پەکەکە بە هاوکاری کەسانی وەک فرات سەرکردەکانی پێشووی پەکەکە، بۆ نموونە “کانی یڵماز” و “کەمال سۆر”ی تیرۆر کردبوون.
لە ڕێکەوتی 22ی تشرینی دووەمی 2024دا، لە سلێمانی تەرمی کەسێک دۆزرایەوە. دواتر دەرکەوت کە تەرمەکە هی “فرات چەشمە”یە کە باوکی دوو منداڵ بووە. فورات خەڵکی گوندی “خنجس”ی سەر بە دەڤەری “لجێ”ی پاریزگای ئامەدی باکووری کوردستان بوو. تەرمی فورات لە ڕێکەوتی 18ی ژانیڤەریدا لە ئامەد بە خاک سپێردرا.
دەزگای ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوەی فەرمی دەستپێکرد، بەڵام ڕووداوەکە پەردەپۆش کرا و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی قووڵ ئەنجام نەدرا. دوای 24 ڕۆژ، میدیاکانی پەکەکە هەواڵێکیان بە مانشێتی “هاوڵاتییەکی باکووری کوردستان بە دەستی میت کوژرا”، بڵاوکردەوە. بەڵام بنەماڵەی فرات چەشمە و دامودەزگاکانی پەکەکە لە سلێمانیش باس لەوە دەکەن کە فرات لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە. فرات چەشمە پێشتر ئەندامی هەواڵگری سەربازیی پەکەکە بووە.
لەلایەن پەکەکەوە ئەرکدار کرابوو کە چەند تیرۆرێک ئەنجام بدات
فرات چەشمە ناسراو بە ڕامان، لە ساڵی 1980 لە شاری لجێ لەدایک بووە. لە ساڵی 1997 پەیوەندی بە پەکەکە کردووە و لە دوای ساڵی 2001 لە ڕیزی کادیری هەواڵگرییە سەربازییەکانی پەکەکەدا جێی گرت. بە کۆدناوی “ڕامان ئامەد” دەناسرا. لە ساڵی 2004دا لەلایەن پەکەکەوە وەک شانەی نوستوو ڕەوانەی سلێمانی کرا، بەڵام پەکەکە وەکوو جیابوونەوە لە پەکەکە پیشانیدا.
پەکەکە فرات چەشمەی بۆ ئەوە هەناردە سلێمانی تاوەکوو پەیوەندیی بەو گرووپانەوە بکات و چالاکییان لەنێودا ئەنجام بدات. لەو سەردەمەدا پەکەکە بە هاوکاری کەسانی وەک فرات سەرکردەکانی پێشووی پەکەکە، بۆ نموونە “کانی یڵماز” و “کەمال سۆر”ی تیرۆر کردبوون.
ڕامان تا کۆتایی ساڵی 2006 کاری بۆ پەکەکە کرد، بەڵام دواتر لە وازی لە پەکەکە هێنا و دەستی بە بازرگانی کرد. دوای ئەوەی پەکەکە و یەنەکە پەیوەندییەکانیان چاککردەوە، دیسان پەکەکە پەیوەندیی لەگەڵ ڕامان دەستپێکردەوە. ڕامان دەستی بە هاوکاری لەگەڵ NLP و هەواڵگریی هێزە تایبەتەکانی پەکەکە و هەروەها چالاکیی بازرگانی و پۆستەبەرییشی کرد.
هاووڵاتیەک لە کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، ڕێکخراوی پەکەکە لە سلێمانی، کە ڕاوبۆچوونیمان لەسەر ئەو بابەتە پرسیبوو، بەو مەرجەی ناوی ئاشکرا نەکرێت، گوتی: “فرات گوێی بە کۆمەڵە و کادرە ناوچەییەکانی وەک کرێکارانی میزۆپۆتامیا و هتد… نەدەدا، چونکە لە ئاستی باڵادا لەگەڵ پەکەکە لە پەیوەندیدا بوو. جگە لە پەکەکە هیچ باکوورییەک ناتوانێت لە سلێمانی ئیقامە وەربگرێت، تەندەر بباتەوە و بازرگانی ئەنجام بدات. ئەگەر باکورییەک دوکانێک بکاتەوە و پەکەکە نەیهەوێت، ئاسایشی یەکێتی ئاگادار دەکەنەوە و دەستگیری دەکەن. فرات بەهۆی پەیوەندییەکەی لەگەڵ پەکەکەدا هەمیشە بازرگانی باشی دەکرد. ئەگەر خوێن لە لوتی کەسێکی باکووری بڕژایە، کۆمەڵەی کرێکارانی میزۆپۆتامیا ڕاگەیاندراوێکیان لەسەر بڵاو دەکردەوە، بەڵام کاتێک فرات کوژرا، تەنانەت پێیان نەگوتین بچین سەرەخۆشی بکەین”.
