یەکیەتیی کورد لە ڕۆژئاڤا؛ ئاستەنگەکان و هەڵوێستی پەکەکە

یەکیەتیی و یەکگرتوویی بە مانای تەسلیمبوونی لایەنێک نییە بە لایەنێکی دیکە.

لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، کورد هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دامەزراوەیەکی دانپێدانراو بۆ کورد لە ڕۆژئاڤا دەسکەوتێکی گەورە دەبێت، جا چ ناوێکی دەبێت با هەیبێت. لەگەڵ ڕزگارکردنی باشووری کوردستان و دامەزراندنی هەرێمی فیدراڵی کوردستان و بەدەستخستنی ستاتۆیەک بۆ ڕۆژئاڤا، پەیمانی دژە کوردی لۆزان کە لە باشوور زەربی وێکەوتبوو، دەچێتە زبڵدانی مێژووەوە. بە واتایەکی تر ڕزگارکردنی باشوور لۆزانی ئیفلیج کرد و ڕزگارکرانی ڕۆژئاواش سیستەمی لۆزان لەناو دەبات.

هەموو کورد بە هیوایەکی زۆرەوە پشتیوانی پڕۆسەی ڕۆژئاڤا دەکەن. بەڵام بەداخەوە نەک هەر لە پرسی ڕۆژئاڤادا، بەڵکوو لە هەموو پرسی کورددا، گەورەترین ئاستەنگ لە بەردەم هەموو کورداندا، دابەشبوون و دوژمنایەتی نێوان دامەزراوە سیاسییەکانە. سەردانەکەی مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ هەولێر و دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، لەلایەن کۆمەڵگەی کوردییەوە بە کەیفخۆشییەکی زۆر و هەیەجانەوە پێشوازیی لێکرا. بەم دیدارە، لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا هیوایەکی گەورە سەبارەت بە پرسی یەکیەتیی کوردان لەدایک بوو.

یەکیەتیی کوردان بە بێدەنگی و بەبێ ڕەخنەگرتن لە مێژوو، پێکنایەت

ئەوەی ئێستا هەمووان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەن ئەوەیە کە ئایا دوای ئەم کۆبوونەوەیە هەنگاوی گەورەتر دەگیرێتەبەر یان نا. ئەمە ئاستەم نییە، بەڵام شتێکیش نییە کە تەنها بە هیوا و قسەی سۆزداری پێکبێت. بەتایبەت کارێکی ئەوتۆ نییە کە بە بێدەنگکردن و بە بێدەنگی هیوا جێبەجێ بکرێت. لەم سەردەمەدا کە ڕەخنە لە لایەنێکی سیاسی دەگیردرێت، بە خەڵک دەڵێن “بێدەنگ بن، ئێوە یەکیەتیی نەتەوەیی تێکدەدەن، ئێوە دژی یەکڕیزی و یەکگرتووین”. بەڵام بۆ یەکیەتی نەتەوەیی کورد، پێویستە سەرەتا بیرەوەرییە مێژووییەکان لەبەرچاو بگیرێن و ڕەخنە و ڕەخنەگرتنێک پێکبێت و پاشان، پێویستە لەسەر پرنسیپ و بەرنامەکان ڕێککەوتن بکرێت.

ئەگەر هەوڵێک بۆ یەکیەتیی کوردان هەبێت، ئەو یەکیەتییە بە ڕێککەوتنی پەکەکە و پەدەکە بەدی دێت. بەڵێ، دیداری سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی زۆر گرنگە، بەڵام هێشتا ڕێگاکە هەموار نەکراوە و هێشتا کاری زۆر ماوە. چونکە ئێمە دەزانین لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا پەکەکە و پەدەکە چەندین جار کۆبوونەتەوە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتن. بەڵام ئەگەر بە کراوەیی و ڕاشکاوانە بیڵێین، هەموو ئەم ڕێککەوتنانە بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە لایەن پەکەکەوە تێکدران. پەکەکە تا ئەوکاتەی پێویستی پێی هەبێت پابەندی هەموو ئەو ڕێککەوتنانە دەبێت، بەڵام دوای ئەوەی کە پێویستیی پێی نەما، دەیانکاتە بابەتی پڕوپاگەندە و مەگەزین و ڕێبازێکی پراگماتیک دەگرێتەبەر و لە کاتی پێویستدا پرۆسەکە لەناو دەبات.

