سەرۆک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە..!

سەرۆک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە..!

پەکەکە لە داخوازی دەوڵەتی کوردییەوە دابەزی بۆ دیموکراسی گەلان و لە ئازادیی کوردەوە هاتە سەر ئازادی سەرۆکەکەی خۆی.

سمکۆ عەبدولعەزیزی

لە ناو شاخەکاندا چەندین دۆڵی قووڵ هەبوون و لە هەر دۆڵێکدا ژمارەیەکی زۆر مرۆڤ بە ڕوانگەی جیاوازەوە هەبوون کە لەلایەن چەند سەرکیشیکەوە، بەڕێوە دەبران.

توخمی هاوبەش لە نێوان ئەم مرۆڤانەدا تەنها زمان و فەرهەنگ و مێژوو بوو، بەڵام ڕێبەری هیچ دۆڵێک، خۆی بە ڕێبەری دۆڵەکەی دیکە نەدەگۆڕیەوە.

هەمیشە ناکۆکی لە نێوان ئەو مرۆڤانەدا هەبوو کە لەو دۆڵانەدا دەژیان. ئەم ناکۆکی و ململانێیانە بوونە هۆی ئەوەی کە هەمیشە لاواز بوون و لەهەمبەر دوژمنەکانیاندا تووشی شکست دەهاتن. بەهۆی ئەو ناکۆکی و شکستانەوە، بەردەوام سەرکردەکانیان دەگیران و دەکوژران.

لە بەختی ئەو مکرۆڤانە، هیچ یاسا و ڕێنماییەک نەبوو کە یەکیەتییەک لە نیوانیاندا دروست بکات و لە ژێر یەک سەیواندا کۆیان بکاتەوە.

ڕۆژێک لە ڕۆژان، فێڵبازێک لە نێویاندا دەردەکەوێت و خۆی وەک دانای ئاخرزەمان پیشان دەدات و بە دەنگێکی بڵیند هاواری دەکرد و دەیگوت: ئێمە فەوتاوین، لەبەر ئەوەی کە یەکگرتوو نین، بەڵام ئەگەر یەکگرتووییمان هەبێت، ئەوکاتە دەبینە گەورەترین ئیمپراتۆریەت لە ناو شاخەکاندا و پێویستە بزانین کە هێز لە وێرانکردندا نیە، بەڵکوو ئەوە یەکگرتووییە کە هێز دەخوڵقینێت.

ئەم قسانە کاریگەریی لەسەر هەموو لایەک هەبوو. ئەو مرۆڤانە بڕیاریان دا یەکبگرن و ئیمپراتۆریەتێک لە شاخ دروست بکەن و ئەم فێلبازەیان کردە سەرکردەی خۆیان.

ئەم فێڵبازە دوای دامەزراندنی ئیمپراتۆریەتی شاخ، هێزێکی ڕێکخراو و بەهێزی دامەرزاند، ڕێکخستنیکی دروست کرد و لەو ڕێکخستنەدا یاسای وشک و توندی چەسپاند. ئەو ڕێکخستنە لە قۆناخی یەکەمدا دەستی بە کوشتنی ڕێبەر و مێرخاس ودانا و عاقڵمەندانی هەرکام لە دۆڵەکان کرد و هەریەک لەوانی بە بیانوویەک لەناو برد.

دوای ئەوەی ڕێگەی بۆ خۆی هەموار کرد و کەسانی میرخاس و عاقلمەندی لەناو برد، قۆناغێکی دیکەی بەڕێوەبردنی ئیمپراتۆریەتەکەی بە دروشمی “سەرۆک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە، هەر شتێک سەرۆک بیڵێ، مانای وایە کە ئیمپراتۆریەت گوتوویەتی” دەستیپێکرد.

ئیمپراتۆریەت ئەوەندە بەهێز بوو کە کەس نەیدەتوانی ئارامییەکەی بهەژێنێت.

لەم ئیمپراتۆریەتەدا بڕیاری سەیر و سەمەرە دەدرا و دەوونە یاسای بەڕیوەبردن.

