و سارد و تاریکانەدا ماونەتەوە.

دوای ڕووخانی حکوومەتی بەعس، دەرگای زیندانەکانی سوریاش شکێندران، بەربەرییەتێک ئاشکرا بوو کە مرۆڤایەتی شەرم لەخۆی دەکات. ئەو خەڵکەی کە بۆماوەی 30-40 ساڵە لەم زیندانەدا کە 3 قات لەژێر عەرزدایە، تەنها لە ئاوی جۆگە پیسەکانیان بەکارهێناوە، ئەو زیندانیانەی کە عەقڵ و هۆشی خۆیان لەدەستداوە، ئەم دۆخە شەرم و عەیبەی مرۆڤایەتییە. ئەو زیندانیانەی کە ددانیان لە دەمدا نەماوە، کە عەقڵیان لەدەستداوە، هەموویان یەک بە یەک شەرم و عەیبەیە بۆ مرۆڤایەتی.

گرووپێک بە ناوی HTŞ (هەیئەی تەحریر ئەل شام)، لە 8/12/2024دا دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت و دیکتاتۆرییەتی بەعس ڕووخا. ئەم بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی ئیسلامیست و سوننەیە، تا ئێستا لە پێوەندی لەگەڵ گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکان لە سووریا، کردەوەکانی میانڕەوانە بووە. دەرگای زیندانەکانی بەعسیان کردەوە و زیندانییەکان ئازاد کران.

سەرۆکی ئەم وەفدە “ئەحمەد ئەل ـ شرع”ـە کە بە (ئەل ـ جۆلانی) ناسراوە و سەبارەت بە کورد و پێکهاتەکانی سوریا دەڵێت:

“ئەوان [کورد] هەر وەک ئێمە زوڵمیان لێکروە. خوای گەورە ڕێگەمان پێبدات، ئێمە لەگەڵ کورد پێکەوە درێژە بە ژیانی خۆمان دەدەین. هەر کەسێک بەپێی یاسا مافی خۆی وەردەگرێت. گەلی کورد بەشێکە لە نیشتمان و هاوبەشی سوریای داهاتوویە. لەمەودوا زوڵم و ستەم بەرامبەر بە کورد کۆتایی پێدێت”.

ئێمەش چاوەڕێ دەبین و دەبینین کە ئایا “ئەحمەد ئەل ـ شەرع” خاوەن قسەی خۆی هەیە یان نا!

بەڵام دیارە “ئەحمەد ئەل ـ شەرع” تەنیا نییە و لە پشت ستراتیژی “هەیئەی تەحریر ئەل ـ شام”ـەوە ئەو هێزانە بوونیان هەیە کە دەیانهەوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرلەنوێ دیزاین بکەن. دەوڵەتی تورکیش لە مەیدانەکەدا هەیە و هەوڵدەدات لە سەر خاکی سوریا پێشڕەوی بکات و ئەمەش جێگای مەترسییە بۆ کورد.

پوستێن ھەمان بەش