زیندانی دیاربەکر و پەکەکە (7)

زیندانی دیاربەکر و پەکەکە (7)

پەکەکە هەرگیز دەوڵەتێکی کوردی یان کوردستانێکی سەربەخۆی نەیویستووە، هەربۆیەش ئاڵای کوردستانیشی قبووڵ نەکردووە.

بووبێ ئەسەر

زیندانی دیاربەکر بۆ ئەوە دامەزرا کە سەرجەم بەها و بایەخەکانی کورد لەناو ببات. بۆیە بۆ لەناوبردنی ڕەنگ و دەنگی کورد و بۆ لەناوبردنی ڕەمز و بەهاکانی، بە هەموو جۆرە کار و تەعەدا و ئەشکەنجە و سووکایەتییەکیان بەسەر زیندانییەکاندا بەکارهێنا.

ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە زمانی کوردی بۆ زیندانیانی ناو زیندانەکە و بۆ ئەوانەی سەردانی منداڵەکانیان دەکەن قەدەغە کرابوو. ئامانج لەمەش لەبیرکردنی زمانی کوردی و بەهێزکردنی زمانی تورکی بوو.

بەرپرسانی زیندان باش دەیانزانی کە بەکارهێنانی زمانی تورکی دەبێتە هۆی لەبیرکردنی زمانی کوردی و قسە کردن و بیرکردنەوە بە زمانی تورکی. لەم بوارەدا ئەوەی لە توانایاندا بوو کردیان و لە زۆر بوار و قۆناغیشدا سەرکەوتوو بوون.

داگیرکەران و بە تایبەتی بەرپرسانی زیندان، ناسینی سیمبولی کورد و کوردستانیان لە زیندانییەکان قەدەغە کردبوو. بەرپرسانی زیندان کاریان دەکرد بۆ ئەوەی ئەوانەی لە زینداندان ناچار بە ناسین و قبووڵکردنی هێما و تایبەتمەندییەکانی تورکەکان بکەن.

یەکێک لەوانە ناساندنی ئاڵای تورکیا بوو کە لە هەموو دیوارەکانی زیندانەکەدا کێشرابوونەوە. وەک ئەوەی ئەمە بەس نەبێت، هۆڵ و دیواری هەموو هۆڵەکان بە ئاڵای تورکیا داپۆشرابوون. جگە لەوەش بنمیچی قاویشەکان هەموویان ئاڵای تورکیایان لێدرابوون.

لەو زیندانەدا زیندانییەکان تەنها دەیانتوانی لەسەر پشت بخەون و خەوتن بە فۆرم و شێوازەکانی دیکە قەدەغە کرابوون. کاتێک وەک زیندانی لەو زیندانەدا دەخەوتین، چاومان بەو ئاڵایە دەکەوت کە لە بنمیچەکە درابوو، هەتا کاتێک خەومان لیدەکەوت چاوەکانمان هەر ئەو ئاڵایەی دەبینی. ڕەنگ و دەنگی ئاڵاکە، گوتنەوەی سروودەکان لەسەری، بەشیوەی لائیرادی، خۆشەویستییەکی بۆ ئەو ئاڵایە لە میشکی زۆر کەسدا چاند.

واتە کە لە هەستان و دانیشتن و تەنانەت لە کاتیکیشدا کە دەمانەویشت بخەوین، چاومان تەنیا ئاڵای تورکیا و سروودە ڕەگەزپەرستەکانیان دەبینی کە لەسەر دیوارەکان نووسرابوون. ئامانج لێی گەیاندنی ڕەنگ و شێوەی ئاڵای تورکیا بوو لە ڕێگای بینینی بەردەوامەوە لە چاوەوە بگوازرێتەوە بۆ مێشک. سەردەمێک هەبوو ئەو ئاڵایە، کە بە خوێنی کورد دروستکرابوو، لەلایەن هەندێک لە زیندانییەکانەوە بە جوان دادەنرا یان بە ئاڵای خۆیانیان دەزانی.

هەر بۆیە زۆرێک لەوانەی لەو زیندانەوە هاتنە دەرەوە و بوون بە سەرکردە و بەرپرسانی پەکەکە، هەمیشە باسیان لەوە دەکرد و دەیانگوت: “ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ ئاڵای تورکیادا نییە”. لەخۆیدا لەوەوە دەستیپێکردبوو.

بەڵام ئێمە زۆر باش دەزانین لەو ڕۆژەوە کە پەکەکە هاتۆتە سەر خاکی کوردستان و ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەرگیز ئاڵای کوردستانیان وەکوو ئاڵای کورد قبووڵ نەکردووە. هەرچی لە توانایدا بوو کردوویەتی بۆ ئەوەی وەک ئاڵای کورد نەناسرێت.

