کورد نابێت لەبیری بکات کە هەرکات کەمالیزم لەبەرچاوی کورد شیرین کرا، ئیدی نەتەوەی کورد بە تەواوی لەناو دەچێت.
بووبێ ئەسەر
وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، مەبەست لە دروستکردن یان کردنەوەی زیندانی دیاربەکر، ئەوە بوو کە زیندانییە سیاسییە لاوەکانی کورد بکەن بە کەمالیست.
بۆ گەیشتن بەم ئامانجە هەموو جۆرە شتێکی خراپیان لەسەر زیندانییەکان تاقیکردەوە. بەو پێیەش پیاوانی خۆیان و زیندانییە لاوازەکانیان دەناسی. بۆیە هەندێکیان بە زۆر و لێدان و هەندێکی تریش بە بەڵێنی یارمەتیان بدەن بۆ کەمکردنەوەی سزاکەیان یان ئازادکردنیان، دەکردن بە پیاوی خۆیان.
دوای دڵنیابوون لە خوێندنەوەی دوعای خواردن، ئیدی فەرمانی گوتنەوە و خوێندنەوەی سروودی نەتەوەیی تورکیا و “سوێندی ئێمە”! واتە سوێندی دەوڵەتی تورک لەلایەن زیندانییەکانەوە دەستیپێکرد.
دوای ئەمەش ئیدی هیچ بەرنگارییەک لەهەمبەر ئەوانە نەبوو. هەندێک جار لە ئێوارەیەکدا دوو سێ سروودیان دەهێنا و دەیانگوت: “دەبێت تا سبەی ئەمانە لەبەر بکەن”. لە ڕۆژیشدا کتێبەکەی ئەتاتورکیان بە دەنگی بەرز بە زیندانییەکان دەخوێندەوە. سەرەڕای لەبەرکردنی سروودەکان، ئیدی داوا لە زیندانییەکان دەکرا کە ئەو کتێبەش لەبەر بکەن. هەندێک جار پاسەوانەکان دەهاتنە ناو قاویشەکان و یەکێک لە ئێمەیان بانگ دەکرد و دەیانگوت: “پاراگرافی 4ی لاپەڕە 25 بخوێنەرەوە”. بەم شێوەیە کتێبەکەیان لە مێشکی زیندانییەکاندا جێدەخست و وایان لێدەکرد هەمووی لەبەر بخوێننەوە یان بیزانن.
ئامانج لێی ئەوە بوو کە بە خوێندنەوەی ئەو سروودە ڕەگەزپەرستانە و ئەو کتێبەی ئەتاتورک، زیندانییەکان بکرێنە عاشقی کەمالیزم. نزیکەی 24 کاتژمێر لە کاتی زیندانییەکان بە خوێندنەوە و قسەکردن سەبارەت بەو کتێبە تێپەڕ دەبوو، بۆیە ئەم بابەتە وردە وردە لە مێشکی هەندێک لە زیندانییەکاندا ڕەگی داکوتا.
پاش ماوەیەک وایان لە زیندانییەکان کرد کە ئیدی بەرپێی خۆشیان نەدەدیت. لە دەرەوە لەگەڵ ڕێپێوانی سەربازیدا سروودی ڕەگەزپەرستییان دەخوێندەوە و لە ناوەوەش کتێبێکیان بە ناوی “شۆڕشەکانی ئەتاتورک و مێژووەکەیان” دەخوێندەوە، کە لە 106 لاپەڕە پێکهاتبوو و زیندانییەکان ناچار دەکران کە لەبەری بکەن.
ئامانج و مەبەستی بەرپرسانی زیندان ئەوە بوو کە زیندانیانی کورد، سەرۆک و بەڕێوەبەرانی حیزبە کوردستانییەکان بکەنە کەمالیست. من پێم وایە ئەگەرچی نەک بەتەواوی، بەڵام لە هەندێک بواردا سەرکەوتوو بوون. بەشێک لە نیشتمانپەروەر و شۆڕشگێڕانی کورد، وەکوو کەمالیست ئەو زیندانەیان بەجێهێشت.
کەمالیزم لەسەر جینۆساید و تاڵان و لەناوبردنی گەلی کورد بنیات نراوە. ئەم کەمالیزمە نایهەوێت ناوی کورد لە هیچ شوێنێک ببیسترێت و بۆ ئەو مەبەستەش هەمیشە لە کاردایە. هەندێک لەو هەوڵانە هەندێک جار ئەنجامیشیان هەبووە، بەڵام هەندێک جار، داواکاری و هەڕەشەکانی وەکو برووسکەیەک بە چاوی خۆیدا دراوەتەوە. بەڵام دیسانیش کتێب و سروودەکانی نەتەوەی تورک و کەمالیزم کاریگەریی خۆیان هەبووە و زیندانییەکان لەژێر ئەو کاریگەرییەدا بوون.