ئەم یاسایانە بریتی بوون لە:

ـ هەرکەسێک ڕەخنە لە سەرۆک بگرێت و ناڕەزایی خۆی لە بڕیارەکانی دەرببڕێت دادگایی دەکرێت، بێسەروشوێن دەکرێت یان دەکوژرێت.

ـ لەم ئیمپراتۆریەتەدا بوار بۆ ڕێککەوتن و تێگەیشتن و ڕەخنە نەبوو. تەنیا دروشمی “بژی سەرۆک” ببووە بە بنەمای دانوستانەکان. دەبووا هەموو کەس دروشم بدات کە  “سەرۆک لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە”. ئەو دروشمە جێگای دروشمەکەی پێشتری گرتبووە کە دەیگوت “وێرانکردن بەهێزی ناهینیت، بەڵکوو یەکگرتویی هێز دەخوڵقینیت”.

ـ دڵسۆزی بۆ گەل گۆڕدرا و شوێنی خۆی دا بە دڵسۆزی بۆ سەرۆک.

ئەو سەرۆکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبوو و ئیدی لە ژێر ناوی “کەرامەتی نەتەوەیی”دا دەستی بە هێرشکردنە سەر دەوروبەرەکەی خۆی کرد. هەرچەند درۆیەکانی زیاتر ئاشکرا دەبوون، بەو ڕادەیە ئیمپراتۆریەکەی لاوازتر دەبوو. تا گەیشتە ئەو ئاستە کە ئیمپراتۆریەتەکەی هەڵوەشایەوە و سەرۆکیش لەلایەن هێزە بیانیەکانەوە لەناو برا.

ئەم ئەزمونە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە سەرۆکێک کە لەسەر ئایدئۆلۆژیای ڕوومەتی نەتەوەییبوون و بە شێوەیەکی دیکتاتۆرانە بێتە سەر دەسەڵات، دەبێتە ئەهریمەنێکی دڕندە و کادیرەکانی خۆی لەناو دەبات. ئەو گەلانەی لەسەر تیۆری فاشیزم و نازیزم بنیات نراون، دەبنە نموونەی بزوێنەر (مەکینە)یەکی شەڕ، نەک کۆمەڵگەیەکی دڵخواز لەسەر بنەمای ئازادی گەلان.

پەکەکە بە ناوی نەتەوەی کوردەوە و بە ڕوانگەیەکی فاشیستی و نازیزمەوە بەڕێوەدەبرێت. فاشیزم و نازیزم ناتوانن دیموکراسیخواز بن. ئەم حیزبە لە ژێر پەردەی “کەرامەتی نەتەوەیی” و دروستکردنی دەوڵەتی کوردی، زۆرێک لە هێزە سیاسییە نەتەوەییەکانی کوردی لەناوبرد. زۆرێک لە شۆڕشگێڕان و نیشتمانپەروەرانی کوردی بە خیانەتکار ناوبرد و کوشتیانی. هەر کەسێک لە ناو پەکەکەدا بۆنی کوردایەتیی لێهاتبا، دەکوژرا یان وەک لە پەکەکە بۆخۆی دەڵیت (تەسفیە) دەکرا. پەکەکە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کەسێکی وەک جەمیل بایک، لە کتێبی “مێژووی ئاگر”دا، ئەوەندەی باسی سەرۆکەکەی دەکات، بەو ئەندازەیە باسی کورد ناکات. جەمیل بایک گەیشتۆتە ئاستێک کە بڵێت سەرۆک واتە پەکەکە و پەکەکەش بە واتای سەرۆک دێت.

دوای ئەوەی کە ئەو حیزبە ژمارەیەکی زۆر لە شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزانی باکووری شەهید کرد، رووی لە پارچەکانی دیەی کوردستان کرد و گرفت و کێشەی بۆ هەموو پارچەکان دروست کرد. بەڵێ، ئەو حیزبە وەرچەرخانێکی 180 پلەی گرتەبەر و لە داخوازی دەوڵەتی کوردییەوە دابەزی بۆ داوای دیموکراسی گەلان و لە سەربەخۆیی و ئازادیی کوردەوە هاتە سەر ئازادی سەرۆکەکەی خۆی.

پوستێن ھەمان بەش