لەسەر ناوەڕۆکی دیدارەکان لەگەڵ ئۆجەلاندا، کێ ڕاست دەکات؟

کەسانی وەک جەمیل بایک، مەزڵووم عەبدی، برازاکەی ئۆجەلان و هتد… ڕاستییەکان لەسەر ئەو کۆبوونەوانە ناڵێن و هیچ شتێک ئاشکرا ناکەن. هەقێقەتەکە ئەوەیە کە ئۆجەلان دیاریی کردووە.

لە ساڵی 1999 تا ڕۆژی ئەمڕۆ، کۆبوونەوەکانی نێوان ئۆجەلان-قەندیل و تورکیا هەمیشە بەردەوام بووە، بەڵام هەرکاتێک لایەنەکان ویستوویانە خەڵک ئاگاداری کۆبوونەوەکان بن، ئەوکات هەندێک لەو کۆبوونەوانەیان ئاشکرا کردووە. لە 24ی ئەیلولدا، کاتێک دەولەت باخچەلی گوتی: “با ئۆجەلان بێتە ناو پارلمانی تورکیا و قسە بکات”، لەو ڕۆژەوە تا ئێستا سێ کۆبوونەوە ئاشکرا کراون، بەڵام ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوانە بە شێوەیەکی سیستماتیک ئاشکرا نەکراون. هەموویان وەک ئەوەی کە خێر و سەدەقە بە خەڵک بکرێن، بڕکە بڕکە باسیان دەکرێت.

جەمیل بایک و بەسێ هۆزات هاوسەرۆکانی کەجەکە لە تەلەفزیۆن دەرکەوتن و ڕایانگەیاند، “تا ئێستا هیچ پەیامێکی نووسراو و زارەکیمان نە لە ڕێبەرەکەمان و نە دەوڵەتەوە پێنەگەیشتووە و ئێمەش هەر لە ڕێگای شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەین”. هەردوو هاوسەرۆکان کەجەکەش ڕاستییەکان ناڵێن، هەمووان دەزانن کە تولای حاتمۆغولاری، هاوسەرۆکی “دەم پارتی”، لە 24/12/2024 ڕۆیشتبووە سلێمانی و نامەیەکی لە ئۆجەلانەوە بۆ قەندیل بردبوو و وەڵامی نامەکەشی وەرگرتبۆوە و لەگەڵ خۆی بردبوویەوە بۆ ئەنقەرە.

زۆر سەیرە، ئەو کۆبوونەوانەی کە جەمیل باییک دەڵێ ئاگامان لێی نیە، مەزڵووم عەبدی ئاگای لێیانە. مەزڵووم عەبدی دوو جار لە میدیاکانی ئەورووپادا دەرکەوت و گوتی: “لە ڕێکەوتی 15ی شوباتدا، بەیاننامەی گرنگ لە ئیمرالییەوە دەدرێت، لێبوردنی گشتی بۆ ئەندامانی پەکەکە دەردەچێت”. بێگومان ئەگەر مەزڵووم عەبدی ئەمە بڵێت ئەوە مانای ئەوەیە کە هەموو بەرپرسانی پەکەکە ئاگاداری ناوەڕۆکی ئەو دیدارانە هەن، بەڵام لە چاوی خەڵک دەڕوانن و بە ئاشکرا درۆ دەکەن. مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان بەناوی “هانا ئارێنت” لە کتێبەکەیدا سەبارەت بە سیاسەت دەڵێت، “لە وڵاتێکدا کە بەردەوام درۆ دەوترێت، دەرئەنجامە خراپەکانی تەنها ئەوە نییە کە ئیدی خەڵک بڕوا بە درۆ دکات، بەڵکوو دەریەنجامە نەرێنییەکانی ئەوەیە کە کەشێک دروست دەبێت کەوا کەس باوەڕ بە هیچ شتێک نەکات”. لە کەشێکی وەهادا ئیدی هەر کەسێک دەتوانێت هەر شتێک بکات.

