گەلی کورد بەگشتی، تەنانەت لایەنگرانی پەکەکەش، بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی زۆر دڵخۆش بوون، بەڵام میدیای پەکەکە پێی قەڵس بوو.
کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو. سەرۆک بارزانی و فەرماندەی گشتیی هەسەدە، مەزڵووم عەبدی کۆبوونەوە و پەیامی یەکگرتوویی کوردستانیان پێشکەش کرد. ئەم دیدارە بوو بە خاڵی جێی سەرنجی میدیای ناوچەیی و نێودەوڵەتی و هاوکات گەلی کوردستانیش لە سۆشیال میدیا بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازییان لە کۆبوونەوەکە کرد. میدیای داگیرکەران و دوژمنانی کورد ناڕەزایی خۆیان لەو کۆبوونەوەیە دەربڕی. لێرەدا سەرنجڕاکێش کاردانەوەی میدیای پەکەکە بوو، بە جۆرێک مامەڵەی کرد کە هیچ گرینگییەک بەو کۆبوونەوەیە نادات.
دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی کە بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی ڕۆیشتبووە هەولێر، نیشانەی ئەوە بوو کە لە ڕەوشی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کوردان لە هەوڵی یەکیەتی و یەکگرتووییدان. ئەم هەوڵدانەی کوردان لەلایەن هەندێک لە ناحەزانی کورد، وەکوو چەپەکانی تورک و ڕەگەزپەرستە داگیرکەرەکان بە بچووک سەیر کرا و ئەوان دەیانویست ئەم کۆبوونەوەیە بە بێمانا نیشان بدەن. بەڵام زۆر سەرنجڕاکێش بوو کە پەکەکەش هەمان هەڵوێستی بەرامبەر ئەم کۆبوونەوەیە نیشان دا.
ئاژانسی ڕۆژنیوزی سەر بە پەکەکە کە لە ناوەندەکەی لە سلێمانی باسووری کوردستانە، وەک مانشێت نووسیویەتی مەزڵووم عەبدی لە هەولێرە و لە ناوەڕۆکی هەواڵەکەشیدا دەڵێ: “عەبدی هاتووە تا لەگەڵ هەندێک لایەنەکانی کوردستان دیدار بکات ” و لە هەوالەکەشیدا هیچ ئاماژەیەکی بە ناوی سەرۆک بارزانی نەکردووە. هاوکات لە ڕاپۆرتە هەواڵەکەیدا گوتوویەتی کە پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانی لەگەڵ تورکەکان هەیە و هێرشەکانی تورکیا شەرمەزار ناکات. بەم شێوەیە هەوڵیدا کە ئەرزش و بایەخی کۆبوونەوەکە کەم بکاتەوە و هیوای کورد بۆ یەکڕیزی لەناو ببات.
ئاژانسى پەکەکە بەناوی “ANF” کە وەکوو بڵاوکراوەى ناوەندىی پەکەکە دادەنرێت، تەنها بە چوار دێڕ لە بەشی تورکیدا ڕاپۆرتى کۆبونەوەکەى بڵاوکردەوە. هەمان ئاژانس لەبەشى ئینگلیزى خۆیدا ڕایگەیاندووە، “مەزڵووم عەبدی لەگەڵ زۆرێک لە لایەنە کوردییەکان لە هەولێر کۆدەبێتەوە”. ئەوان هەوڵیاندا ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە مەزڵووم عەبدی تەنها بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی سەردانی هەولێری پایتەختی کردووە. ئاژانسی “ANF”یش هاوشیوەی “ڕۆژنیوز” هەوڵیدا ئەم دیدارە وەک دیدارێکی سادە و ئاسایی پیشان بدات.
چەند کاتژمێر دوای کۆبوونەوەکە، گرتە ڤیدیۆییەکانی دیدارەکە بڵاوکرایەوە و هەزاران کەسیش ڤیدیۆ و وێنەی کۆبوونەوەکەیان لە سۆشیال میدیا بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، ئەوە دیمەنی هیوابەخش بوون بۆ گەلی کورد، بەڵام میدیاکانی پەکەکە ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەشیان بڵاونەکردەوە.
ڕۆژنامەی “یەنی ئۆزگور پۆلیتیکا”ی پەکەکە کەوا لە ئەوروپا بڵاودەبێتەوە، یەک هەواڵیشی لەسەر ئەم کۆبوونەوەیە بڵاونەکردۆتەوە، ڕۆژنامەی یەنی یاشامی پەکەکەش کە لە تورکیا بڵاودەکرێتەوە، یەک هەواڵی دەربارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردۆتەوە و تیایدا هاتووە، “مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە کە زۆرجار داوای یەکڕیزی دەکات، سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ لایەنە کوردییەکان کۆبوونەوەی ئەنجامدا”.
