هەروەک چۆن ماوەی 45 ساڵە کردار و ڕووداوەکانی زیندانی دیاربەکر لەبیر ناکرێن، بۆ دوو سێ نەوەیش ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە نابینرێت و نازانرێت کە ئامانج لە دامەزراندنی چ بووە.
چالاکیی ناڕێکخراو و کارکردنی هەرکە بۆخۆی، یەکێک لە کلتوورەکانی ناو زیندان بوو کە داگیرکەرانی ئێمە ئەمڕۆکە بەرهەمەکەی دەچننەوە. چوونکە داگیرکەران بە باشی دەزانن کە ئاسانترین ڕێگا بۆ شکستپێهێنانی خەبات و سەرهەڵدان و بەرخۆدانی هەر وڵاتێکی کۆڵۆنی، ئەوەیە کە لە چالاکیی بەکۆمەڵ و کاری ڕێکخراوەیی دووریان بخەنەوە.
هەر لەبەر ئەمەش بوو کە لە زینداندا، بە زەبری هێز زیندانییەکانیان ناچار کرد کە ئەو کلتوورە قبووڵ بکەن. بەڵام هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکوو ئەو کولتوورەی کە بە زۆر لە زینداندا سەپاندبوویان، لە دەرەوەش، واتە پاڵەوانەکانی ئەو زیندانە، دوای هاتنەدەرەوەیان لە زیندانیش، ئەو کولتووری ناڕێکخراوبوونەیان کردە قەڵغانێک بۆخۆیان.
لە هەموو کاروبارەکانیاندا، لە جموجۆڵ و هەستان و دانیشتنەکانیاندا، ئەو کلتوورەی کە بە زۆر بەسەریاندا سەپێنرابوو، ئیدی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی واتە لەسەر داخوازی هەندێک لەو قارەمانانەی ناو زیندان جێبەجێ دەکرا. بە بڕوای من ئەمەش سەرکەوتنێک بوو کە داگیرکەران بەدەستیان هێنا.
سەرنج بدەن ئەو کەسانەی کە لەو زیندانەدا بەرەنگاری ئەو هەموو ستەم و دژوارییە بوونەوە، بەپێی هێز و مەرج سەریان نەوی نەکرد، ئەو سەرۆک و ڕێبەرە قارەمانانەی حیزبەکانی کوردستانییەکان، بەشێکیان دوای ئازادبوونیان لە زیندان، بە شێوەیەکی نافەرمی بوون بە دوژمنی کاری تەشکیلاتی و ڕێکخراوەیی.
با کەمێک ڕوونتر باسی بکەم تا پێکەوە لەو دۆخە تێبگەین. ئەمە خۆی لە خۆیدا دۆخێکی دڵتەزێنە کە لە مێشکی بەشێک لە سەرکردە کوردەکان و ڕێبەرانی حیزبە کوردستانییەکان کە لەو زیندانەدا بوون، ڕەگی داکوتاوە.
ئەگەر ئاوڕێک لە دۆخی ئێستای کۆمەڵگاکەمان و دۆخی نالەباری ئەو زیندانیانە بدەینەوە، دەبینین کۆمەڵگاکەمان تێکچووە. ئەم شکستە بە ویستی دەوڵەت و لەسەر دەستی پەکەکە پێکهات و بەڕێوە دەچێت. بەداخەوە بەشێک لە کوردەکانیش هاوکاریی ئەم پڕۆژەیە دەکەن.
سەیری بارودۆخی ئەمڕۆکەی حیزبەکانی باکووری کوردستان بکەن. دەبینن کە زۆربەی ئەو کەسە قارەمان و سەرکردە و ڕێبەرانی حزبە کوردستانییەکان کەوا لە زیندان ئازاد بوون، یان لە ماڵی خۆیان دانیشتوون و بێدەنگن یانیش هارکامەیان بە تاقی تەنها خۆیان چالاکی دەکەن.
وەک دەزانرێت بزووتنەوە شەخسییەکان (تاکەکەسییەکان) ناتوانن وڵاتێک ئازاد بکەن. بۆیە لە زینداندا ئەو کلتووری ناڕێکخراوبوونەیان لە مێشکی زۆرێک لە قارەمانەکانی ئەو زیندانەدا جێگیر کرد. لەخۆیدا کورد فێری ئەوە بووە کە کاتێک بە زەبری هێز شتێکیان بەسەریدا دەسەپێنرێ، دواجار ئەوان بە ویستی خۆیان بەسەر خۆیاندیدا دەسەپێنن.
بەگوێرەی ئەمەش ئەو کلتووری ناڕیکخراوبوونەی کە کاربەدەستانی زیندانی دیاربەکر بە زەبری هێز و بە بەرنامەوە بەسەر زیندانییەکانیاندا سەپاندبوو، هەزار جار بەداخەوە کە ئەمڕۆکە ئەو کەسانەی کە سەریان بۆ دوژمن نەوی نەکردبوو، هەنووکە لە دەرەوەی چالاکیی ڕێکخراوەیی، هەندێک کاری رۆشنبیری، نووسین و سیاسی ئەنجام دەدەن و خۆیان لە چالاکیی ڕێکخراوەیی و تەشکیلاتی بەدوور دەگرن. ئەم چالاکییە تاکەکەسیانە و کارکردنەی هەرکەبۆخۆی کارەساتێکە.