هەڵوێستی پەکەکە لە ساڵی 1983ـەوە هەتا ئێستا

بەو پرۆتۆکۆڵەی کە لە ساڵی 1983دا لە نێوان سەرۆک بارزانی و عەبدوڵا ئۆجەلاندا واژۆ کرا، پەکەکە توانی بە هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لە باشوور خۆی جێگیر بکات. بەم پرۆتۆکۆڵە دەربازی هێڵی سنووری باکوور بوو. بەڵام دواتر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەدام، هێرشی کردە سەر حزبی شیوعی کوردستان و ڕێککەوتنەکەی تێکدا.

لە ماوەی ئەو پێڤاژۆیەدا کە لە ساڵی 1992دا بە شەڕی باسوور ناسراوە، پرۆتۆکۆلی هێرش نەکردنی لەگەڵ یەنەکە و پەدەکە واژۆ کرد. دواتر لە ساڵی 1995دا کاتێک کە لە شکستی شەڕ ڕزگاری بوو، جارێکی دیکە پەلاماری پارتی دیموکراتی کوردستانی دایەوە.

لە نێوان ساڵانی 1999 تا 2013 لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێککەوتنێکی نهێنی کرا. دوای دەستگیرکردنی ئۆجەلان، بە پشتیوانی پەدەکە، بەسەر ئەو شکستەی کە ڕوویدا و ئەو جیابوونەوە گەورانەدا زاڵ بوو کە لە ساڵی 2004دا لە پەکەکە ڕوویاندا. بەڵام لە ساڵی 2013دا ئەو ڕێککەوتنەشی تێکدا.

لە ساڵی 2013دا و لە چالاکییەکانی تایبەت بە کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد، کێ بوو کە مێزەکەی وەرگێڕا؟

کورد هەمیشە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەریی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا مشتومڕ لەسەر ئەوە دەکات کە “ئایا ئاکەپە مێزی گفتوگۆکەی تێکدا یان پەکەکە؟” بەڵام ئەوەی کە دەبێ نیقاشی لەسەر بکرێت ئەمەیە کە کێ مێزی کۆنفرانسی نەتەوەیی کوردی لە ساڵی 2013دا تێکدا؟

لە مانگی تەمموزی ساڵی 2013 لەسەر بانگەوازی سەرۆک بارزانی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد بەڕێوەچوو. سەرکردەکانی پەکەکە سەبری ئۆک و ڕۆناهی سەرهات (فیلیز دومان) لە هەولێر لە تەنیشت سەرۆک بارزانی دانیشتن و لە میدیاکانەوە ڕایانگەیاند کە کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد بەڕێوەدەچێت. 65 حزب پێکەوە کۆبونەوە. لەو کاتەدا بەهاری عەرەبی هەلومەرجی گرنگی بۆ کورد خوڵقاندبوو و کورد دەیتوانی دەستکەوتی گەورە بەدەستبهێنێت.

پەکەکە هەموو لایەنەکانی بەلاڕێدا برد و فریویدان. لە بنەڕەتدا دەبوو ڕێککەوتنێک لە نێوان لایەنەکاندا لەسەر بنەما سەرەکییەکان هەبوایە، بەڵام ئەوان کۆمەڵێک دەستەواژەی وەک “هاوسەرۆکایەتی، نەتەوەی دیموکراتیک، کۆتای ژنان، کۆتای گەلان، پشکی ڕێکخراوە چەپەکانی تورکیا و سەندیکاکان و هتد…”یان بەکارهێنا و ڕای گشتییان بە ڕۆژەڤی بێ بایەخەوە سەرقاڵ کرد. هاوکات ئیدارەی ڕۆژئاڤا بە هاوکاری و ئیمکانیاتی بزووتنەوەی بارزانی لە زۆر بەرەی شەڕدا خۆی جێگیر کرد. لەناکاو، لە کاتێکدا کە هێشتا کۆبوونەوەکانی لیژنەی ئامادەکاری بەردەوام بوون، جەمیل بایک کە ئەوکات هاوسەرۆکی کەجەکە بوو، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت، دەرکەوتە سەر شاشە و گوتی “پەدەکە خائینە”. ئۆجالان لە ئیمرالی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا گەیشتە ڕێککەوتن، جەمیل بایکیش لە قەندیل لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن و مێزی کۆنفرانسی نەتەوەیی کورد سەراوژێر کرا.

