پێویستە کورد پراکتیکی کۆبانێ بکاتە بنەما بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلۆنیالیزم، نەک پراکتیکی شنگال کە کۆلۆنیالیزم بەهێز دەکات

پێویستە کورد پراکتیکی کۆبانێ بکاتە بنەما بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆلۆنیالیزم، نەک پراکتیکی شنگال کە کۆلۆنیالیزم بەهێز دەکات

پەکەکە پێشتریش بە کردارەکانی لە شنگال نیشانی داوە کە پێچەوانەی ڕۆحی کۆبانێیە.

دەیەمین ساڵوەگەڕی ڕزگارکردنی کۆبانێ کە گەلی کورد شان بە شانی یەکتر دژی داگیرکەران وەستانەوە وڕێگایان نەدا شارەکە داگیر بکرێت، لە هەموو کوردێک پیرۆز بێت. 10 ساڵ لەمەوبەر کچان و کوڕانی کوردی هەر چوار پارچەکەی کوردستان، جەستەی خۆیان کردە قەڵغان بۆ کۆبانێ و نەیانهێشت ئەو شارە داگیر بکرێت. کۆبانێ لە مێژووی هاوچەرخی کورداندا خاڵێکی گرنگ بوو. پێش هەموو شتێک گەلی کورد دوای دەیان ساڵ، بە هێزێکی یەکگرتوو بەرەنگاری دوژمنانی کوردستان بوویەوە و هێزەکانی کورد شان بە شانی یەکتر لە هەمەبر دوژمنان وەستانەوە. لە هەمووی گرنگتر خۆڕاگری لە بەرامبەر داگیرکردنی کۆبانێدا سەلماندی کە پەیمانی لۆزان نەیتوانیوە ڕۆحی کورد داگیر بکات.

پەکەکە نەیهێشت ڕۆحی کۆبانێ بەردەوام بێت

کورد بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو کێشانە ببێتەوە کە ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستاندا هەیە و دژی داگیرکاری و کۆلۆنیالیزم بوەستێتەوە، پێویستی بە ڕۆحی کۆبانێ هەیە. ئەگەر ئەو یەکڕیزییەی کورد کە لە ساڵی 2014دا لە کۆبانێ ئەزموون کرا، لە دوای ئەو کاتەش هەر درێژەی هەبایە و زیندوو ڕاگیرابا، ئەوا ئەمڕۆکە بارودۆخی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر باشتر دەبوو. بەڵام سیاسەتی پەکەکە لە ڕۆژئاڤا ڕێگەی بەم کارە نەدا. پەکەکە پێی باش بوو ڕۆژئاڤا وەک ناوەندێکی پڕوپاگەندە بۆ خۆی بەکاربهێنێت نەک شوێنێک کە هەموو کورد لەخۆ بگرێت. پەکەکە وزەیەکی زۆری تەرخان کرد تا ئەو ڕۆحەی کە لە کۆبانێ لە نێو کورداندا خوڵقابوو، پشتگوێ بخات و بەتاڵی بکاتەوە.

ڕۆحی کۆبانێ زامنی ڕزگاری ڕۆژئاوای ئەمڕۆیە

ئەمڕۆکە ڕۆژئاڤا وەک کۆبانێ لەژێر هەڕەشەیەکی گەورەدایە و داهاتووی ڕوون نیە. ڕۆژئاڤا بۆ ئەوەی کە خۆی ڕزگار بکات و بتوانێ ئازادیی خۆی دەستەبەر بکات، پێویستی بە پشتیوانیی گەورەی کوردان هەیە. هەموو کورد پشتگیری کۆبانێیان کرد. لە ڕێکەوتی 28ی جۆتمەهی، 10 ساڵ لەمەوبەردا، بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شەڕ لەدژی تیرۆریستانی داعش و پاڵپشتیکردنی لە هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژئاڤا، دەربازی ناو کۆبانێ بوون. لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیەشدا داوای هیچ قەرەبوویەک نەکرا. هێزی پێشمەرگە ڕۆیشتنە کۆبانێ و هاوکاری پێویستیان کرد. لە 26ی ژانیڤەریدا چوونە سەر گردی مشتەنور و لەگەڵ شەڕڤانانی یەپەگە وێکڕا سروودی نیشتمانی “ئەی ڕەقیب”یان گوتەوە. دوای تەواوبوونی ئەرکەکەشیان، چەکە قورسەکانیان لای برایانی یەپەگە بەجێهێشت و و گەڕانەوە. نەیانگوت “پشتیوانیمان هەیە، وەکوو هێزێک لێرە دەمێنینەوە و بۆ خۆمان بەکاریدەهێنین”. کاتێک کە پێویست بوو پشتیوانی کرد و دواتر یەکسەر گەڕایەوە. سەرۆک بارزانی لە ڕۆژی ڕزگارکردنی کۆبانێدا ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ مژدەی ڕزگارکردنی کۆبانێ کە لە بەرخۆداندا بوو، گەیشتە دەستمان. ئەم هەواڵە هەموو کوردستانی و ئازادیخوازێکی دڵخۆش کرد. ئەم سەرکەوتنە سەرکەوتنی هەموو گەلی کوردستانە. ئەوە سەرکەوتنێکە بۆ مرۆڤایەتی لە بەرامبەر دڕندەیی تیرۆردا”.