لە سۆشیال میدیادا، گەلی کورد بەگشتی، تەنانەت لایەنگرانی پەکەکەش، بە دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی زۆر دڵخۆش بوون. بەڵام میدیای پەکەکە کە کاکڵەی پەکەکەیە، وەکوو لایەنگرەکانی پەکەکە بیری نەدەکردەوە. ئەو میدیایەی پەکەکە کەوا دەڕواتە لای عەشیرەتێکی ئەفریقیی و وێنەیەکی ئۆجەلانیان بە دەستەوە دەدات و هەواڵێکی لەسەر دروست دەکات، دیدارە مێژووییەکەی هەولێری پایتەختی تەنها بە 4 دێڕ بڵاو کردەوە، ئەمەش بۆ تێگەیشتن لە هەڵوێستی پەکەکە زۆر گرنگە.
میدیای پەکەکە، خودی پەکەکەیە، دەتوانین بڵێین ئەو کەسانەی کە پەکەکە بەڕێوەدەبەن بە چاوێکی سادە لە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی دەڕوانن و هەڵوێستی خۆیان دژی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و بارزانی درێژە پێدەدەن. بەڵێ ئێمە یەکیەتیی نەتەوەیی کوردمان دەوێت، هەر بۆیەش هەر لە سەرەتای پڕۆسەی سووریا و ئەسەدەوە، هەموو هەواڵەکانی پەکەکە و ڕۆژاڤا دەیان جار لە فیلتەر رەد دەکەین و دواتر بڵاوی دەکەینەوە. نامانەوێت لە هیچ شوێنێکدا و لە هیچ شتێکدا نووسراوێکی وەها بڵاو بکەینەوە کە لە دژی کوردان بێت. هەموو کوردە نیشتمانپەروەرەکان ئەم هەستیارییە پیشان دەدەن، تەنانەت ئەو کوردانەش کە باوەڕیان وایە و دەزانن ئۆجەلان سیخوڕە، مافی بێدەنگییان بەکارهێناوە و ڕەخنەکانیان بۆ کاتێکی دیکە هەڵگرتووە.
بەڵام پەکەکە بە پێچەوانەوە مامەڵە دەکات، میدیاکانی پەکەکە ئێستاکەش هەموو ڕۆژێک هەواڵی پڕ لە ڕق و قین لە دژی پەدەکە، پێشمەرگە و بارزانی بڵاودەکەنەوە. حکومەتی عێراق دەیهەوێت دەست بەسەر نەوتی کوردستاندا بگرێت کە مافێکی مێژوویی گەلی کوردە، بەڵام میدیاکانی پەکەکە دەهۆڵ بۆ حکومەتی عێراق لێدەدەن و بەرگریی لێدەکەن. مووچەی فەرمانبەرەکانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە ناکرێت و عێراقیش دەیهەوێت بە ئابووری هەڕەشە لە کورد بکات، پەکەکە لەم کارەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەرپرسیار دەزانێت. واتە ئێمە لە کۆبونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی ئومێدێکی گەورە وەردەگرین و دەڵێین پێشکەوتنێکی گەورەیە بۆ یەکیەتی و یەکڕیزی کورد، بەڵام پەکەکە هەمان هەست و هەمان هەڵوێستی لەگەڵ ئێمەدا نییە.
ئەم هەڵوێستە بۆ ئەوانەی پەکەکە باش دەناسن جێگەی سەرسوڕمان نییە، چونکە بە درێژایی مێژووی پەکەکە، هەڵوێستیان لەسەر یەکڕیزی کورد دیارە. لە ئەنجامدا دەتوانین بڵێین هەڵوێستی میدیای پەکەکە دەریدەخات کە پەکەکە لە ساڵی 2012ـەوە هەتا ئێستا درێژە بە سیاسەتی ڕەدکردنەوەی یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاڤا دەدات. پەکەکە دیسان دژایەتی خۆی لەگەڵ بارزانی بەردەوام دەکات، ڕێگری لە هەر جۆرە دیالۆگێک دەکات لە نێوان کورداندا. ئەو کوردانەی کە بە ڕاستی یەکڕیزییان دەوێت دەبێت ئەم هەڵوێستەی پەکەکە ببینن و هەڵوێستی خۆیان لە دژی پەکەکە دەرببڕن. ئەگەر ئەم هەڵوێستەی پەکەکە ڕاناگیرێت، یەکڕیزی کورد تەنها دەبێتە قسەیەکی خۆش و هیچ بنەمایەکی بەهێزی نابێت.