تورک فێری ئەوە بوو کە بە زۆر و لێدان و ئەشکەنجەدان کورد ناچار بکات تا کەمالیزم قبووڵ بکات. ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە زۆرێک لە زیندانییەکان لە کاتی ئازادبوونیان لە زیندان، ئەو زمانی کوردیەی کە قسەپێکردنی لەناو زینداندا قەدەغە کرابوو، لە ژیانی سڤیل و ئاسایی خۆیاندا، ئیدی بۆخۆیان قسەکردنیان بە زمانی کوردی لەخۆیان قەدەغە کرد.
بۆیە زۆرێک لە زیندانییەکان دوای خوێندنەوەی ئەو کتێبە بوون بە کەمالیست. کاتێک ئەو زیندانەیان بەجێهێشت و گوایە بۆ خەبات بۆ ئازادی کوردستان چوونە شاخ، هەرگیز قسەی خراپیان لەسەر کەمالیزم نەگوت. هەروەها ئەمەش دەرفەتی بە سەرکردایەتی و بەرێوەبرایەتی پەکەکە دا کە وردە وردە کەمالیزم لە نێو ئەندامەکانیاندا بقەبووڵێنن و هەر واشی لێهات.
عەبدوڵای سەرۆکی پەکەکە و بەشێک لە ئەندامانی سەرکردایەتی پارتەکەی زۆرجار بە ئاشکرا ستایشی کەمالیزمیان دەکرد و هەوڵیان دەدا لەبەر چاوی کورد شیرینی بکەن. دوای ئەوەی پەکەکە لە سایەی ئەو شەڕەی کە ئامانجی لەناوبردنی کوردە، خۆی بەهێزتر کرد، ئیدی بە ئاشکرا دەیگوت کەمالیزم باشە و شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد دژی کەمالیزمی، بە کۆنەپەرستانە دادەنا. کورت و پوختەکەی ئەوەیە کە زۆربەی سەرکردەکانی پەکەکە و لقوپۆپە ئاشکراکانی، کەمالیستی کورد و تورکن.
لە بارودۆخی ئێستا ڕامێنن، کە کوردانی باکوور چۆناوچۆن کەمالیزمیان خۆشدەوێت و بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لێدەکەن، ەاتە پشتیوانیی لە حیزبەکەی (جەهەپە) دەکەن. ئەو کەمالیزمەی کە دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورک نەیانتوانی بە شەڕ و کوشتن لە بەرچاوی کورد شیرینی بکەن، لەلایەن پەکەکەوە بە مسۆگەری جێبەجێ کرا و زۆربەی ئەندامانی پەکەکە و پارتی دەم بوونەتە عاشقی کەمالیزم. لە ئەساسدا ئەو پرۆژە و سیناریۆیەی کە بۆ پەکەکە نووسرابوو، لەسەر بنەمای خۆشەویستی بۆ کەمالیزم بوو.
ئەمڕۆکە زۆربەی سەرکردە و بەڕێوەبەرانی لقوپۆپە ئاشکراکانی پەکەکە، کەمالیستی کورد و تورکن، ئایا لە هیچ شوێنێکی دونیادا بینراوە کە پیاوەکانی ئەو دەوڵەتەی کە وڵات و خاکەکەی تۆیان داگیر کردوە، تۆ لەسەر بنەمای نەتەوەکەی خۆت بەڕێوەببەن یان دەبەن؟ بەڵام سەیری بارودۆخی ئەمڕۆ بکەن، زۆربەی ئەو کارانەی دەکرێت، لەسەر دەستی کەمالیستە تورکەکانی ناو ئەو حیزبانە ئەنجام دەدرێن کە بە ئاشکرا سەر بە پەکەکەن.
دوێنێ لە دەڕڕەی بیقاع، دۆغو پەرینچەک و یالچین کوچک، مامۆستای عەبدوڵڵا بوون. هەردووکیان کەمالیستن و پیاوی دەوڵەتی قووڵی تورکن. گەریلاکانی پەکەکە بە کەمالیزم پەروەردە دەکران. ئەمڕۆکەش لقوپۆپە ئاشکراکانی پەکەکە، لە سەر دەستی کەمالیستە تورک و کورد و عەرەبەکاندا، هەوڵدەدەن لە هەموو بوارێکدا کەماڵیزم لە بەرچاوی کورد شیرین بکەن و پێیان بقەبووڵێنن. تەنانەت تا ڕادەیەکیش توانیویانە سەرکەوتوو بن.
کورد نابێت لەبیری بکات کە هەرکات کەمالیزم لەبەرچاوی کورد شیرین کرا، ئیدی نەتەوەی کورد بە تەواوی لەناو دەچێت. کەمالیزم ڤایرۆسی تورکبوونە و بچێتە جەستەی هەرکەسێکەوە یەکسەر دەبێتە کەمالیست.