ئەو فیداکار و جوامێرانە، هێشتا فێر نەبوون واز لەو کولتوورە بهێنن کە لە زینداندا بە زۆر بەسەریاندا سەپێندرابوو. یان ئەوە بە حەز و کەیفی ئەوانیشە کە ئیدی کار و چالاکیی ڕێکخراوەیی نەکەن. بێگومان ئەمە خۆی لە خۆیدا کارەساتێکی گەورەیە و خەسارێکی بێئەندازەیە.
دیارە پەکەکە چالاکییەکانی خۆی و ڕێکخستنی خۆی، لە کولتوری ئەو زیندانە وەرگرتووە و زۆر بە باشی ئەم کارەی کردووە و درێژەشی پێدەدات. چی دەکات؟ پەکەکە کار بۆ نەهێشتن و بێدەنگکردنی هەر ڕێکخراوێکی نیشتمانپەروەر دەکات و ئەم کارەی هەر لە ڕۆژی یەکەمەوە دەستپێکردووە و هەنووکەش لێی بەردەوامە. چ بە کوشتن و لە مەیدان وەدرەنان بێت یان بە بێدەنگ کردنیان، تا ئێستاش لەم کارەی بەردەوامە.
سەرەتا بە کوشتنی نیشتمانپەروەرانی کورد و مەلا و ئاغا کوردپەروەرەکان دەستیان پێکرد و هێشتا هەر بەردەوامن. هەر بەوەشەوە نەوەستاون، لە مانیفێستی دامەزراندنی خۆیاندا نووسیویانە: “ئەو ئاغا و بزاڤ و حزبانەی دژایەتی شۆڕش دەکەن، دەبێت لەناوببرێن”. لە بنەڕەتدا مەبەستیان ئەوانە بوو کە دژی کۆماری تورکیا بوون، بەڵام بەشێک لە کوردەکان لەوە تێنەگەیشتن. هەر وەهاشیان کرد.
شەڕی ئاغا، هۆز و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکانیان کرد. بە شەڕکردن لە پێناو بەرژەوەندی داگیرکەراندا، بەشێکیان کوشتن و بەشێکیشیان ڕزگاریان بوو. هەوڵیاندا ئەوانەش کە ڕزگاریان بووە، بکەنە پیاوی دەوڵەت و وایان لێبکەن کە هاوکاریی دەوڵەتی تورک بکەن. ئەگەر سەیری مێژوو بکەین، ئەمە پێشتر ڕوویداوە. لە زیندانیشدا هەڕەشە و لێدانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی زۆرێک لە زیندانییەکان بکەنە سیخوڕ و خزمەتکاری خۆیان.
پاشان پەکەکە کە دەوڵەت دایمەزراندبوو و پەروەردەی خۆی لەو زیندانەوە وەرگرتبوو، گەڕایەوە بۆ ئەنجامدانی شەڕێک کە گوایە بۆ دەربازکردنی کوردستان دەکرێت و کردیان. (دەربازبوونیان بە مانای ئازادی بەکارنەهێنا) لە واقیعدا کوردستانیان ڕزگار نەکرد، بەڵکو دەربازیان کرد. لەسەر ئەو شەڕە لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕێککەوتبوون و کوردستان چۆڵ کرا.
لە سایەی شەڕی خەلاسبوونی کوردستان بە هاوکاریی دەوڵەت، پەکەکە کرایە بەهێزترین و گەورەترین هێز. بۆ ئەوەی کە ئیدی تاک و حیزب و بزووتنەوە نیشتمانپەروەرەکان دەنگیان هەڵنەبڕن، ئەوانیش بەم شتە گەیشتن و پەکەکەیان کردە یەکەم حیزب لە باکوری کوردستان. ترس و خەوفی پەکەکە بە کوشتنی نیشتمانپەروەران کەوتو ناو کوردان و ئیدی هەمووان حسابیان بۆ دەکرد. واتە ئیدی دەترسان کە لەوبارەوە هیچ شتێک بڵێن.
لە سایەی ئەو ترس و تۆقاندنەوە، پەکەکە هەموو شتێکی باکووری کوردستانی کۆنترۆڵکرد. لە زینداندا بە لێدان و ئەشکەنجەدان و سزای توند مامەڵەیان لەگەڵ زیندانییەکان و بنەماڵەکانیان دەکرد و جگە لە هەندێ ئیستیسنا، هەموویان کۆنترۆڵکرد. ئیدی ئەوێ بوو بە شوێنی ئەشکەنجەدان و تەسلیمکردنی زیندانییەکان…
دوای شەڕی گڵاوی پەکەکە، ئەوان بە هێزی خۆیان و بەو هۆکارەوە دەستیان بە شەڕی دەربازکردنی کوردستان کرد و هەموو شتێکیان وەکوو خۆیان لێکرد. زۆر قارەمانیان لە نێو خۆیاندا کوشت، زۆرێکیان بێ شەخسییەت کرد، ئاگریان لە کوردستان بەردا بۆ ئەوەی چۆڵ ببێت. ئەگەرچی بەتەواویش نەبێت، بەڵام بەشێکی بەرچاو لە ویست و داخوازیی داگیرکەرانیان جێبەجێ کرد.
هەروەک چۆن ماوەی 45 ساڵە کردار و ڕووداوەکانی ئەو زیندانە لەبیر ناکرێن، بۆ دوو سێ نەوەیش ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکە نابینرێت و نازانرێت کە ئامانج لە دامەزراندنی چ بووە.