نەتەوەی کورد هەنگاو بە هەنگاو لە سەربەخۆیی نزیک دەبێتەوە، ئیدی سنوورەکان دەگۆڕدرێن و دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان دادەمەزرێت.
عەزیز عەلیش
ماوەیەکی زۆرە لەسەر هەندێک بابەت یان ڕووداو نەمنووسیوە. بە دڵنیاییەوە هەندێک هۆکاری هەیە؛ بەڵام ئێستا دەبینم ڕووداوی گەورە لە جیهان و بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، منیش وەکوو کوردێکی دەوڵەتخواز، بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم کە هەندێک لە ڕوانگە و بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانم لەگەڵ ڕای گشتیدا بەش بکەم.
ئامانجم ئازاردانی خەڵک یان ڕەخنەی تێکدەرانە نییە! ڕەخنە پێویستە بنیاتنەر بێت و بەم پێوەرەش هەندێک لە بۆچوونەکانم لەگەڵ ئێوەدا باس دەکەم.
زۆربەی مرۆڤە زیرەکەکان دەزانن، دوای جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم، سنووری هەندێک لە دەوڵەتەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هات. لەو سەردەمانەدا زۆر دەوڵەتی نوێ دامەزران، واتە زۆرێک لە نەتەوە ژێردەستەکان بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان.
بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئێمەی کورد، بەتایبەتیش زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سایاسییەکان، سیاسەتێکی بێ ستراتژی بەریوە دەبەن. زۆربەیان خولیا و پلانی درێژخایەنیان نیە. ئەو سیاسەتە بەتایبەتی لە ڕۆژئاوای کوردستان بە روونی دەبیندرێت.
کاتێک ڕۆژئاڤا کوردستان بەسەر “کانتۆنەکان”دا دابەش کرا و کاتێک ژمارەی “حزبەکان” گەیشتە 80 حزب، کاتێک بەشێک لە “حزبەکان”ی ناو ئەنەکەسە لەژێر ناوی “پێوەندی”دا کەوتنە ژێر کاریگەریی تورکیا و هەندێکیشیان خیمەی خۆیان لە باشووری کوردستان هەڵدا و دەستیان بە هێرشکردنەسەر یەکتر کرد؛ ئیدی بێگومان مرۆڤ ناتوانێت چاوەڕوانی و هیوایەکی بەو ڕێکخراوانە هەبێت کە خاوەن ستراتیژییەکی نەتەوەیی بن.
لە لایەکی دیکەوە کاریگەریی پەکەکەی تورکیا و پەکەکەی ئێران لەسەر پەیەدە، بە هەمان شێوە خاوەن ئامانجێکی بەدەوڵەتبوون نەبوو. نامهەوێت زۆر لەسەر کەموکوڕی و هەڵەکانی پەیەدە و لایەنەکانی ناو ENKS بدوێم. تەنیا دەمهەوێت خاڵێکی گرنگ وەبیری ئێوە (هەردوولا) بهێنمەوە؛ بۆچی ئێوە هەر لەسەرەتاوە حیسابێکی جیدییتان بۆ منبج و گرێ سپی و جەرابلووس و عەفرین (کە ڕێگا/هێڵی هاتووچۆیە بۆ دەریای ناوەڕاست) نەکرد؟
بەڵام دەوڵەتە داگیرکەرەکان، بەتایبەت تورکیا، دەیانزانی شارەکانی ڕۆژئاڤای کوردستان، شوێنی ستراتیژیکن هەر بۆیە ئەو هەرێم و شارۆچکانەیان داگیرکردووە. بەداخەوە تورکیا و ئێران و ڕووسیا ڕۆڵێکی خراپ و دڕندانە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەگێڕن.
