نابێت بناغەی پێکەوە کارکردن تێک بدەین!

نابێت بناغەی پێکەوە کارکردن تێک بدەین!

لەپێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانیدا؛ پێکەوە کارکردن یان یەکێتییەکی سیاسی؟

شەیخمۆس ئۆزەنگین

ماوەی 50 ساڵە لە باکوری کوردستان و بە گشتی بۆ هەموو کوردستان باس لە “یەکێتی سیاسی” دەکرێت! لەسەر بنەمای یەکڕیزی هێز و لایەنەکان، بەرگری لە پێکهێنانی “بەرەیەکی نەتەوەیی” وەک یەکیەتییەکی سیاسی کراوە.

بۆ ئەم مەبەستە کۆنگرە و کۆنفڕانس ساز کراون!

بەداخەوە هیچ کام لەمانە ئەنجامیان نەبووە. لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای نەتەوەیی و نیشتمانی ئەنجام نەدراون، بەڵکو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی حزب و ڕێکخراوەکان بەڕێوەچوون.

لە بنەڕەتدا ئەم ئامانجە ئایدیۆلۆژی و داخوازییە سیاسیانە لەگەڵ دۆزی نەتەوەیەکدا یەکناگرێتەوە کە لەلایەن چوار دەوڵەتەوە داگیر کراوە و خاکەکەی دابەش دابەش بووە و حاشا لە بوونی دەکرێت.

دۆزی نەتەوەیی – نیشتمانی، لەسەر داواکاری و پرەنسیپەکانی نەتەوەیی-نیشتمانی بنیات دەنرێت. ئەمەش لەگەڵ داخوازییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد و پێکهاتەکانی سەر خاکی کوردستانیشدا دەگونجێت. بۆ بەرژەوەندی گەلی کورد، پێکەوە کارکردن، لەسەر ئاستێک کە وێکڕا پێکەوەژیانێکی دیموکراتیک بنیات بنێین، پێویستە.

نەتەوەی سەرەکی لەسەر خاکی کوردستان نەتەوەی کوردە. بنەمای بەرنامەی نەتەوەیی؛ لەسەر بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی-دیموکراتیکەکان و وەردەنانی داگیرکار لەسەر خاکی کوردستان بنیات دەنرێت.

بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد، هیچکات لەسەر ئەم نەخشەیەی کوردستان، هەر بەشێک لە پەیوەندی لەگەڵ بەشەکانی دیکەدا، لە بەشەکەی خۆیدا دامەزراوەی نەتەوەیی بنیات نەناوە و ئەمەی وەک ئامانجی خۆی دانەناوە. (من باشووری کوردستان لە دەرەوەی ئەم تەسبیتە بەجیدەهێڵم. چونکە باشووری کوردستان قەوارەیەکییەکی فەرمی فیدراڵیی لەچوارچیوەی دەستووری عێراقدا هەیە و لە ئێستادا خاوەن دامەزراوەی نەتەوەیین.) لە هەر چوار پارچەی کوردستان حیزب و ڕێکخراو دامەزراون، هەموو ئەم حزب و ڕێکخراوانە، بە ئامانجی خاوەندارێتی دەوڵەت و بەدەستهێنانی دەسەڵات داڕێژراون. ئەمەش لە بری پرۆگرامێکی نەتەوەیی و نیشتمانی، زیاتر بووەتە هۆکارێک بۆ ململانێی پارتیزانی. ئەمەش زیانێکی زۆری بە هۆشیاری نەتەوەیی و دۆزی نەتەوەیی گەلی کوردستانیش گەیاندووە.

لە هەر بەشێکی کوردستاندا پێویستە میللەتی کورد بەپیی شەرت و مەرجی بەشەکەی خۆی، وەکوو نەتەوەیەک خۆی  بهۆنێتەوە. ئەمەش بەو مانایەیە کە لە پێناو بەرژەوەندیییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا، پێویستە هەموو هێز و گرووپ و پێکهاتەکان لە کوردستان پێکەوە بۆ ڕزگارکردنی بەشەکەی خۆیان و پاراستنی دەستکەوتەکانیان کار بکەن. کارکردن پێکەوە لەم ئاستەدا، دەبێ بە بنەما وەربگیردرێت، مەرج نییە ببنە یەک.

بێگومان دەبێت مەودایەکی ڕوون و دابەشنەکراو لە نێوان خۆمان و بزووتنەوەی چەپ و ئیسلامی و دیموکراتی نەتەوەی باڵادەستدا هەبێت.