بەڵێ، لەماوەی 26 ساڵی ڕابردوودا لە سێکوچکەی “ئۆجەلان-دەوڵەتی تورک-پەکەکە”دا درۆ لەسەر درۆ تەحویلی گەلی کورد دەدرێت و دۆخێک هاتۆتە ئاراوە کە ئیتر کەس باوەڕی بە یەک لێدوان نییە و لەپشت دەرگا داخراوەکانەوە زۆر شتی جیاواز باس دەکرێن. کوردانی باکووری کوردستانیان هێناوەتە دۆخێک کە ئەوانەی کە پێشتر “دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەریی و فیدراڵیزم”یان دەویست، ئێستا دەڵێن هەر ئەم شەڕە کۆتایی پێبێت، ئیدی چۆن کۆتایی پێدێت کیشە نیە.

سری سورەییا ئۆندەر، کە وەک یەکێک لە ئەندامانی شاندی “دەم پارتی” چووەتە ئیمرالی، لە ڕێکەوتی 12/1/2025دا گوتی: ” لە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەکانماندا ئاڵا و هەبوونی دوو زمان [کوردی و تورکی] بوونی نییە، تەنیا ئاشتی هەیە”. باشە با ئێمە ئاڵا لەلایەک دابنێین، بەڵام باکوری کوردستان کە لە ماوەی 40 ساڵی ڕابردوودا 40 هەزار شەهیدی داوە، ئێستا ئۆجەلان تەنانەت داوای مافی زمانی کوردیشیان بۆ ناکات.

لەلایەکی دیکەوە “عومەر ئۆجەلان”ی برازای عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە تەلەفزیۆن دەرکەوت و بەبێ هیچ شەرم و شوورەییەک گوتی: “ئەگەر تورکیا خۆی بۆ چارەسەری ئامادە نەکات، زلهێزە نێودەوڵەتییەکان بەرنامەیەکیان بۆ سوریا و ئێران و عێراق هەیە و ڕەنگە لەو ناوچانە دەوڵەتێکی کوردی دابمەزرێت”. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئۆجەلان ئامۆژگاری دەوڵەتی تورک دەکات کە چۆن ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی بکات. ئەمە شتێک نیە کە ئێمە بیڵێین، بەڵکوو برازاکەی ئۆجەلان بۆخۆی ئەمە دەڵێت و و وەکوو ستایشێکیش دەیڵێت. بێگومان دەبوو شەرمی کردبا کە ئەم قسانە بڵێت، بەڵام وەک هانا ئارێنت دەڵێ: “بە درۆ خەڵکیان فریو داوە و بێ باوەڕیان کردوون، ئیدی دەتوانن بە هەموو جۆرە خیانەت و مامەلە لە دژی کورد بکەن و کەسیش ڕاستییەکان نابینێت”، تەنها شتێک کە بۆ خەڵک دەمێنێتەوە ئەوەیە کە بە شوێن درۆکانی ئەوان بکەون.

کەواتە کێ ڕاستییەکانی ئەم کۆبوونەوانە باس دەکات؟ تەنها عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕاستییەکان دەڵێ

کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی 1999 بە فڕۆکە گەڕێندرایەوە بۆ تورکیا، هەر لە ناو فڕۆکەکەدا گوتی: “من دەمهەوێت خزمەت بە دەوڵەتەکەی خۆم [تورکیا] بکەم”، دواتریش وتی “هۆکاری بوونی من بۆ ئەوەیە کە ڕێگری لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی بکەم، کە لە سیڤەر مەترسیدارتر دەبێت”. بەڵێ تەنها ئۆجەلان ڕاستییەکان دەڵێت و ئەرک و میسیۆنی سەرەکی خۆی ئاشکرا دەکات. هەر بۆیەش کەسانی وەک “جەمیل بایک، مەزڵووم عەبدی، برازاکەی ئۆجەلان و هتد…” ڕاستییەکان لەسەر ئەو کۆبوونەوانە ناڵێن و هیچ شتێک ئاشکرا ناکەن. هەقێقەتەکەی ئەوەیە کە ئۆجەلان دیاریی کردووە.

پوستێن ھەمان بەش