هۆکاری ناڕەزایەتییەکان لە دژی ئاڵای کورد، نەناسینی ڕۆحی کوردایەتی و وڵاتی کوردان، واتە کوردستان بوو. چونکە دانا و سەرکردەکانی پەکەکە باش دەیانزانی کە ئاڵا شەرەفە، ئاڵا وڵات و نیشتمانە، ئاڵا ئازادییە، ئاڵا خۆناسینە، ئاڵا هێما و ڕەمزی وڵاتێکە. هەموو نەتەوەیەک و هەموو وڵاتێک بە ئاڵاکەیەوە دەناسرێتەوە. مرۆڤ بە سەیرکردنی ئاڵایەک دەزانێت خاوەنەکەی کێیە یان چییە. هەر لەبەر ئەم گرنگییەیە کە داگیرکەرانی ئێمە هەمیشە هەوڵیان داوە و کاریان کردووە و هەوڵدەدەن بۆ ئەوەی کورد ئاڵاکەی خۆیان واتە ئاڵای کوردستان نەناسن. ئەمەش لە سەر دەستی پەکەکە ئەنجامدراوە و ئەنجامیش دەدرێت.

ئێمەی کوردیش ئاڵای خۆمان هەیە و ئەم ئاڵایە لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا هەبوونی ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد دەناسێنێت. ئەم ئاڵا پیرۆزە لە سەردەمی شۆڕشی ئاگریدا وەک ئاڵای کورد ڕەنگ و دەنگی خۆی وەرگرتبوو. لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای دەوڵەتی کوردی ناسێندرا.

ئێستاکەش ئەم ئاڵایە لە هەموو فەرمانگە حکومییەکان و قوتابخانەکان و ناوچە سەربازییەکانی باشووری کوردستاندا هەڵکراوە و دەشەکێتەوە. بۆیە ئیدی هەموو دونیا دەزانن ئەم ئاڵایە هی کوردانە.

بەڵام هێشتا پەکەکە و هەموو لقوپۆپ و هاوپەیمانەکانی دژی ئەم ئاڵایەن. چونکە زۆر باش دەزانن کە قبوڵکردنی ئاڵا واتای کوردستانێکی سەربەخۆیە. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە پەکەکە ئاڵای کوردستان قبووڵ ناکات.

پەکەکە هەرگیز دەوڵەتێکی کوردی یان کوردستانێکی سەربەخۆی نەیویستووە، هەربۆیەش ئاڵای کوردستانیشی قبووڵ نەکردووە. قبووڵنەکردنی ئاڵای کورد بە واتای نەویستنی کوردستان دێت.

ئەگەر سەیری ڕاگەیاندراوەکانی پەکەکە و لیدوانی سەرکردە و بەڕێوەبەرەکانی بکەین، دەبینین هەموویان بە یەک دەنگ دژایەتی ئەم ئاڵایە دەکەن. واتە بەکورتی و کورمانجی، پەکەکە دژی ئاڵای کوردستانە، ئەوان نایانهەوێت وڵاتێک بەناوی کوردستان هەبێت یان دابمەزرێت.

ئەو تاک و ڕێکخستن و بەڕێوەبەرانەی کە ئەم ئاڵا پیرۆزە قبووڵ دەکەن، پەکەکە بەردەوام لە دژیان شەڕی کردووە و دەشیکات. پەکەکە ئەم ئاڵا پیرۆزەی لە شەقام و کۆڵانەکاندا سووتاندووە. پەکەکە شەڕی لەگەڵ ئەوانەدا کردووە کە ئەم ئاڵایەیان پاراستووە. بەڵگەی گەورە ئەوەیە کە دوای ئازادکردنی باشووری کوردستان، پەکەکە لە هەموو ڕوویەکەوە شەڕی لەگەڵ ئەوان کردووە و دەیکات.

پەکەکە لە ڕۆژی یەکەمەوە شەڕی لە دژی بارزانییەکان کردووە و دەیکات. چونکە بارزانیەکان هەمیشە بە ڕێزێکی زۆرەوە خاوەندارێتییان لەو ئاڵا پیرۆزە کردووە، پارێزگارییان لێکردووە و هەوڵیانداوە ڕۆژێک بەسەر هەموو شاخ و کانی و دۆڵەکانی کوردستاندا هەڵیبکەن. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوونەدات، پەکەکە هەمیشە شەڕی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانییەکانی کردووە.

پێویستە باش بزانرێت لەو زیندانەدا ئەو شتانەی کە بۆ ئێمە باش بوون، بۆ ئێمە قەدەغە کرابوون. ئێستاکەش لەسەر خاکی پیرۆزی کوردستانیش پەکەکە ئەوەی بۆ کورد باش بووبێتن و باش بن، لە کوردانی قەدەغەی کردووە و قەدەغەی دەکات. هەر بۆیە پەکەکە لە زیاتر لە چل ساڵ تێکۆشانی خۆیدا تەنانەت بۆ یەک ڕۆژیش ئاڵای کوردستانی هەڵنەگرتووە و خاوەنداریتیی لێنەکردووە و بۆ ئەوی کە ئەو ئاڵایە هەڵنەکرێت و نەناسرێت، ئەوەی لە توانایدا بووە کردوویەتی و دەشیکات.

تێبینی: پیرۆزبایی نەورۆز لە گەلەکەم دەکەم. بەو هیوایەی ڕۆژێک لە کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆدا جەژنی نەورۆزمان پیرۆز بکەین.

پوستێن ھەمان بەش