هیلالی شیعە شکستی هێنا و هیلالی سوننە سەرکەوت!

هیلالی شیعە شکستی هێنا و هیلالی سوننە سەرکەوت!

لە کوردستانیشدا هەندی حیزب هەن (یەنەکە و پەکەکە) کە لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی ئێراندان، هەر بۆیە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داناون و کەتوونەتە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە.

✍️ سمکۆ عەبدولعەزیزی

لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا گۆڕانکاریی گەورە ڕوویانداوە، بەرە بەرە گۆڕانکارییەکانیش زیاتر ئاشکرا دەبن. گۆڕانکاریی هەرە گرینگ، شکستی بەرەی ئێرانی بوو کە تووشی شکستێکی مێژوویی و سەخت هات. دەتوانم شکستی میحوەری ئێرانی لەم خاڵانەدا ڕیز بکەم:

1ـ شکستی سەربازیی حەماس لە فەلەستین و کوژرانی زۆربەی سەرکردە باڵاکانی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە.

2ـ لاوازکردنی دەسەڵاتی سەربازی حزبوڵڵا لە لوبنان و کوشتنی سەرکردەکانی ئەم حزبە یەک لەدوای یەک.

3ـ ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە سووریا و بەدەسەڵاتگەیشتنی تەحریر شام (هەتەشە)، کە سوننە مەزهەبن و لەلایەن تورکیا، سعودیە، قەتەر و ئیسرائیلەوە پاڵپشتی دەکرێن. واتە هیلالی شیعە بە سەرۆکایەتی ئێران شکستی هێنا و هیلالی سوننە سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

4- بەرتەسککردنەوەی هزری سیاسیی باڵادەست لە ڕۆژئاوای کوردستان کە تێیدا ئاپۆچێتی زاڵ بوو.

5- بەرتەسککردنەوەی جموجۆڵی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ژێر کۆنترۆڵی ئێران، تا ئەو ڕادەیەی کە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی لە ترسدا ناوێرن بەشیوەی ئاسایی لەناو خەڵکدا دەرکەون و ئەمەش عێراقی لەگەڵ مەترسییەکی گەورە بەرەوڕوو کردووە.

6- لاوازبوونی حوسییەکان لە یەمەن کە بەهەمان شێوە ڕاستەوخۆ لەژێر کاریگەری ئێراندان.

7- لاوازکردنی پرۆژەی ئەتۆمی ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە.

لە کوردستانیشدا هەندی حیزب هەن کە لەژێر کۆنترۆڵ و کاریگەریی ئێراندان، بەتایبەتی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا حیزبەکانی وەک “یەنەکە و پەکەکە” بە تەواوی تێکەڵ بە پرۆژەی هیلالی شیعی ڕێژیمی ئێران ببوون. بەجۆرێک کە هاوشێوەی دوو حزبی ئێرانی و وەکوو حیزبوڵڵا لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندا دەجووڵانەوە. هەر بۆیە گۆڕانکارییە گەورەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ئەم دوو حزبە کوردییە داناوە و کەتوونەتە دۆخێکی سەخت و دژوارەوە. هەرکام لەم حیزبانە بۆ خۆدەربازکردن لەو ڕەوسە نالەبارەی کە تێیکەوتوون، بە دوو ئاراستەی جیاوازدا هەوڵدەدەن خۆیان لەم شکستە بپارێزن.

یەنەکە بە کردەیی هەوڵ دەدات لەژێر چەتری بارزانیدا خۆی بپارێزێت و بە کەمترین زیان خۆی دەرباز بکات.

پەکەکە لەلایەک هەوڵدەدات بەهەموو شێوەیەک لە تورکیا نزیک بێتەوە و لەڕێگەی ئۆجەلان و میتەوە پڕۆسەی چارەسەری نوێ بخاتە بەرنامەی کارەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵدەدات پرۆسەی رزگارکردنی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ڕێبەری گەلی کورد، “سەرۆک مەسعود بارزانی” هەوڵی بۆ دەدات، تووشی ئاستەنگ بکات و گرفتی گەورەی بۆ دروست بکات.

لەم دۆخەدا بارەگای سەرۆک بارزانی هەموو هەوڵەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بتوانن مافەکانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان بپارێزن و دەتوانم بەم خاڵانەی خوارەوە ئەمە ڕوون بکەمەوە:

1- یەکڕیزیی هەموو لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ژێر یەک چەتردا بە شێوەیەک کە پێکەوە بتوانن دەستکەوتەکانی خەڵکی ڕۆژئاوا بپارێزن.

2- هەموو دەسەڵاتی دیپلۆماسی خۆی بەکارهێناوە بۆ ڕازیکردنی ئەو دەوڵەتە گەورانەی لە سووریا ڕۆڵیان هەیە، تا پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن.

3- هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی تورکیا بەشێوەیەکی ئاشتیانە و لە ڕێگەی دیالۆگەوە، دانوستان لەگەڵ ڕێبەری پەکەکە بکات بۆ ئەوەی بەشێک لە مافەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان دەستەبەر بکرێن ململانێی چەکداری و سەربازیی بگۆڕدرێت بۆ ململانێی سیاسی.

4- بزووتنەوەیەکی بەهێز لە ئارادایە بۆ ئەوەی بەهەر شێوەیەک بێت لەگەڵ یەنەکە کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم لە باشووری کوردستان پێکبێت، چونکە بارودۆخی ئێستا وا دەخوازێت کورد یەکڕیزی خۆی دەستەبەربکات و لە قۆناغی داهاتووشدا، دیسان هەوڵی زیاتر بۆ ڕێکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە بدرێت و بکرێن بە یەک هێز و لەژێر چەتری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن.

پوستێن ھەمان بەش