دۆخی ئەمڕۆی ڕۆژئاڤا لەبەر چاوانە، ڕێژیمی بەعس رووخا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە دەوڵەتە جیاوازەکان، دەیانهەوێت دەسەڵات بگرنەدەست، بەڵام ئەم پرۆسەی ململانێیانەی نێوان گرووپەکان بە دڵنیاییەوە پەیوەندی بە پلان/پلانەکانی ئەمریکا و فەرەنسا و ئیسرائیلەوە هەیە. هەموو ڕووداوە نوێیەکان لە ژێر کۆنترۆڵی ئەواندان. ئێستا چۆن دەکرێ بە شێوەیەکی “دۆستانە” یانیش بە کامە “بەڵێن” تورکیا قەناعەت پێبکەن کە کاریگەرییەکانی لاواز بێت؛ یانیش لە پلەی یەکەمدا ئەو شارانە ڕادەستی ئەمریکا بکەن.
بەڵکوو زیاتر دەتوانم لەوە دڵنیا بم کە هەبوون و پشتگیری ئەمریکا لە ڕۆژئاڤای کوردستان و ڕووخانی ڕژێمی بەعس و ئاڵۆزییەکانی سوریا بۆ ئێمەی کورد دەرفەتێکی زۆر گەورەیە. ئەگەر ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بە هەڵوێستێکی هاوبەش ببنە خاوەن ئامانجێکی هاوبەش و یان هاوپەیمانەتییەکیان هەبێت، دەتوانن داوای مافە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن.
جگە لەوەش پێویستە بەم هەڵوێستە نەتەوەییە هاوبەشە، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، فەرەنسا، ئیسرائیل و ئوردن پتەوتر بکەن. پێویستە هەوڵ بدەن هەڵوێست و سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە پرسی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل و فەرەنسا تاوتوێ بکەن.
نابێ لەبیرمان بچێ کە داگیرکەران و دابەشکەرانی کوردستان ئیمپراتۆریەتی فارس و عوسمانی بوون. ئەمڕۆش لەژێر ناوی ئێران و تورکیا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکەن.
کوردستان وڵاتێکی ستراتژیکە و بە سامانی زەوی و ئاو و نەوتی خۆیەوە، هەمیشە بۆ زۆرێک لە وڵاتان ناوچەیەکی سەرنجڕاکێش بووە. هەر بۆیە نزیکایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا پەیوەستە بە دەوڵەمەندبوونی کوردستانەوە. پێویستە ئێمە ئیدی لەسەر مێزە دیپلۆماتیکەکاندا خاوەم هەڵوێستێکی نەتەوەیی بین و لە داواکارییەکانماندا ڕوون و سەریح بین.
من چەندین ساڵە دەیڵێم و ئەمڕۆش دووبارە و سێبارەی دەکەمەوە کە؛ هەتا کوردستانێکی سەربەخۆ دروست نەبێت، واتە کوردستان نەبێت بە دەوڵەت؛ ئاشتی و ئارامی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێکنایەت!
سیاسەتمەداران و ڕۆشنبیران و هەموو ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسییەکان لانیکەم دەتوانن بە یەکدەنگی داوای “حکوومەت/سیستەم”ێکی فیدراڵی لە سووریا بکەن. نوێنەرانی کورد دەبێ خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لەسەر مێزی دانیشتنەکان و دانوستان ئامادە بن. مسۆگەرکردنی چارەسەریی پرسی ڕۆژئاڤای کوردستان پێویستە لە ژێر چاودێری ئەمریکا، فەرەنسا، ئیسرائیل و ئوردندا بێت.
من بۆخۆم هیوادارم کە نەتەوەی کورد هەنگاو بە هەنگاو لە سەربەخۆیی، واتە بەدەوڵەتبوون نزیک دەبێتەوە. ئیدی سنوورەکان دەگۆڕدرێن و ئیدی دەوڵەتێک بە ناوی کوردستان دادەمەزرێت، کە نەتەوەی کورد دەیان ساڵە چاوەڕێی سەربەخۆیی دەکات.
ئێمە دەتوانین هەنگاو بە هەنگاو و قۆناخ بە قۆناخ سەربەخۆیی بەدەست بهێنین، ئەوەش بە یەک ئارمانجی و بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی دەستەبەر دەکرێت!