بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا ئەرکی کورد نییە، بەر لە هەر شتێک پێویستە کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخات.
شەیخمۆس ئۆزەنگین
بێگومان تاقیکردنەوەی باش بۆ داهاتووی میللەتەکەمان زۆر گرنگە. ئەم گرنگییە ئەوەیە کە ئێمە خاوەندارێتی لە کارە چاک و سەرکەوتووەکانمان بکەین و لە هەڵەکانمان فێربین و بەشێوەیەکی زانستی چارەسەریان بکەین. هۆشیاری نەتەوەیی نەتەوەیەک لە ڕێگەی ئەم میتۆدانەوە دەهۆندرێتەوە. پێویستە ئەم هۆشیارییە بۆ ئاستێکی بەرزتر پەرەی پێبدرێت، ئاستێک کە وانەی مێژوویی لێوەربگیردرێت. بەداخەوە سەرکردایەتی نەتەوەی کورد لەم بوارەدا هەڵەی زۆر دەکات و لە ئاستی زانستیدا وانە لە هەلەکانی وەرناگرێت.
پێویستە سەرکردە و ڕێبەر و حیزبەکانی کوردستان دەبێ خۆیان لە “دیزاینکردن بەپێی دوژمن” ڕزگار بکەن. کاتێک خۆمان بە پێی هەوڵ و خواست و ستراتیژی دوژمنانمان دیزاین بکەین، ناتوانین سیاسەتێکی کوردەواری بنیات بنێین.
کاتێک دوژمنەکانمان لاواز دەبن، لەبری ئەوەی ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە، بە هانای دوژمنەکانمانەوە دەچین و بەر لە هەموو شتێک بە ئەرکی خۆمان دەزانین کە “ناو ماڵی دوژمن ڕێکبخەین”. دوای ئەوەی دوژمن لە گێژاو و قەیرانەکان ڕزگاری دەبێت، خۆی ڕێکدەخاتەوە و دیسان دەست بە بەڕبەڕییەتی خۆی دەکاتەوە.
ئەمریکا و بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان، دوای 10 ساڵ لە شەڕی کەنداو، لە ساڵی 2003 دەستوەردانیان لە عێراق کرد و ڕژێمی بەعسیان ڕووخاند. لە عێراق هەندێک لە دەوڵەت و هەندێک لە سوپا شکستیان هێناوە و ڕووخاون. سیستەمی دیکتاتۆری و بەربەری هەڵوەشاوە. ئەمەش ڕووداوێکی بەرچاو بوو و دەوڵەتێکی ڕووخاو لە دوای خۆی بەجێهێشت. لە ساڵی 1991 تا 2003 کورد لە بەشێک لە خاکی باشووری کوردستان ئازادییەکی دیفاکتۆی بەدەستهێنا و پەرلەمانی خۆیان دامەرزاند. لە کاتی ڕووخانی ڕژێمی عێراقدا بارودۆخی کورد لە عێراق باشتر بوو و دەرفەتی ناوخۆیی لەبار بۆ سەربەخۆیی زۆر بوو.
کورد ڕووی کردە بەغدا و ئەو دەرفەتانەی لەبەردەستیاندا بوو بۆ بنیاتنانی عێراق بەکاریانهێنا. لە دروستکردنی دەستوورێکی نوێی عێراقدا، کورد لەباتی ئەوەی کە ئەم دەرفەتە بۆ ئاستێکی بەرزی سەربەخۆیی بۆ خۆی بقۆزێتەوە؛ خاوەندارێتیکردن لە عێراق کرد و بنیاتنانی عێراق و بەهێزکردنی عێراقیان هەڵبژارد. بەڕای ئەوان “عێراقێکی بەهێز، بە واتای کوردستانێکی بەهێزە.”(!)
بەڵام ئەمە واقیعی عەرەب نەبوو. عێراقێکی بەهێز بە واتای کوردستانێکی لاواز بوو. ئەوان پێشەنگ بوون لە بنیاتنانی عێراقدا. دوای ئەوەی عەرەبەکان دەرفەتیان بۆ ڕەخسا، دەستدرێژییان کردە سەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد و هەوڵیان دا بە هەڕەشەی برسی کردن، گەلی کورد سزا بدەن! چونکە کورد لە دەستووری نوێی عێراقدا مادەیەکی جێنەخستبوو کە “ئەگەر عێراق دەستدرێژی بکاتە سەر مافەکانی کورد و دەستوور پێشێل بکات، کورد مافی خۆیەتی کە لە عێراق جودا ببێتەوە دەولەتی خۆی دابمەرزێنێت”، ئەمەش دەست و پێی کوردەکانی بەستەوە. لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ساڵی 2017دا، نەبوونی ماددەیەکی لەوشیوەیە، وەکوو بەربەستێک لە سەر رێگای کورد دەرکەوت.
لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر کوردستان. شنگال و مووسڵ و دەشتی نەینەوا کەوتنە دەستی داعش و تا کەرکووک داگیریان کرد. سوپای عێراق شەڕی نەکرد و شکستی هێنا. چەکەکانیان تەسلیمی داعش کرد و بە فەرمانی نوری مالیکی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات کشانەوە و تێکشکان. هیزی پێشمەرگەی کوردستان هەموو ئەم ناوچانەی ڕزگار کرد و بە هەزاران شەهیدی دا. کشانەوەی سوپای عێراق، ئامانجیکی هەبوو، پێیانوابوو دواجار کوردستان دەکەوێتە دەستی داعش و کورد دەستکەوتەکانی لەدەست دەدات. ئەمە پیلانێکی دوژمنکارانە بوو. بەڵام پێشمەرگەکانی کوردستان بە پاڵپشتی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان ڕێگرییان لەم پیلانە کرد و داعشیان تێکشکاند.
لە ساڵی 2017دا، ئەو دەوڵەتە داڕماوەی عێراق کە لەلایەن کوردەوە دامەزرابوو، جارێکی دیکە دەستووری فیدراڵی عێراقی پێشێل کرد و میتۆدی سەربازیی لە دژی کورد بەکارهێنا. لە شەڕی داعشدا، ئەو ناوچانەی بە پێی مادەی 140 چاوەڕێی ڕیفراندۆم بوون، کە بە خوێنی هەزاران شەهید ڕزگار کرابوون، جارێکی دیکە لەلایەن عێراقەوە داگیرکران. ئەم هەرێمە 40٪ خاکی کوردستان پێکدەهێنێت و بڕیار بوو لە ساڵی 2007دا ڕیفراندۆمی تێدا بەڕێوەچووبا، بەداخەوە ئەم ڕیفراندۆمە قەد ئەنجام نەدرا و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ عێراق لە ڕێگەی پلانەکانیەوە، دیمۆگرافیای ئەو ناوچانە دەگۆڕێت.
بوودجەی کوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و پشکی پڕچەککردنی هێزی پێشمەرگە، وەک چەک لەدژی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
ئەمڕۆ هەلێکی نوێ و پڕۆسەیەکی نوێ بۆ کورد لە باشووری ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە ئاراوە. دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆی سوریا، ڕژێمی بەعس لە سوریا ڕووخا. ئێستا 13 ساڵە هەرێمێک بە دیفاکتۆ لە دەستی کورددایە. لەگەڵ هاتنی داعش، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە ناوچەکە جێگیر بوون. هەروەها کورد هێزێکی سەربازی بەهێزی هەیە. ئەم هێزە سەربازییە دە هێندە لە هێزی سەربازیی سووریا بەهێزترە. بەداخەوە کورد دەیهەوێت هەمان ئەو هەڵانەی کە لە عێراق کردوویانە، لە سووریاش دووبارەیان بکاتەوە.
ئەو کوردانەی ئەم دەسەڵاتەیان بەدەستەوەیە دەیانهەوێت “ئاڵای سوریا هەڵبگرن و بچنە دیمەشق” (!) ئەمە مەترسییەکی گەورەیە. لەبری ئەوەی ئەم دەرفەتە بۆ خۆیان بەکاربهێنن، دەیانهەوێت بیخەنە خزمەتی دیمەشق، ئەمە ماڵوێرانییە.
بنیاتنانی دەوڵەتی سووریا ئەرکی کورد نییە. بەر لە هەر شتێک پێویستە کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخات، پێکەوە کار بکەن و ڕێککەوتن بکەن و چ لە پێناو باشووری ڕۆژئاوای کوردستان و چ بۆ تەعامول لەگەڵ سووریا چۆناوچۆن دەتوانن یەکدەنگ و یەکگرتوو بن.