هەرکەسێک بیهەوێت هەنگاوێک بۆ کورد هەڵبگرێت، دەبێ ڕۆژێک لە دەرگای بارزانیەکان بدات

هەرکەسێک بیهەوێت هەنگاوێک بۆ کورد هەڵبگرێت، دەبێ ڕۆژێک لە دەرگای بارزانیەکان بدات

سیاسەتی پەدەکە بۆ هاوکاری و دیالۆگ لەگەڵ کوردان، بەرهەمی سیاسەتی کوردستانی و نەتەوەییە.

سەردانەکەی دەم پارتی بۆ هەولێر و ڕووداوەکانی کاتی سەردانەکە لە ڕۆژەڤی میدیاکاندا بوون. شاندەکە لەلایەن “سەرۆک بارزانی”یەوە بەگەرمی پێشوازیی لێکرا. لەلایەن “نێچیرڤان بارزانی”یەوە، بە ڤیانێکی گەورە پێشوازیی لێکرا و لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، دۆستانە گەڕان و ئەندامانی دەم پارتی لە قەڵای هەولێر چاییان خواردەوە و لەگەڵ خەڵک قسەیان کرد، پێدەکەنین و سوحبەتیان دەکرد. لە واقیعدا کورد لە دانوستانەکان و دیدارەکان زیاتر بەوە دڵخۆشن کە لایەنە کوردییەکان بە ڕێز و دۆستایەتییەوە پێشوازیان لە یەکتر کرد. کاردانەوەی هیواخوازانە و هەستیارانە و مرۆییانەی کوردان بۆ ئەم دیمەنانە، تەنیا هەڵوێستێکی عاتیفی نییە، بەڵکو هەڵوێستێکی ئایدیۆلۆژی و سیاسیی ڕاستەقینەیە کە کورد لەو قوڕی کۆلۆنیالیزمە ڕزگار دەکات کە تێیدا چەقیوە. ئەمەش پێی دەوترێت نەتەوەپەرستی. بەبێ جیاوازی پارت، هەرێم، شار و هتد… کورد حەزیان لە هەڵوێستێکی سیاسی یەکگرتوویە کە دەتوانێ نەتەوەی بندەست ڕزگار بکات، بەڵام بەداخەوە کورد وەکوو پێویست کاری بۆ ناکەن.

لەباتی ئەوەی کە کورد لە 30 ساڵی ڕابردوودا بە هەستی نەتەوەیی یەکتر لە ئامێز بگرن، ناوچەکان بوونەتە دوژمنی یەکتر و حیزب و سەرکردەکان وەک مەترسیدارتر لە دوژمن بۆ گەلی کورد وێنا کراون. ئەمە سیاسەتی پەکەکەیە. پەکەکە دوژمنی هەموو کوردە لە هەموو شوێنێک. ئەگەر چەند لایەنێک هەبن کە بتوانن بەجێی بهێڵن، کاتێک دەبنە دوژمنی ئەوانی تر، وەک هاوپەیمانی خۆیان دەیانبینن.

بەدران ئۆزتورک و کەسکین بایندەر لە هەولێر

حکوومەتی هەولێر نەک وەک شاندێک کە لە دەروازەی سنووری خابوورەوە هاتبن، بەڵکوو وەکوو برایەک کە ساڵانێک یەکتریان نەبینیبێت، پێشوازییان لێکردن. تا ئێستا هیچ ئەندامێکی دەم پارتی لە هیچ شوینێک، ئەوەندە ڕێز و حورمەتی بۆ دانەنراوە.

سەرەڕای ئەو سووکایەتیانەی کە بەشێک لە ئەندامانی شاندەکە بەرامبەر بە بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان کردیان، بەڵام بە ڕێزەوە پێشوازییان لێکرا. یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە، بەدران ئۆزتورک، لە مانگی ئەیلولی 2023 لەگەڵ ژنان لەسەر سنووری دەڤەری خابور هەڵمەتێکی دژ بە بارزانیەکان بەڕێوەبردبوو.

کەسکین بایندەر لە دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر بە پەدەکە ئەوەندە دوور کەوتبۆە کە بە “داگیرکردنی باشووری کوردستان” تۆمەتباری کردبوو.

