ئەگەر پەکەکە لێرە و لەوێ باسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەکات، تەنها هەوڵدەدات کات بەدەست بخات و ئاڵۆزی دروست بکات.
لەگەڵ پێشهاتەکانی سووریا، کوردەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان چاویان بڕیوەتە سەر ڕۆژئاڤا. هیوای هەموو کوردەکان ئەوەیە کە یەکیەتییەک لە نێوان کوردەکاندا پێکبێت و بە شاندێکی هاوبەشی دانوستان بڕۆنە دیمەشق. تەنانەت زۆرێک لە حیزب و دامەزراوەکانی ڕۆژئاواش لە جیاتی مشتومڕ لەسەر پرسە کۆنەکان، دەیانهەوێت کێشەکانی ڕابردوو وەلا بنێن و سەرنجیان لەسەر ئایندە بێت. لەم مژارەدا لقوپۆپەکانی ڕۆژئاڤای پەکەکەش چەندین جار بانگەوازیان کردووە، بەڵام هەرگیز بە ڕوونی باسیان لەوە نەکردووە کە چ جۆرە یەکیەتییەکیان دەوێت. چونکە پەکەکە هێشتا بڕیاری خۆی نەدابوو.
بەڵام هەڵوێستێک کە میدیاکانی پەکەکە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا گرتوویەتیەبەر، بە ڕوونی دەریدەخات کە پەکەکە بڕیاری خۆی سەبارەت بە ڕۆژئاڤا داوە. ئەو یەکگرتوویی کوردانی ڕۆژئاوای ناوێت، ئەمە لە یەکێک لەو هەواڵانەی کە لە ئاژانسی هەواڵی فورات بڵاوکرایەوە کە دەکرێ وەک میدیای سەرەکیی پەکەکە دابنرێت، دەردەکەوێت.
ئاژانسی هەواڵی فورات: “کۆبوونەوەی هاوبەشی میت، پاراستن و ئەنەکەسە لە هەولێر”
میدیاکانی پەکەکە هەواڵێکیان بەناونیشانی “کۆبوونەوەی هاوبەشی میت، پاراستن و ئەنەکەسە لە هەولێر”، بڵاو کردەوە. لە هەواڵەکەدا کە لە 5 دێڕ پێکهاتووە، باس لەوە کراوە کە هەر سێ هێزەکە ڕێککەوتوون، ئەنەکەسە دژی یەکڕیزی و یەکێتی بێت و گوتراوە: “کۆبوونەوەکە 3 کاتژمێری خایاندووە”. هەواڵەکە بەتەواوی لەسەر مێزی پەکەکە ئامادەکراوە و لە ڕاستیدا ئەم کورتە هەواڵە دەکرێ وەک هۆشدارییەک بۆ چالاکییەکی فیتنەکارانەی نوێی پەکەکە سەیر بکرێت.
بێگومان لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە قەد نەبووە، بەڵام پەکەکە هەم لە برۆکسل و هەم لە ئەنقەرە و هەمیش کەرکوک لەگەڵ دەوروبەرە سیاسییەکەیدا کۆبونەوە ئەنجام دەدات. تەوەری هاوبەشی هەموو ئەو کۆبوونەوانەش “ڕۆژئاڤا”ی کوردستانە. دوای پێشهاتەکانی ئەم دواییە لە ڕۆژئاڤا، پەکەکە کەوتوەتە هەوڵ و جموجووڵ و دەلێت “ئەرێ من دەتوانم یەپەگە و پەیەدە بە نرخێکی باشتر بە کێ بفرۆشم تا لەسەر دەستم نەمێننەوە”. سەرکردەکانی پەکەکە کە لێدوان لەسەر فڕینی مریشکێکیش دەدەن، دوای ڕووخانی دۆستە 40 ساڵانەکانیان، واتە حیزبی بەعسی سوریا و ڕژێمی ئەسەد، تا ئێستا تاقە یەک وشەیان بەزاردا نەهاتووە، چونکە حیساباتی ئابوورییان لەگەڵ حیساباتی بازاڕدا نەدەگونجا. پەکەکە تا ساڵێک لەمەوبەر وایدەزانی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و لەبەر ئەوەی یەکێک بوو لەو دامەزراوانەی کە ئێران لە ناوچەکەدا پاڵپشتی لێدەکات، بەو قەباحەت و سەرمەستیەیەوە، لە هەر کوێ ڕێکخراوێکی کوردی جیاواز لە خۆی بدیتبا، پەلاماری دەدا.