لە هیچ هەلومەرجێکدا و بە هیچ هۆکارێک نابێ ڕێگە بە بزووتنەوەکانی گەلانی باڵادەست بدرێ دەستکاری و کاریگەری لەسەر ئیرادەی گەلی کورد بکەن.

ئەگەر بزووتنەوەکانی نەتەوەی باڵادەست، بزووتنەوەکانی چەپ، ئیسلامیست، دیموکرات، بزووتنەوەی مافەکانی ژنان و مافەکانی مرۆڤ دەیانهەوێت هاوکاری خەباتی کورد و کوردستان بکەن، پێویستە ئەم خەباتەیان لەناو نەتەوەکەی خۆیاندا بەڕێوە ببەن نەک لەناو بزووتنەوەی کوردستاندا.

ئەمڕۆ دەرفەتێک بۆ گەلی کورد ڕەخساوە!

دەبێت واز لە یەکیەتی بهێنین: دەبێت بناغەی پێکەوەکارکردن دابنێین. بۆ داخوازییەکانی نەتەوەی کورد لەسەر خاکی کوردستان، پێکەوە کارکردن گرنگە. نەتەوەی کورد یەکە و کوردستانیش یەکە. کاتێک گومانمان هەبێت کە کورد نەتەوەیەکی یەکگرتوو و خاوەن وشیارییەکی نەتەوەیی و نیشتمانی نیە، ئەوکات دەتوانین باسی “یەکیەتیی کورد” بکەین. بەڵام نەتەوەی کورد بە هەموو شێوەزار و ئایین و دەوڵەمەندیی مێژووییەوە، خاوەنی هۆشیارییەکی نەتەوەیی و نیشتمانییە. ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، لەم سەردەمی ئەگەری بەدەستهێنانی دەسکەوتەکاندا، بتوانین پێکەوە کاربکەین و ئەو دەرفەتانەی کە لە ناوچەکەدا سەرهەڵدەدەن، لە بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان و وڵاتەکەماندا کەڵکیان لێوەربگرین و بەکاریان بهێنین.

ئەمڕۆ لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئێمە ڕەخساوە. دیکتاتۆرییەتی بەعس داڕما و سوریا لە دەستی دەسەڵاتێکی دیفاکتۆدایە. حکومەتێکی دیفاکتۆ لە دیمەشقدا هەیە، بەڵام داهاتووەکەی نادیارە.

کورد لەسەر بەشێک لە خاکی خۆیدا قەوارەیەکی دیفاکتۆی هەیە. هێزێکی سەربازیی پڕچەکیان هەیە. ئەم بەشە دوو هێڵی ئەرێنیی هەیە:

1- بناخەیەکی سەربازی هەیە کە لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیماناندا هاوکاریی دەکات.

2- هێزە سیاسییەکان، بەداخەوە، هێشتا بنەمایەکی پێکەوە کارکردنیان لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانیەکاندا دانەمەزراندووە. بەڵام ئەم هەوڵانە ڕۆژانە لە یەکتر نزیک دەبنەوە، بۆ ئەوەی بتوانن لە ڕاستای قۆستنەوەی دەرفەتەکاندا، پێکەوە کار بکەن.

پەیەدە و یەپەگە بە میتۆدی ئەمری واقیع، ئەم بەشەیان کۆنترۆڵ کردووە و هەموو هێزەکانی دیکەیان لە خاکی کوردستان وەدەرناوە. ڕێگرییان لێکردن و نەیانهێشت ئەرکەکانی خۆیان بەجێ بگەیەنن. ئەگەر کورد لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان بتوانێت کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ببەستێت، ئەوا دەتوانێت ئەو دەرفەتانە بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بەکاربهێنێت.

دەبێت جەخت بکەینەوە؛ ئەوانەی لەسەر خاکی کوردستان چەکیان بەدەستەوەیە، مانای ئەوە نییە کە ئەوان مافیان لە خەڵکی دیکە زیاترە. کوردستان خاکی نەتەوەی کورد و ئەو پێکهاتانەیە کە لەگەڵ کورد لەسەر خاکی کوردستان دەژین. کوردستان هی هەموو کوردێکە، هەر کوردێک مافی ئەوەی هەیە لەسەر ئەو خاکە کەسایەتیی کوردستانیی هەبێت.

دەبێت بتوانین لەپێناو مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا پێکەوە کاربکەین. مەرج نییە ئێمە ببین بە یەک.

پوستێن ھەمان بەش