ئایا مەزڵووم عەبدی ڕۆڵی موراد قەرەیلان دەبینێت یان دەتوانێت بەسەر پەکەکەدا زاڵ بێت؟

بێ ئەوەی زۆر قووڵی بچینە نێو مێژووی پەکەکەوە، پێویستە ئەو ڕۆڵەش لەبەرچاو بگرین کە پەکەکە بۆ مەزڵوم عەبدیی داناوە.

پەکەکە هەمیشە ڕووخساری جیاواز و نەرم و کادیری جیاواز بۆ هەمووان بەکاردەهێنێت. لە ساڵانای 1980دا لە سایەی نەتەوەپەروەریی “مەهمەد قاراسوونگوور” پەیوەندییان لەگەڵ پەدەکە دامەزراند. قاراسوونگوور لە لای پەدەکە کەسایەتیەکی جێگای ڕێز بوو. دوای کوژرانی گوماناوی قاراسوونگوور، پەیوەندییەکانی پەکەکە لەگەڵ پەدەکە، لەلایەن “دوران کاڵکان”ـەوە بەڕێوەدەچوون. دوران کاڵکان لەو سەردەمەدا ـ بەشێکی بە متمانە و بەشێکیش بە ئیرەیی ـ لەگەڵ کەسانی وەک فەلەکەدین کاکەیی لە پەدەکە کۆدەبووەوە. ئۆجەلان سەرەڕای زانینی ئەم دۆخە، بێدەنگ بوو و کاڵکانی وەک ئامرازێک بەکارهێنا بۆ ئەوەی شتێک لە پەدەکە وەربگرێت.

دوای ساڵانی 2000 ئەم ئەرکە کەوتە ئەستۆی موراد قەرەیەڵان. لەلایەن پەکەکەوە قەرەیەڵان وەک کەسێکی کوردپەروەر کە ڕێز لە بزووتنەوەی بارزانی دەگرێت پێشکەش کرا. هەرکات پەکەکە تووشی کێشە بوو، قەرەیەڵانی وەک کەسێک کە شتێکی لە پەدەکە دەویست بەکاردەهێنا. لە نێو خەڵکی باشوور و تەنانەت لەناو پارتی دێموکراتی کوردستانیشدا وێنەیەک دروست بوو کە کەسانی وەک جەمیل بایک ڕێگە بە موراد قەرەیەڵان نادەن، ئەگینا قەرەیلان دەیهەوێ ڕێککەوتنی گەورە لەگەڵ پەدەکە پێکبهێنێت. بەڵام لە ڕاستیدا وەها نەبوو. قەرەیلان کلیلێک بوو بۆ ئیستغلالکردنی بەخشندەیی و دڵسۆزی و میوانداریی پەدەکە بەکار دەهات. کە کاتی هات، قەرەیەڵان هەڕەشەی لە پەدەکە کرد و گوتی “من لە هەموو شوێنێک فەرمان بە ئاپۆچییەکان دەدەم کە هێرش بکەنە سەر پارتی دێموکراتی کوردستان” و ڕووی ڕاستەقینەی خۆی نیشان دا.

بە واتایەکی تر پەکەکە هەندێک جار ڕووخساری نەرم پیشدەخات، بەڵام لە بنەڕەتدا ئەم کادیرانە ناتوانن تەنانەت هەنگاوێکیش لە سیاسەتەکانی پەکەکە لابدەن. ئەوانەی ئەم پڕۆسە مێژووییە دەزانن ئەم پرسیارە دەکەن: ئایا مەزڵووم عەبدی وەک قەرەیلان کەسێکی ئیستغلالکارە، یان بەڕاستی هەوڵدەدات کارێکی باش بکات؟

پراکتیکی 12 ساڵەی مەزڵوم عەبدی لە ڕۆژئاڤا دەریدەخات کە لە مەسەلەی لادانی دەسەڵاتی پەکەکەدا ئەوەندە سەرکەوتوو نەبووە کە ڕۆژئاڤا پێویستی پێیەتی. بەڵام دیسانیش ئێمە هەنگاو بە هەنگاو چاودێری دەکەین تا بزانین ئایا دەتوانێ و دەیهەوێ خۆی لە پەکەکە ڕزگار بکات یان نا. بەڵام چیرۆکەکە بە مەزڵووم عەبدی کۆتایی نایەت، بابەتەکە بە پەکەکە کۆتایی دێت.