پەکەکە پێی وایە ئێران و عێراق دەتوانن پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بچووک و سنووردار بکەنەوە و شوێنەکەی دەدەن بە ئەوە، هەروەها لە سووریاس هەرچییەکی بوێت دەتوانێ بیکات پێدەدەن و بەم عەقڵسووکیەی خۆیانەوە، عەقڵ بە دونیا دەفرۆشن.
پەکەکە دەیهەوێت لە ڕێگای بازرگانیکردن بە ڕۆژئاڤاوە، قەرەبووی شکستەکانی بکاتەوە
بەڵام پرۆسەکە بەم شێوەیە نەڕۆیشت، ئێران سەرجەم قەڵاکانی خۆی یەک بە یەک لەدەستدا. هەروەها یەنەکە و پەکەکەش بە شکستهێنانی ئێران و تێکشکانی پڕۆژەی “هیلالی شیعی”، شکستیان هێنا. هۆکاری بێدەنگی پەکەکە لە بەرامبەر پێشهاتە نوێیەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەوەیە کە پلانی خۆی بۆ دەرچوون لەم دۆخە خراپە دادەڕێژێت. پەکەکە، ئەو قەوارەیەی کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە ڕۆژئاڤا دەدرێت و حیسابی بەکارهێنانی چەند دەرفەت و پشتگیرییەکانی ڕۆژئاڤا بۆ شاردنەوەی شکستەکانی خۆی بەکار دەهێنێت.
پەکەکە لە ڕاستیدا سێ بەشی هەبوو. لەگەڵ “مەزڵووم عەبدی”دا چاوی لە هێزەکانی ئەمریکا دەکرد، ئۆجەلان لەناو باوەش و ئامێزی تورکاندا بوو و بایکیش لە باوەشی ئێراندا بوو. بەڵام دیسانیش پەکەکە لەو باوەڕەدا بوو کە ئەسەد و ئێران لە سووریا سەردەکەون. تەنانەت کاتێک کە ئاڵای ڕێژیمی سووریا لە کۆشکی ئەسەد هێنرایەخوارەوە، پەکەکە هێشتا ئاڵای ڕژێمی لە قامیشلۆ دانەگرتبوو. بەڵام ئێستا پەکەکەکەی ئێران تێکچووە. ئەو پەکەکەیەی کە ناوەندەکەی سلیمانیەی باشووری کوردستانە، بۆ ئەوەی خۆی لە ئێرانێک ڕزگار بکات کە بچووک و بەرتەسک دەبێتەوە، خۆی وەها لێدەکات وەک ئەوەی کە کەوتبێتە ژێر باڵی ئۆجەلان یان مەزڵوم عبدی، خۆی پیشان دەدات.