ئەم هەنگاوە بەرەو یەکڕیزی، گورزێکی گەورە و مێژوویی بوو کە لە پیلانی دابەشکردنی کوردان درا. کوردستان لە سەدەی بیستەمدا بەسەر چوار بەشدا دابەشبوو و ئەم یەکڕیزییەی کورد بە مانای شکستی سیاسەتی پەیمانی لۆزان بوو. سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەی سەدەیەک پشتگوێ خرا، بەڵام بەشێکی کوردستان بە فەرمی خۆی گەیاندە بەشێکی دیکەی کوردستان و هاوکاریی کرد. هەر بەو هۆیەشەوە لە 16ی جۆتمەهدا پەرلەمانی کوردستان خۆسەری کوردانی ڕۆژئاڤای بە فەرمی ناسی. لەسەر ئەم بنەمایە بوو کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕەوانەی کۆبانێ کرا. ئەم پێڤاژۆیە بە مانای ڕەتکردنەوەی ئەو چارەنووسە دەهات کە بۆ کورد دیاری کرابوو.

ئەوکات سەرۆک بارزانی بە هەموو ئەزموون و دەسکەوتە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی سیاسی بارزانیەوە پشتیوانی ڕۆژئاڤای دەکرد و ئەو پشتگیرە هەتا ئەمڕۆش بەردەوامە. ناوبراو لە چاوپێکەوتنەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ کەناڵی “شەمس”دا ئەمەی ڕوون کردۆتەوە و گوتی: “ئەگەر ستەم لە ڕۆژئاڤا ڕووبدات، پشتیوانی سەربازی دەنێرین”. بەڵام بەداخەوە پەکەکە پابەند نەبوو بەم ڕێکەوتنە. پەکەکە هێشتا لەو خاڵەدایە کە ڕۆژئاڤا بکاتە ناوەندی هێرشەکانی بۆ سەر باشوور و ڕۆژئاڤا بۆ پێشخستنی ئەجێندای سیاسی خۆی بەکاربهێنێت. پەکەکە پێشتریش بە کردارەکانی لە شنگال نیشانی داوە کە پێچەوانەی ڕۆحی کۆبانێیە. بە شێوەیەکی گوماناوی و بە نهێنی هێزی ناردە شنگال، پاشان بە گوتەی “ئێمە ئازادمان کرد و ئێرە بەجێناهێڵین”، ڕێگای شنگالی بەڕووی هەموو هێزە کوردییەکان داخست و شنگالی کردە ناوەندی سەربازی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی. ئەو پێڤاژۆیەی کۆبانێ کە پێشمەرگە پێیدا تێپەڕی، پراکتیکی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزی و دۆستایەتی و یەکگرتووییە، لە کاتێکدا پراکتیکی شنگال پراکتیکێکە دژی کوردستان.

لە پێناو پاراستنی ڕۆژئاڤا و دڵنیابوون لەوەی کە کورد لە سەدەی بیست و یەکدا بە لۆزانێکی نوێ مەحکوم نەکرێت، ئەرکی نیشتمانپەروەرانەی ئێمەیە کە ئەجێندا و سیاسەتی پەکەکە کەوا ڕێگریکردنە لە بەردەم ڕۆحی کۆبانێدا ڕابگرین و ڕۆحی کۆبانێ بەرز و بەرجەستە بکەینەوە.

پوستێن ھەمان بەش