ئەگەر کورد بڕیارە لە دژی دیمەشق یەکبگرێت، دەبێت دژی بەغداش یەکبگرێت

دەبینین پەکەکە دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و مەزڵوم عەبدی قبووڵ نەکردووە و بە ناچاریی پێی ڕازی بوو. ئەوان نەک هەر قسەیەکی ئەرێنییان لەبارەی کۆبوونەوەکە نەگوت، بەڵکو لەڕێگەی دۆست و ناسیاوەکانیانەوە ئەو زانیاریانەیان بڵاوکردەوە کە “کۆبوونەوەکە لەسەر داوای تورکیا بووە”. ئەمە ڕاست نەبوو، تورکیا بێ ئاگا بوو لەو کۆبوونەوەیە. کۆبوونەوەکە بە نێوەندگیری ئەمریکا بەڕێوەچوو. پەکەکەش کە نەیتوانی ڕێگری لێبکات و بە ناچاری ڕازی بوو.

ئەوەی ئێستا پەکەکە دەیەوێت بیکات، ئەوەیە کە ئەو هاوسۆزییە لەناو ببات کە بەهۆی سەرپەرشتی کردنی کۆبوونەوەکانەوە بۆ سەرۆک بارزانی و پەدەکە گەشەی کردووە. هاوکات حیسابی ئەوەش دەکات کە لە ڕێگای ئەم کۆبوونەوانەوە چەندە کات دەرباز دەکەن و دەتوانن چی بەدەست دەهێنین. ئەوەی پەکەکە دەیهەوێت ئەمەیە: با هەموو لایەنەکان بەم کۆبوونەوانە سەرقاڵ بکەین و لە ژێرەوە و بە نهێنی کۆنفرانسی یەکگرتوویی لەگەڵ دەوروبەرەکەمان ڕێکبخەین. کاتێک کاتی هات مێزی یەکیەتیی کوردان سەراوژێر دەکەین.

ئەمە لێکدانەوەیەکی خەیاڵی نییە. لێدوانی سەرکردەکانی پەکەکە و هەڵوێستی میدیاکانی ئەمە وەک ڕاستییەکی ڕوون دەخاتە بەرچاومان.

ئێمە ناتوانین تەنیا لەبەر ئەوەی هیوامان بە گفتوگۆکانی یەکیەتیی کورد هەیە، ڕاستییەکانی پەکەکە پشتگوێ بخەین و خۆمان تووشی خەیاڵپەرستی بکەین. لایەنی ئەنەکەسەش ناحەقیی هەیە، هەڵەشیان هەیە، بەڵی هەیانە، بەڵام نە پەکەکە و نە دامودەزگاکانی لە ڕۆژئاڤادا لە ئەنەکەسە کەمتر تاوانبار و گوناهبار نین. ناتوانین تەنها بە گوتنی ئەوەی کە یەکیەتیی نەتەوەییمان دەوێت، ئەنەکەسە بکەین بە شەیتان و هیچ حیسابی بۆ نەکەین و هاوکات بێ هیچ شەرت و مەرجێک پشتیوانی لە هەسەدە و پەیەدە، یان هەر ڕێکخراوێکی دیکە دەکەین. ئێمە بۆیە لە سەرەوە کورتەیەک لە گەمەکردنی پەکەکەمان بە یەکیەتیی کوردان لەماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا باس کرد تا تووشی هەڵەکانی ڕابردوو نەبین و ئەزموون لە مێژوو وەربگرین و نەکەوینە ناو یارییەکی نوێیەوە.

ئەوانەی هاوار دەکەن و دەڵێن “با کورد بە یەکگرتوویی بچێتە دیمەشق”، با داوا لە پەکەکە بکەن کە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا و حەشدی شەعبی بپچڕێنێت. هەتا پەکەکە ئەم هەنگاوە نەنێت، پێکهێنانی یەکیەتیی نەتەوەیی کورد ئەستەم دەبێت.

یەکیەتیی نەتەوەیی کورد بەبێ بینینی هەموو ڕاستییەکان و ڕەخنەگرتن و قبووڵکردنی ڕەخنە، پێکنایەت. یەکیەتیی و یەکگرتوویی بە مانای تەسلیمبوونی لایەنێک نییە بە لایەنێکی دیکە. یەکیەتی و یەکگرتوویی شەراکەت و هاوبەشییە لە پرنسیپە بنەرەتییەکان و هەنگاوە سیاسیەکان و یەکتر قبوڵکردنە، هەتا پەکەکە هەنگاوی پێویست نەنێت، ئێمە ناکرێ ببین بە بەشێک لە گەمەی فریودەرانە.

پوستێن ھەمان بەش