لە لۆزانی دیمەشقدا، کێ نوێنەرایەتی کورد دەکات؟
پێگەی هەواڵی “ڕۆژنیوز”ی پەکەکە کە ناوەندەکەی لە سلێمانی” باشووری کوردستانە، لەم دواییانەدا بابەتێکی بەناونیشانی “لە لۆزانە نوێیەکەی دیمەشقدا، کێ نوێنەرایەتی کورد دەکات ؟” بڵاوکردۆتەوە. لەکاتێکدا هێشتا لە دیمەشقدا هیچ کۆبوونەوەیەک بەڕێوەنەچووە، سەرنجڕاکێشە کە دەڵێن لۆزانێکی دیکە لە دیمەشق دێتەئاراوە. ڕەنگە لە دیمەشق سیڤەرێک بێتەئاراوە، بەڵام دەزانن کە پەکەکە کەیفی بە “پەیمانی سیڤەر” نایەت، چونکە بڕیاری دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی دابوو. ئۆجەلان چەندین جار ستایشی “پەیمانی لۆزان”ی کردووە و تەنانەت گوتووشیەتی: “من پێشنیاری لۆزانێکی کۆمەڵایەتی دەکەم”. پەکەکە دەیهەوێت لەسەر مێزی ئەو لۆزانەی کە دەیهەوێ لە دیمەشقدا دابمەرزێت، جێگایەک بۆخۆی بگرێت. بەڵام میدیاکانی پەکەکە نووسیویانە کە پەدەکە جێگەی حەسەن خەیری دەگرێتەوە. حەسەن خەیری پیاوێکی گەنج و بێ ئەزمون بوو، هەوڵیدا لە هەڵەکانی قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام لەسێدارەدرا. با زۆر بە سەراحەتەوە بیڵێین، حەسەن خیری لە جەمیل بایک کە دەڵێت “پێش بە ڕووخانی ئێران دەگرین” و لە ئۆجەلانیش کە دەڵێت “دایکم تورکە، من خۆم بە کورد نازانم”، زۆر بەشەرەفترە.
پەکەکە چاوەڕێی مێزی لۆزانە بۆ ئەوەی بڕیار بدات کە لە مەزادێکدا ڕۆژئاڤا بە کام هێز بفرۆشێت
لە هەولێر هیچ کۆبوونەوەیەک نەکراوە، بەڵام لە کەرکوک کۆبوونەوە ئەنجام دراوە
فالح فەیاز، فەرماندەی سەربازیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە کاتی ئامادەکردنی ئەم وتارەدا لە کەرکووک بوو، هەروەها قەیس خەزعەلی کە ئەندامی یەکێک لە ڕێکخستنە ڕادیکاڵەکان ناو حەشدی شەعبییە، لە کەرکووکە. ڕێکخراوە شیعەکانی عێراق، ڕووخانی ڕێژیمی سووریا تاوتوێ دەکەن و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتوون، لەو پەیوەندییەدا کۆبوونەوە لەگەڵ پەکەکە و یەنەکەش ئەنجام دراوە. لە پەکەکە پرسیار کراوە کە ئەمریکا لەگەڵ ئیدارەی ڕۆژئاڤادا باسی لە چی کردووە و داوای چی لێدەکات؟ داوای گۆڕینەوەی زانیاریی ڕۆژانە لەسەر ڕۆژئاڤا کراوە و هەروەها ئەوەشیان پێڕاگەیاندوون کە ئێران بۆ ئەوی کاتی پێویستی بەدەستەوە بێت، داواکارە کە پرۆسەکە ئاستەنگی لەبەردەمدا دروست بکرێت.
واتە لە ھەولێر هیچ کۆبوونەوەیەک لە ئارادا نیە، بەڵام لە کەرکووک کۆبوونەوە هەیە.
هەروەها لە ئیمرالیش کۆبوونەوە بەڕێوەدەچن، بەواتایەکی دیکە کۆبونەوە نهێنییەکان لای پەکەکەن.
ئەوانەی کە یەکڕیزییان دەوێت پێویستە وریا بن
هەموو کەس یەکڕیزی و یەکگرتوویی بۆ ڕۆژئاڤای کوردستان دەوێت، بەڵام نابێ ڕابردووی نە زۆر دووریش لەبیر بکەین. هەمووان بینیمان کە پەکەکە لە ساڵی 2012 بەملاوە، چۆناوچۆن ڕێککەوتنەکانی “هەولێر ـ دهۆک”ی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستانی تێکدا و ڕۆژئاڤای بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکارهێنا. هەنووکەش هەمان پێڤاژۆ بەردەوامە، پەکەکە لێرە و لەوێ باسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەکات، تەنها هەوڵ دەدات کات بەدەست بخات و ئاڵۆزی دروست بکات. جگە لەوە، داوکاریی پەکەکە بۆ یەکڕیزی و یەکگرتووی، هیچ ئامانجێکی دیکەی نیە.