ئەو دوو کەسە هەردووکیان لە کادیرەکانی پەکەکەن لە تورکیا. کەسکین بایندەر هێشتا لە تەمەنی منداڵیدا بوو کە زیندانی کراوە، چەند ساڵێک پێش ئێستا ئازاد کرا و لە ڕاستیدا نازانێت کە لە دونیادا شتێک هەیە لە دەرەوەی پەکەکە یان نا. کەسکین بایندەر دوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی هەم تووشی بیرکردنەوە هات و هەمیش دڵخۆش بوو. کاتێک بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی دەکرد، چەندین جار بە سەرنجڕاکێشیەوە دەیگوت “سەرۆک بارزانی” و لە کاتی گوتنەکەشیدا ڕووناکییەکی گەش لە چاوەکانیدا شەوقی دەدایەوە. ئەگەر فشارەکانی پەکەکەیان لەسەر نەبوایە نە کەسکین بایندەر و نە کەسی دیکە ئەوەندە دوژمنایەتی پارتی دیموکراتی کوردستانی نەدەکرد. لە کاتێکدا شاندەکە لە هەولێر بوو، بەشێک لە نووسەرانی پەکەکە ڕەخنەیان لە کەسکین بایندەر گرت لەسەر ئەوەی کە گوتبووی “سەرۆک بارزانی” و ئەویان بە “نائاگایی” تۆمەتبار کرد.

نازانین دواتر چی دەکەن. دەبینین وەک هاوڕێی ڕاستەقینە ڕەفتار دەکەن یان کاتی سەردان خۆیان بە دۆست پیشان دەدەن بەڵام کاتێک ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵی خۆیان، دیسانەوە دەست بە دوژمنایەتی دەکەنەوە.

سەرۆک بارزانی پیاوی دیالۆگ و وەفا و لێبووردنە

هەندێک کەس دەڵێن بۆچی پەدەکە قبووڵی کردن و پێشوازیی لێکردن؟ دەبوو ناوی کەسانی وەک بەردان ئۆزتورک و کەسکین بایندەر کە ڕاستەوخۆ سووکایەتییان کردبوو، لە لیستەکەدا لاببرایە. نەخێر، پەدەکە دەزانێ ئەوانە کێن، تەنانەت هەندێک شتی تریش دەزانێت کە خەڵک نایزانن. بەڵام هەروەک چۆن لە سروشتی پەکەکەدا دوژمنایەتی کردنی کورد وتێکۆشان لە دژی کوردستان بۆ بەدەستخستنی هەندێک بەرژەوەندیی هەیە، لە هەوێنی پەدەکەشدا “هاوپەیمانەتی کوردان، دیالۆگ، وەفا و لێبووردەیی” هەیە.

بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، وتەکانی ڕابەری نەمر مەلا مستەفا بارزانی، کە تیرێژ بە پەدەکە دەدات بنەڕەتین: “کوردی باش لەلایەن دوژمنەکانمانەوە دەکوژرێن، ئەگەر ئێمەش کوردە خراپەکان بکوژین، جیهان کوردی تێدا نامێنێتەوە”.

سەرۆک بارزانی چەندین جار لەسەر ئەم بابەتە قسەی کردووە. ئەو بە گوتنی “ئێمە هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک، بەڵام وەڵامی هەر کەسێک دەدەینەوە کە هێرش بکاتە سەرمان”، هەڵوێستی خۆی دیاریی کرد و هەمووکات گرینگیی بە دانوستان و هاوکاریی نێوان کوردان داوە. زۆر کەس، تەنانەت بەشێک لە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانیشدا دەیانگوت هێڵی سەرۆک بارزانی “لەلایەن هەندێکەوە دەقۆزرێتەوە”. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ئەگەر ئەمڕۆکە کورد یەکتر ناکوژن و تەقە لە یەکتر ناکەن و تەنانەت شاندی دەم پارتیش دەتوانن بڕۆنە هەولێر، لەبەرئەو هەڵویستە شەرافەتمەندانەیەی سەرۆک بارزانییە. ئەگەر ئەمڕۆکە کورد زیاتر لە ئاشتی و ئارامیدایە، لەبەر ئەوەیە کە سەرۆک بارزانی هەرگیز پردەکان بۆ دانوستان و گفتوگۆی نێوان کورد، ناڕووخینێت. ئەگەر بە پێی یاسای گەمەی پەکەکە، یارییەکە بکرایە، دەبووا خوێن بڕژابا.

پەدەکە لە ساڵی 1983ـەوە دەیان جار لە لایەن پەکەکەوە لە پشتەوە خەنجەری لێدراوە، بەڵام دیسانیش پەدەکە هەرگیز سەرچاوکەی دیالۆگ و دانوستانی وشک نەکرد.

