ئاهەنگەکە دوور بوو لە بەرژەوەندی حزبی و ڕووخساری نەتەوەیی کورد و کوردستانی پیشانی جیهان دا و ئەمەش پەکەکەی تووڕە کرد.
ئەمساڵ لە هەموو شوێنێک، نەک تەنها لە کوردستان بەڵکوو لە سەرانسەری جیهان، جێژنی نەورۆز لەلایەن کوردەکانەوە بە شێوازی جۆراوجۆر پیرۆز کرا. لە باکوور، باشوور، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگی جیاواز ڕێکخران. بەڵام ئەوەی زۆرترین سەرنجی ڕاکێشا و بوو بە ناوەندی سەرنجی هەموو میدیای جیهانی، ئاهەنگی نەورۆزی شاری “کۆڵن”ی وڵاتی ئەڵمانیا بوو. چونکە ژمارەیەکی زۆر لە کورانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەبێ گوێدانە جیاوازیی حزبی، بەشدارییان لەم ئاهەنگەدا کرد. بەڵام دیسانیش دەستێکی ڕەش هەبوو کە دەیهەویست کێشە بۆ ئەم ئاهەنگە دروست بکات و ئەو دەستە ڕەش و گڵاوەش، پەکەکە بوو.
ڕۆژی 22/3/2025 ئاهەنگێکی جوان و قەشەنگی نەورۆز بە بەشداری زیاتر لە 60 هەزار کورد لەلایەن کوردانی دیاسپۆراوە لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا ڕێکخرا. ئەم ئاهەنگە سەرنجی میدیاکانی جیهان و بەتایبەتی میدیای ئەڵمانیای بۆ لای خۆی ڕاکێشا. لە میدیای ئەڵمانیدا باس لەوە کرابوو کە “نزیکەی 100 هەزار کەس بەشدارییان لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵن کرد، ئەوەی جێگای سەرنج بوو، هیچ ڕووداوێکی توندوتیژی، دەستدرێژی سێکسی، شەڕ و ململانێ لە نێوان ئامادەبوواندا نەبووە و ئاهەنگەکە زۆر سەرکەوتووانە بەڕێوەچوو”. بەڵام لەناو گەنجانی ئەم ئاهەنگەشدا پەکەکە دیسانەوە ویستی ژەهرەکەی خۆی بڵاوبکاتەوە و کێشە بۆ ئاهەنگەکە دروست بکات.
بڕیارەکە ئەوە بوو کە هیچ هێمایەکی حزبی لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری کۆڵن بەرز نەکرێتەوە و تەنها ئاڵای ڕەنگینی کوردستان بەرز بکرێتەوە. هەر بەو هۆیەشەوە کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان کۆبوونەوەی کردبوو و پەیامێکی بەم مەبەستە پێگەیاندبوون. هەموو لایەنەکان ئەمەیان پەسەند کردبوو، بەڵام دیسانەوە پەکەکە پێی پابەند نەبوو. پەکەکە بە نهێنی هەنگاوی نابوو بۆ ئەوەی ئاژاوە ساز بکات و گرفت بخوڵقینێت. لە شارە جیاوازەکانی ئەڵمانیادا لەگەڵ هەندێک ڕێکخراو و گروپی پاشکۆی خۆی کۆبوونەوەی کردووە و فەرمانی ئاژاوەنانەوە و کێشەخوڵقاندنی پێکردوون. بۆ ئەو مەبەستەش، تەعلیماتی بەو گرووپانە کردووە کە بە هەڵکردنی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکە کێشە دروست بکەن کە بە یاسا لە ئەڵمانیا قەدەغەیە. پەکەکە تا ڕادەیەک لەو پلانەدا سەرکەوتوو بوو. پۆلیس بەهۆی هەڵکردنی وێنەی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکە کەوا بەپێی یاسای ئەڵمانیا قەدەگەکراو، گرفت بۆ ڕێوڕەسمەکە دروست بکەن. بەهۆی بەرزکردنەوەی وینەی ئۆجەلان و ئارمی پەکەکەوە، پۆلیئسی ئەڵمانیا بۆ ماوەی نزیکەی 2 کاتژمێر ئاهەنگەکەی ڕاگرت و ڕێگەی نەدا بەڕێوەبچێت. بەڵام ڕێکخەرانی ئاهەنگەکە ژیرانە مامەڵەیان کرد و توانیان ئەم پیلانەی پەکەکە پووچەڵ بکەنەوە و درێژە بە ئاهەنگەکە بدەن.
