کەلێنێک لە مێژووی پەکەکەدا دروست بوو، لە ڕێپێوانەکەی پاریسدا لەبری وێنەی ئۆجەلان، وێنەی مەزڵووم عەبدی بەرزکرایەوە

لە 11ی ژانیڤەریدا، پەکەکە لە پاریس ڕێپێوانێکی بۆ یادی ساکینا جانسیز و هاوڕێیە کوژراوەکانی ڕێکخست. لەم ڕێپێوانەدا مێژووی پەکەکە درزێکی تێکەوت. لە پێشەوەی ڕێپێوانەکەدا، وێنەی مەزڵووم عەبدی بەرزکرابۆوە. پەکەکە هیچکات جگە لە وێنەی ئۆجەلان و ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەستداوە، وێنەی کەسی دیکە بەکار ناهێنێت. لە ڕێپێوانەکانی پەکەکەدا، هەموو دروشم و وێنەکان بە شێوەیەکی ناوەندی دیاری دەکرێن و بەرزکردنەوەی وێنەی مەزڵووم عەبدی بڕیارێکی هاوبەشی سەرکردایەتی پەکەکە بوو. هۆکاری ئەم بڕیارەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەکەکە بۆ شاردنەوەی شکستەکانی، پێویستی بە مەزڵووم عەبدی و ڕۆژئاوا هەبوو.

پەکەکە هەموو سەنگەرە سەربازییەکانی خۆی لە باکووری کوردستان لەدەستداوە، ئەو ناوچانەشی لەدەستداوە کە پەکەکە بۆخۆی ناوی “هەرێمەکانی پاراستنی میدیا”ی لێنابوون. پەکەکەی ژێر سەرکردایەتی جەمیل بایک، لە دوای ساڵی 2013 بەملاوە بووە بە ئامرازێک لە خزمەت ئەجێندای ئێراندا، شکستە سیاسییەکانی ئێران، شۆکێکی بۆ پەکەکە دروستکرد. لەئێستادا تەنها شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی لە دەستی پەکەکەدا ماونەتەوە. پەکەکە ئێستا دەزانێت کە لە درێژخایەندا ئەمەشی بۆ نامێنێتەوە، بۆیە بۆ دەربازبوون لەم شکستە، دەیەوێت کاریزمای مەزڵووم عەبدی بکاتە دەمامکێک و لەبەرژەوەندیی خۆیدا بەکاری بهێنێت. پەکەکە بە درێژایی مێژووی خۆیدا جگە لە ئۆجەلان و بەشێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری خۆی، ڕێگا نادات هیچکەسێک بەرجستە بکرێت، تەنانەت لە گۆڕەپانی سیاسی لگاڵ (بەپێی یاسای ڕاست و دروست)یشدا ڕێگری لە کەسانی وەک عوسمان بایدەمیر و سەلاحەدین دەمیرتاش دەکرد و لە سیاسەتدا پەراوێزی خستن.

پەکەکە قبووڵی نەکرد کە مەزڵووم عەبدیش بەرجستە بکرێت. تەنانەت لە ساڵی 2021 پۆستی فەرماندەی گشتیی “هەسەدە”شی لێوەرگرتەوە، بەڵام ئەمریکا ئەمەی قبووڵ نەکرد. مەزڵووم عەبدی، سەرەڕای پەکەکە، بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتە ڕۆژئاواییەکان، کاریزمای خۆی بەدەست هێنا. ئەو کەلێنەی کە بە ناوی مەزڵووم عەبدیەوە لە پەکەکەدا سەریهەڵداوە، هەنگاوێکی مێژووییە. ئەگەر مەزڵووم عەبدی نەکەوێتە ناو ئەجێندای شاراوەی پەکەکە و بتوانێت هەموو کوردانی ڕۆژئاوا لە ئامێز بگرێت و بە هاوکاری و یەکگرتوویی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار بکات، ئەوا دەتوانێت لە لاپەڕەکانی مێژوودا ڕۆڵێکی باش بگێڕێت. بەڵام ئەگەر وەها نەبێت و نەتوانێ چەمبەری پەکەکە بشکێنێت، ئەوا وەکوو ئاگری پووش و پەڵاس، یەکسەر داەمرکێتەوە. ئیدی بڕیار بەدەستی مەزڵووم عەبدی خۆیەتی، یان ئەوەیە کە دەبێتە کادیرێکی پەکەکە، یانیش دەبێتە ڕێبەرێکی خەباتی ڕەوای کوردان.

پوستێن ھەمان بەش