ژن چەڤەنگ نییە، مرۆڤە…

ژن چەڤەنگ نییە، مرۆڤە...

لە پەیامەکەی ئۆجەلاندا، ژن تەنها بۆ گوێڕایەڵی و متمانە و جێبەجێکردن بەکاردەهێنرێت.

سمکۆ عەبدولعەزیزی

عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنانەوە، پەیامێکی هەستیاری ئاڕاستەی ژنان بە گشتی و ژنانی کورد بەتایبەتی کرد. ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی لە ژنان کرد و جارێکی دیکە جەختی کردەوە کە “ژن سەنتەری پرۆژەی ڕزگاریی سۆسیالیزمە”.

ڕاستە پرسی ژن و ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بە ڕوخساری پەیامەکەوەدیار بوون، بەڵام پەیامەکە لە پارادۆکسی فەلسەفی بێبەری نەبوو و شۆڤێنیزمێکی شاراوەی تێدا بوو. پرسیارێکی بنەڕەتی لەو پەیامەدا دەوروژێنرێت، پرسیارەکەش ئەوەیە کە: “ئایا پیاو لە پێگەی دەسەڵاتی خۆیدا دەتوانێت پەیامێک لەسەر ئازادیی ژن بنووسێت بەبێ ئەوەی کە بکەوێتە ژێر کاریگەریی هەژموونی زاڵبوونی خۆی بەسەر ژناندا؟”

کاتێک عەبدوڵڵا ژنان دەکات بە “گەردوون، یەکەم ئافرێنەر، هەبوونێکی پیرۆز”، تەنها بەمە ئازادییان پێ نابەخشێت، بەڵکوو دەیانخاتە ژێر کاریگەریی چەڤەنگبوونێکی ناچالاک و بێ کار و نائازادەوە”.

فەیلەسوفی فەرەنسی سیمۆن دیبۆف لەو بارەوە هۆشداریمان دەداتێ و دەڵێ: “ژن بۆ ئەوە لەدایک نابێت کە ژن بێت، بەڵکوو وایلێدەکرێت کە ژن ببێت”. کاتێک ژنان وەکوو چەڤەنگ بەرجەستە دەکرێت، ئەوە لەخۆیدا دەبێت بە شێوەیەک لە شیوەکانی ماتریاڵ بوون و دوورخستنەوە. چوونکە ژنان لەبری ئەوەی وەک هەبوونێکی مێژوویی شۆڕشگێڕیی فرەلایەنە بناسن، ناچار دەکرێن کە ببنە بووکەڵەیەکی پلاستیکی.

عەبدوڵڵا لە پەیامەکەیدا وا پیشان دەدات کە گۆیا ئازادیی ژنان ڕەچاو دەکات. لەوێدا وا دەردەکەوێت کە شۆڕشی ژنان تەنیا لە لایەن پیاوانی شۆڕشگێڕەوە بەدیار دەکەوێت، ئەمەش خۆی لە خۆیدا سەربەخۆیی ژن لەناو دەبات. وەک فەیلەسوفی ئەمریکی نانسی فرایزەر دەڵێت: “هیچ گوتارێکی شۆڕشگێڕانە، لە پێگەیەکی جەماوەری هەمەڕەنگەوە سەرهەڵنادات، بەڵکوو لە پێگەیەکی دەسەڵاتی تاکەکەسییەوە سەرهەڵدەدات کە بە خێرایی خۆی دەگۆڕێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی کۆنترۆڵکردن، تەنانەت ئەگەر جلوبەرگێکی پێشکەوتنخوازانەشی لەبەر کردبێت”.