پەکەکە بۆ وای کرد؟
وەک دەزانرێت پێشتر پەکەکە زۆربەی ئاهەنگەکانی نەورۆزی لە ئەوروپا ڕێکدەخست و ئەوانیش ئەو ئاهەنگانەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێنا. ئەو ئاهەنگانە هیچ سیما و وێنایەکی کوردستانیبوونیان پێوە دیار نەبوو. ئاڵا و وێنەکانی ئۆجەلان ئەوەندە زۆر بوون کە مرۆڤ نەیدەتوانی بیانژمێرێت. گۆرانی و سروودەکانی پەیوەست بە پەکەکە دەگوترانەوە، بەرپرسان و کەسانی نزیک لە پەکەکە وتاریان دەدا و هەموو شتێکیان بە قازانجی خۆیان بەکاردەهێنا. بەڵام ئاهەنگەکەی ئەمساڵ کە لە شاری کۆڵن بەڕێوەچوو جیاواز بوو و هەموو شتێکی پێچەوانە کردەوە. سیمایەکی کوردستانیی بەم ئاهەنگە نەتەوەییە درا و لە جیاتی وێنەکانی ئۆجەلان و ئاڵای پەکەکە ئاڵای کوردستان بەرزکرایەوە، لەبری سروود و گۆرانییەکانی پەکەکە، گۆرانی و سروودی نەتەوەیی کوردان گوترانەوە و ئاهەنگەکە بە شێوەیەکی باش و ڕێکوپێک بەڕێوەچوو. ئەمەش بەپێی خواست و بەرژەوەندیی حیزبیی پەکەکە نەبوو، بۆیە هەوڵێکی زۆریدا کە گرفتی بۆ ساز بکات و ڕێگا نەدات بەڕێوەبچێت.
بەڵێ، چونکە ئاڵای ڕەنگینی کوردستان لە ئاهەنگی نەورۆزدا لە شاری کۆڵن بەرزکرایەوە و ژمارەی ئاڵاکانی کوردستان ئەوەندە زۆر بوو کە لە ئەژمار نەدەهاتن، ئاهەنگەکە دوور بوو لە بەرژەوەندی حزبی و ڕووخساری جوانی کورد و کوردستانی پیشانی هەموو جیهان دا، ئەمەش وایکرد پەکەکە قەڵس بێت و دیسانەوە ژەهری خۆی ڕژاندەوە.
دەکرێت بڵێین ئاهەنگی نەورۆز کە لە شاری کۆڵن بەڕێوەچوو، کۆتایی بە هێژەمۆنیی پەکەکە لەسەر ئاهەنگەکانی نەورۆز لە ئەوروپا هێنا و بۆ هەمووان ڕوونی کردەوە کە ئەگەر ڕێکخستنێکی باش بکرێت، چیتر پەکەکە ناتوانێت بە ئاسانی گەلی کورد بە ناوی جیاوازەوە فریو بدات و بۆ بەرژەوەندییە تەسکە حیزبیانەکەی خۆی بەکاریان بهێنێت. دروستترین کار ئەوەیە کە ڕەوەندی کوردستانی لە ئەوروپا باشتر کار بکات و کاریگەریی فریودەرانەی پەکەکە لەسەر ئەو کوردانە نەهێڵێت کە لە ئەوروپا دەژین.