هەرکەسێک بیهەوێت هەنگاوێک بۆ کورد هەڵبگرێت، دەبێ ڕۆژێک لە دەرگای بارزانیەکان بدات

جگە لە دژایەتیەکانی ساڵانی ڕابردوو، بەتایبەتی لە ساڵی 2014 بەملاوە، پەکەکە شەڕیکی گەورە وهەمەلایەنە لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان بەڕێوە دەبات. هێرشی پەکەکە بۆ سەر پەدەکە، کەوا درۆ و چەواشەکاری، سووکایەتی، گەلەکۆمە و پیلان و بێڕێزیکردن و لایەنی سەربازی و سیاسی و دەروونی و دیپلۆماتیکی لەخۆگرتبوو، زیانێکی زۆری بە کورد گەیاند. پەکەکە بە پاڵپشتیی هێزە ئیقلیمییەکان و بەشێک لە لۆبییە نێودەوڵەتییەکان، سیاسەتێکی وەهای گرتەپیش کە پارتی دیموکراتی کوردستان بچووک بکاتەوە و دەست بەسەر دەکەوتەکانی پەدەکەدا بگرێت. ئەم هەڵوێستە خیانەتکارانە و دوژمنکارانە لە شنگال و ڕۆژئاڤا و هەرێمی کوردستان بە ڕوونی دەبیندرێت. پەکەکە ساڵانێکە بە خەڵکەکەی دەڵێت “ئەمساڵ پەدەکە هەڵدەوەشیتەوە، لە ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێدێت” و بەم شێوەیەش هەمیشە ئومێدیان پێدەبەخشێت. هەروەها لایەنگرەکانیشی بڕوا بەوە دەکەن و پێیانوایە کە پەکەکە دەتوانێ پەدەکە هەڵبوەشێنێتەوە و لەناوی ببات.

بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە ساڵانی 1930 بەملاوە، بە سەدان زلهێز بە پێشەنگایەتی ئینگلیزەکان و هێزە ئیقلیمییەکانی وەک عێراق و ئێران و تورکیا و حیزبەکانی وەک یەنەکە و ئەل ـ قاعیدە، نەیانتوانیوە پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوببەن، پەکەکەش هەرگیز ناتوانێت ئەمە بکات.

خاڵی یەکەمی بەرنامەی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارادایمەکەی، خاکی کوردستان و ئازادی کوردانە. بارزانیەکان لە مێژە سنووری خێڵەکی و کۆنفیدرالیزمیان تێپەڕاندووە. بارزانیەتی بووەتە هەڵوێستێک کە لەگەڵ کوردایەتی و کوردستانیبووندا یەکدەگرێتەوە. هەر بۆیە لە ماوەی 100 ساڵی ڕابردوودا، کاتێک خەڵک کوردی وەبیر بێتەوە، بارزانیەکانی وەبیر دیتەوە. ئەمەش دەستکەوتێکی گەورە و گرینگە لە مێژووی کورددا. بۆیە هەرکەسێک بیهەوێت هەنگاوێک بەرەو مەسەلەی کورد هەڵبگرێت، لە کۆتاییدا دەبێ بروات و لە دەرگای بارزانییەکان بدات.

تەنانەت پارتێکی کەمالیستی وەک جەهەپە، کە نزیکبوونەوە لە گەڵ کوردی بە پێویست زانی، لە ساڵی 2021دا هاتە هەولێر و لەگەڵ بارزانییەکان کۆبووەوە. تەنانەت سڕی سورەییا ئۆندەریش، لەبەر ئەوەی کە ئاگاداری ڕاستییەکان بوو، لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لە پیرمام بە هەردوو دەستی خۆی، دەستی سەرۆک بارزانیی گرتبوو.

سیاسەتی پەکەکە لە دژایەتیکردنی بارزانیەکان، بەتایبەتی لەم دە ساڵەی دواییدا، لە بنەڕەتدا سیاسەتێکە دژ بە کوردستان. بەڵام سیاسەتی پەدەکە بۆ هاوکاری و دیالۆگ لەگەل کوردان لە هەموو هەلومەرجێکدا، بەرهەمی سیاسەتی کوردستانی و لە جەوهەری خۆیدا سیاسەتێکی میللی و نەتەوەییە.

پوستێن ھەمان بەش