هاووڵاتییەکی دیکەی ئامەد کە هاوکات ئەندامی هەمان کۆمەڵەیە، سەبارەت بەو بابەتە گوتی: “پەکەکە فوراتی بەکارهێنا، ئیستغلالی کرد و دواتریش کوشتی. هەموومان دەزانین پەکەکە ئەو ڕووداوەی ئەنجامدا. بەڵام ڕێگای نەدا ئێمە لە سلێمانی سەرەخۆشی دابنێین. فراتیش وەکوو زەکی چەلەبی بێسەروشوێن کرا و کوژرا. پەکەکە بە ئامادە نیە بە ئاشکرا دان بەوەدا بنێت کە ئەوان ئەم جینایەتەیان ئەنجامداوە، چونکە تەواوی بنەماڵەی فرات لە ئامەد دەژین و هەموویان دەنگ بە “دەم پارتی” (DEM) دەدەن و بەشێکی زۆریان هێشتا چالاکی دەکەن. پەکەکە بۆ ئەوەی ئەو بنەمالانەی لێ نەتارێن، قود ڕاستییەکە ناڵێت. بەڵام ئەوان بوون کە ڕامانیان کوشت”.
هەروەها خزمێکی فرات چەشمە دەڵێ: “لەم دواییانەدا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان کادیرانی پەکەکە و فرات سەریهەڵدابوو و چەندین جار هەڕەشەی لێکرابوو، بەڵام کەسوکارەکەی و بنەماڵە نزیکەکانی داوایان لێکردبوو کە بێدەنگەی لێبکات و ڕێگا نەدات کێشەکە پەرەبستێنێت”.
میدیاکانی پەکەکە چییان گوت…
میدیاکانی پەکەکە کە پێشتر بۆ ئەو کادیرانی پەکەکە یان لایەنگرە مەدەنییەکانیان کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە سلێمانی کوژرابوون، قیامەتیان بەرپا دەکرد و ئیدانەیان دەکرد، لە کاتی کوژرانی فرات چەشمەدا تەنانەت یەک هەواڵیشیان بڵاو نەکردەوە. هەروەها لە دوای ڕووداوەکە، ماڵپەڕی “ڕۆژ نیوز”ی پەکەکە کەوا ناوەندەکەی لە شاری سلێمانیەیە، دوای 24 کاتژمێر هەواڵێکی لەژێر سەردێڕی “ئەو کەسەی کە هاووڵاتییەکی باکووری کوردستانی لە سلێمانی کوشتبوو، دەستگیر کراوە”، بڵاو کردەوە. ڕۆژ نیوز نووسی کە ئەو کەسە لەسەر داوای “میت” ئەو هاووڵاتیەی باکووری کوشتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە میدیای “شارپرێس” پاش چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ئەو هەواڵەی بڵاو کردۆتەوە.
شارپرێس دەزگایەکی میدیاییە و لە پەکەکەوە نزیکە و بە هاوبەشی لەگەڵ پەکەکە کاردەکات و هیچ هەواڵێک لەسەر فرات چەشمە لە ماڵپەڕی شارپرێسدا نییە. وادیارە کە پەکەکە لە ڕێگەی میدیاکانیەوە هەوڵ دەدات تێگەیشتنێکی وەها دروست بکات کە هیچ شک و گومانێک لەسەر پەکەکە نەمێنێتەوە. هەروەها یەکێتی زانیاری ناڕاستی بە بنەماڵەی ڕامان داوە و ڕووداوەکەی پەردەپۆش کردووە و کەسانی جیاوازی کردۆتە ئامانج.
فرات چەشمە (ڕامان) کە لەلایەن پەکەکەوە بۆ ئەنجامدانی چەند تیرۆرێک ئەرکدار کرابوو، بوو بە قوربانیی یارییە تاریکەکانی پەکەکە. بەڵام بەداخەوە هەرکەسێک پەیوەندی هەواڵگری و بازرگانی و هتد…ی لەگەڵ پەکەکەدا هەبێت، چارەنووسەکەی وەک ڕامان دەبێت. لە ڕووداوی زەکی چەلەبیدا بینرا کە چۆناوچۆن چەلبی لەلایەن پەکەکەوە کرا بە ئامانجی میت. پەکەکە بەهۆی پراگماتیستبوونیەوە، لەلایەکەوە ئەو کەسانەی دەوروبەری خۆی کە پەیوەندییان لەگەڵیدا هەیە، وەکوو ئامراز بەکاردەهێنێت و هاوکات لەلایەکی دیکەشەوە بەرگری لەو تاکانەی خۆی ناکات و نایانپارێزێت. جگە لەوەش کاتێک کێشە لە پەیوەندییەکانیاندا دروست دەبێت، پەکەکە لەبری ئەوەی وەفاداری پیشان بدات، پەلاماری کەسانی دەوروبەری دەدات.