زۆر باس لە وێنەی مێژوویی و ئەفسانەیی ژن دەکرێت، وەک “خودای دایک، شاژن، ژنی ماڵەوە”، بەڵام هەموو ئەم قسانە لەسەر بنەمای زاڵبوونی پیاوانە بەسەر ژناندا. ئەمانە نەبنە واقعییەتی ڕۆژانەی ژنان. دەتوانین هاواری خۆمان بگەیەنینە “جاک دریدا”ی فەرەنسی بۆ ئەوەی لەسەر گۆڕینی زمانی دەسەڵات، یارمەتیمان بدات. جاک دریدا ئاماژە بەوە دەکات کە بەکارهێنانی چەمک و ئایدیاڵە گەورەکان وەکوو فۆرمێکە لە دەسەڵاتی چەڤەنگی، کە وەرگر لە واقیعی خەبات دوور دەخاتەوە.

لە پەیامەکەی عەبدوڵڵادا، پەیامی ژنان بوونی نیە. ژن تەنها بۆ گوێڕایەڵی و متمانە و جێبەجێکردن بەکاردەهێنرێت. بە واتایەکی تر ئیشی ژن ئەوەیە کە تەنها باوەڕ بکات و گوێ بگرێت و جێبەجێی بکات، نەک ئەوەی کە وەکوو ژن ببێتە لایەنێک لە بیرکردنەوە وپێشەنگایەتی کردن و مەرجی خۆی دابنێت. ئەو دابەشکردنە، ئەو ڕۆڵە هاوبەشە لەناو دەبات کە عەبدوڵڵا لە پەیامەکەیدا باسی لێوە دەکات. واتە لە پەیامەکەدا دەردەکەوێت کە ئۆجەلان چەندە کەسێکی شۆڤێنیست و دووئالیزمە.

ماریا لۆگانس فەیلەسوفی ئەرجەنتینی پێی وایە ناسنامەی ژن لە “ڕەگەز، چین و ئەزموونی ناوخۆیی”، جیا ناکرێتەوە. بۆیە پرسی ژن چەندە ئاڵۆزیش بێت، بە پەیامێک چارەسەر ناکرێت. ڕاستە کە عەبدوڵڵا بە قووڵی باسی مێژووی ژنی کردووە، بەڵام ئەوە جێگای هەمەڕەنگیی ژن ناگرێتەوە، بەڵکوو نموونەی ژنێکی “ئەبستراک”ـە کەوا جارێکی دیکە لەدایک دەبێتەوە. ژنی ئەبستراکت ژنێکە کە سوود لە ئەزموون وەرناگرێت و تەنها بە هیوای وتاری ئامادەکراو دەمێنێتەوە و خۆی ناگۆڕێت و گوتار بۆخۆی نانووسێت.

هەرچەندە پەیامەکەی ئۆجەلان پڕە لە وشەی جوان و ئامانجی بەرز، بەڵام ئەم پەیامە وەک تەڵەیەک وایە و دەتوانین ناوی تەڵەی شۆڤێنیزمی نەرم و نیانی لەسەر دابنێین.

شۆڤێنیزمی نەرم جۆرێکە لە هەژموونی چەڤەنگی کە پێی دەوترێت ڕزگاری، بەڵام لە واقیعدا دەسەڵات بەسەریدا دەسەپێنێت.

ڕزگاریی ژن تەنیا بە خۆشویستنی کەسی بەرانبەر بۆ ژن، یان ڕێزگرتن لە ژن، یان پەیڕەوکردنی هەندێک ڕێسا بۆ ژنان بەدەست نایەت، بەڵکوو بە داننانی ئاشکرا بە مافەکانی ژن و پێدانی سەرجەم مافەکانی ژنان بۆ ئەوەی کە دەنگێکی سەربەخۆ و کاریگەر بن، دەستەبەر دەبێت. ئەم دەنگەش نابیسترێت هەتا ئەو کاتەی کە دەنگی پیاوەکە بۆ ماوەیەک بێدەنگ نەکرێت، تا دواجار ژن بتوانێت ببیستێت و تێبگات کە ئەو چەڤەنگ نییە، بەڵکوو مرۆڤە.

پوستێن ھەمان بەش